پێنچ مرواری بۆ گەردانەی مانگ

-١-

ئاسمان بە کڕێوەوە

دوا هەناسەی سپی بە تەمتومان سپارد..

زەوی دەست و پەنجەی تەزیوە 

نازانێ چۆن شین بگێڕێ..

نە جێژوان نە دیداری یاران

دوا نامەکانی مانگەشەویش

سڕەبای ئەو ئێوارەیە رفاندی..

-٢-

هەروەکو قەقنەس

لە دووریتا جەستە گڕدەگرێ

دەسووتێ و

هەڵدەقرچێ..

لە دیدەنیشتا

رۆح بێ ئۆقرە

باڵەفڕەیەتی و

بە بەژنی جوانیتا

هەڵدەزنێ..

-٣-

لەو دیو تریفەی مانگەشەودا

خەیاڵ هەروەکو خەونێک

بۆ دوا دیدەنیت

دەمباتەوە..

بەڵام

تا دێ شەوەزەنگ تارتر دەبێ

تارای لێکدابڕان 

بەسەر رووخسارت دادەداتەوە..

-٤-

گومان دەکەم لە مانگ 

لە تریفەی مانگەشەوا 

لە نامەکانی کزەبا..

گومان ئەمشەو بۆتە پەتێک 

لە گەردەنی من و مانگدا 

ئاڵاوە..

گومان پەرداخێک ژەهرە وا بە دەست نامەبەر چۆڕاوە..

-٥-

هەناسەی مانگ

بۆنی خوێنی لێ دەتکێ

دەڵێی شمشێری برووسکە لەتی کردووە

ئەستێرەیەک لە تاوا هەڵدەلەرزێ

نازانێ 

کام لەتیان بەسەر لەپی قەدەر بنێژێ..