چەند پێشنیازێک بەبۆنەی ڕۆژی جیهانی کتێبەوە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

كۆنفۆشیۆس- شاعیر و عارفی گەورە دەڵێت: “مەحاڵە كتێب بكەیتەوە و شتێك فێرنەبیت”. ڕەنگە ئەم وتەیە بەس بێت بۆ ئەوەی هەر دوای خوێندنەوەی ئەم دێڕانە دەست بەرین بۆ نزیکترین کتێب و دەست بکەین بە خوێندنەوە، ئەمەش لەپێناو ئەوەدایە کە شتێک فێر بین. مرۆڤ بوونەوەرێکە حەزێکی زۆری بۆ فێربوون هەیە و بەدەر لەو حەزەش زۆرجار ناچارە فێربێت، چونکە ژیان بەبێ فێربوون (هەڵبەت بەشێوە گشتییەکەی) مەحاڵە بڕواتە ڕێوە. ئیدی ئەو فێربوونە لە هەر بوارێکدا بێت. مرۆڤ لەوکاتەوەی ئەشکەوتنیشن بووە هەوڵی فێربوونی داوە و هەموو پێشکەوتن و شارستانییەتێکیش هەر بەرهەمی فێربوونە. کەواتە ڕێگایەکی دیکەمان نییە جگە لە فێربوون و ڕێگە ئاسان و سەرەکییەکەی فێربوونیش وەکو کۆنفۆشیۆس بۆی دیاریکردوون کتێبە.

گەلێک وتە و پێداهەڵدان بە کتێبدا وتراوە، بەڵام هەمیشە ئەو وتەیەی بۆرخیسم دێتەوە بیر کە دەڵێت: دەشێ بەهەشت لە شێوەی کتێبخانەدا بێت. لە جێگەیەکی دیکەشدا دەڵێت: “شانازی بەو كتێبانەوە ناكەم نووسیومە، بەڵكو شانازی بەو كتێبانەوە ئەكەم كە خوێندومەتەوە.” ئەم چەند وتەیە تەنها یادهێنانەوەیەکی بچووکە بۆ گرنگی کتێب و پێگەکەی لە ژیانی مرۆڤدا هەر بۆیە ڕێکخراوی یونسکۆ رۆژێکی تایبەتی بۆ تەرخان کردووە.
ڕێکخراوی یونسکۆ، وەکو ڕێزلێنانێک لە گرنگیی کتێب و مافی نووسەران، ڕۆژی 23ی نیسانی هەموو ساڵێکی وەکو ڕۆژی جیهانیی کتێب دیاری کرد. دیاریکردنی ئەمڕۆژە کە ڕۆژی لە دایکبوونی گەلێک لە گەورە نووسەرانە دەشێ لای ئێمە ببێتە دەرفەتێک تا بیر لە کتێب و پێگە گرنگ و مەعنەوییەکەی بکەینەوە. بیر لەوە بکەینەوە لەم سەردەمی بە دیجیتاڵبوونەدا گەڕانەوە بۆ لای کتێب گەڕانەوەیەکی بە بەرهەمە، چونکە کتێب سەرچاوە بنەڕەتەکەی دەستگەیشتنە بە مەعریفە.
ئەم رۆژە جیهانییە بە دەرفەت دەزانم تا چەند پێشنیازێک بۆ خەمخۆرانی کتێب و لایەنە پەیوەندیدارەکان بخەمەڕوو و بەتایبەتیش هەرسێ وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و ڕۆشنبیریی. ئەوەی وا دەکات کۆمەڵگەیەک ببێتە دۆستی کتێب و گەشەی مەعریفی ساڵ لە دوای ساڵ بەرەو سەرەوە بڕوات ڕەخساندنی دەرفەت و ئاسانکارییە بۆ خوێنەران، کە ئەم ئاسانکارییانە بەجۆرێک بێت لە هەموو جێگەیەک کتێب هەبێت و لە هەموو دەرفەتێکدا بەتاک بوترێک کتێب سەرچاوە بنەڕەتەکەی مەریفەیە و بەبێ کتێب ناتوانێ پێشبکەویت. پێشنیازەکانم ئەمانەن:
یەکەم: گرنگی زیاتر بدرێت بە دەستەبەرکردنی سەرچاوەی نوێ و زانستی بۆ کتیبخانە گشتییەکان و زیادکردنی ژمارەی کتیبەخانە گشتییەکان و چالاککردنیان. نەک سیخناخکردنی کتێبەخانە گشتییەکان بە کارمەندگەلێک کە ئاگاداری دونیای کتێب و مەعریفە نەبن.
دووەم: کردنەوەی کتێبخانە لە هەموو شوێنە گشتییەکان بەتایبەت لە فرۆکەخانە و هۆتێل و کافتریا گەورەکان و پرۆژە گەورەکانی نیشتەجێبوون. واتە هەموو پرۆژە گەورەکانی نیشتەجێبوون وەکو جۆرێک لە مەرجی مۆڵەتپێدان کتێبخانەیەکی بچووک/مامناوەندی تێدا بکرێتەوە.
سێیەم: پەرەپێدان بە کتێبخانەی قوتابخانەکان و کردنەوەی کتێبخانە بۆ ئەو قوتابخانانەی تا ئێستا کتێبخانەیان نییە. ئەم کتێبخانانە بە جۆرێک بن، کە لە وەرزی هاوینیشدا بتوانرێت لەلایەن خوێندکاران و دانیشتوانی ئەو گەڕەکانەوەی لێوەی نزیکن سوودی لێ وەربگیرێت، واتە تەنها کتێبخانەی تایبەت نەبن بە قوتابخانەکە.
چوارەم: کردنەوەی کتیبخانەی بچووک لە تەرمیناڵی شارەکان، کە گرنگی تایبەتی دەبێت بۆ ئەو شۆفێر و موسافیرانەی لەو تەرمیناڵەدا چەند کاتژمێرێک چاوەڕوان دەکەن.
پێنجەم: کردنەوەی کتێبخانە لە سەرجەم بەشە ناوخۆییەکان، کە تا ئیستا کتێبخانەیان تێدا نییە و یەکەم هەوڵ لە بەشەناوخۆیی زانکۆی سلێمانی لە سلێمانی دەستی پێکردووە و لەم هەفتەیەدا بە سەدان سەرچاوەوە دەکرێتەوە. پێویستە ئەمە ببێتە دەرفەتێک بۆ ئەوەی کتێبخانە لە سەرجەم بەشەناوخۆییەکانی دیکەشدا بکرێتەوە.