فەرھاد شاکەلی شاعیر و ئەکادیمیکار و نووسەرێکی کوردە، ساڵی ١٩٥١ لەباشووری کوردستان، ناوچەی گەرمیان، لە دایک بووە
. شاکەلی یەکێکە لەو شاعیرانەی کە شیعری کوردییان لە ١٩٧٠دا تازە کردەوە و بزووتنەوەیەکی گەورەی نوێخوازییان ھێنایە ناو ئەدەبی کوردییەوە. فەرھاد شاکەلی خوێندنی دواناوەندیی لە شاری کفری تەواو کردووە و لە سەرەتای حەفتاکاندا لە زانکۆی بەغدا، بەشی زمانی کوردی خوێندوویەتی. ساڵی ١٩٧٤-١٩٧٥ چووە ڕێزی شۆڕشی کوردستانەوە و بوو بە پێشمەرگە و دوای ھەرەسھێنانی شۆڕش ماوەیەک خەباتی نھێنیی کرد و پاشان لە ڕێگەی بیابانەوە ڕووی کردە سووریا و ماوەیەک خەریکی کاری سیاسی و پێشمەرگایەتی بوو. لە ھاوینی ١٩٧٧دا بە یەکجاری وازی لە کاری سیاسی ھێنا و ڕووی کردە ئەوروپا. شاکەلی دوای خوێندنی زمان و ئەدەبی ئینگلیزی، زمانانی نۆرد، زمانە کۆن و تازەکانی ئێران، وەک مامۆستای زمان و ئەدەبی کوردی لە زاانستگەی ئوپسالا، سوێد، دەستی بە کار کرد و ھەتا ئێستایش لەو زانستگەیە کار دەکات. فەرھاد شاکەلی تا ئێستا نزیکەی ٣٠ کتێبی چاپ کردوون کە بەشێکی زۆریان دیوانی شیعرە، ئەوانی دیکەیش لێکۆڵینەوەی ئەکادێمی، کورتە چیرۆک، وەرگێڕان لە سوێدی و ئینگلیزییەوە و وتاری فکری و فەلسەفین. لە ساڵانی ١٩٨٥-١٩٩٦دا گۆڤاری (مامۆستای کورد) بڵاو کردەوە، کە گۆڤارێکی فەرھەنگی و فکری بوو، سەرجەم ٣١ ژمارەی لێ دەرچوو. ھاوکاتیش ، ١٩٨٥-١٩٨٨، بە زمانی سوێدی گۆڤاری Svensk-kurdish journalی بڵاو کردەوە. فەرھاد شاکەلی ئەمڕۆ شاعیر، ئەکادێمی و زمانەوانێکی ناسراوی کوردستانە و بە شێوەیەکی چالاکانە لە ژیانی فەرھەنگیی کوردستاندا بەشداری دەکات
.
ماڵپەڕێک بۆ بەرهەم و نووسین و بڵاوکراوەکانی فەرهاد شاکەلی
چەند دۆستێکی مامۆستا فەرهاد شاکەلی، کە خولیای وشە و زمان و ئەدەب و فەرهەنگی کوردین، ماڵپەڕێکیان بۆ بەرهەم و نووسین و بڵاوکراوەکانی ئەو زمانەوانە پایەبەرزەی هەرێمی کوردستان ڕێک خستووە بۆ خەڵکی تامەزرۆی زمان و وێژەی کوردی.
لەو ماڵپەڕەدا بەشی هەرە زۆری کتێب، وتار، وەرگێڕان، ڕانان، دیدار و بەرهەمەکانی مامۆستا شاکەلی خراونەتە بەر دەست. ماڵپەڕەکە خەرمانەی وێنەیشی لێ دانراوە؛ وێنەی مامۆستا فەرهاد لەگەڵ هاوڕێ و دۆست و ئاشناکانیدا. سەرەڕای ئەوانە کۆمەڵە نامەیەکی ئاڵوگۆڕکراویشی لێ دانراوە کە مامۆستا ناردوویەتی و بۆی هاتووە و، ناونیشانی ماڵپەڕەکەش ئەمەیە
https://shakely.chyadost.net/.