له‌ چاوەڕوانیەکی جواندا

ئازادپێنجوێنی

من لەبەردەم چێشتخانەکە چاوەڕێی دەکەم، ئاراستەی چاوم لەسەری کۆڵانەکە بۆ ڕاستە شەقامەکەیە. بڕیاروایە ئەم نیوەڕۆیە پێکەوە شتێک بخۆین.
چاوم دەکەوێتە سەر پرتەقاڵ و لالەنگی و تەماتەو خەیارو سەوزەی هەمەجۆری سەرئەو چەند عەرەبانەیەی کە لەکۆتایی کۆڵانەکە وەستاون. باڵەخانەیەکی بەرز لەکۆتایی کۆڵانەکە سەرسوچێکی دروست کردوە. تەکسی وعەرەبانەکان لەوێدا وەستاون ، بۆشاییەکی بەینی دیواری باڵەخانەکە و عەمودێک به‌ جۆریكه‌ كه‌وا کەسێک دەتوانێ لێی بێتە نێو کۆڵانەکەوە .
چەندە جوانە لەهەر چرکەیەکدا چەند گەڵایەکی پایزی لەدارەکان دەکەونە
خوارەوە ، بەخێرایی چاوم دەچێتە سەریان کە چۆن بەهێمنی دەکەونە سەرزەویەکە. چەشنی خاتونی نازدار کە چۆن بەهێمنی بەنیازە بەرەولای من هەنگاوبنێت.
من بینینم بۆهاتنی ئەو تنها بۆ ئەو سەرسوچەیە. ئیدی نامەوێ بزانم لەو کۆڵان و شەقامە سەرەکیەدا چی دەگوزنەرێ، کێ دەڕوا و، کێ دێت. ئاخر من لەچاوەڕوانی کەسێکدام بڕیار وایە ژیانم بۆ بێنێ تنها خەیاڵم بۆ ئەو کۆکردۆتەوە ته‌نانه‌ت لەوناوە هەرچی ڕووبدات من لێی بێ ئاگام و ناشمەوێ ئاگادار بم. ئەوەتا خۆشم چاوەڕێ دەکەم ژیانم بۆبێنن. کەواتە هەرچیەک ڕووبدات منی تێدانیم .چونکە لە ئێستادا لەژیاندا نیم ، بەجانتا جوانە بزگبێجیەکەی سەرشانیەوە زۆر بەویقارەوە دەرکەوت،جلێکی پەمەیی جوانی پۆشیبو ، لەڕاستیدا لەچاوەڕوانیەکی زۆری، بەتاسەوەی بینینیبوم.کاتێکیش کە دەرکەوت بەدەستە ناسکەکانی عەینەکەکەی سەر چاوە جوانەکانی لابردو جوڵەی پێ دەکرد و مەسافەی چاوەڕوانی منو ئەوی نازدار سەد هەنگاوێک دەبوو. بەڵام بەسیفەتی ئەوەی هەر خۆی لەسروشتەوە چاوەکانی گەورەن و پەرچوئاسا تیشکێکی لەسەروو تیشکی ڕووناکی تێدایە، بەجوانی چاوەکانیم بینی.هەڵبەتە بۆمن بینینێکی ئاسایی نەبوو. بەڵکو تەواوی ئەندامەکانی لەشم ئامادەبوون بۆ چاوەڕوانی هاتنی بەڕێزیان. ئەوە بەرگە پەمەییەکەی بەریشی لەولاوە بوەستێ کە لەگەڵ ڕوخسارە سپیە بەرقئاساکەی ئەوەندەی تر ئارامی پێدەدام و تەواوی بونم هەستی بۆ بینینی گوڵە ئەرخەوان دەچوو، ئاخر تنها خۆیانن کەتوانیویانە ببنە گوڵشەن. هەرئەوەشە کە من خودا پێداوم و ئەوی پێشکەش بەمن
کردوە ،لەوقامەتی ڕۆیشتنەی ئاسک ئاسا کاتێک کە بەهێوری دەچێ لەسەر ڕووبارێک تینویەتی دەشکێنێ . خاتون ئاوا بەکۆڵانەکەدا هات نەرم ونیان ڕێکپۆش، ڕێکردنێکی جوان، دەنگی پێی لە دەنگی قەسیدە شیعریەکەی دەنگی پێی ئاوی سوهراب ده‌چوو. ئەوەندە نەرم پێی لەسەرزەویەکە دادەنا کەمنی بینی گەشایەوە و زەردەخەنەیەکی ناو دڵی هێنایە دەرەوە و سپاردی بەڕوخسارە جوانەکەی، تامن بیبینم و بیسەلمێنێ بۆمن کە من بەجوانی دەبینێ و خۆشحاڵە بەهاتنی. بو‌لام بەلەنجەوە هێواش هێواش هەنگاوی دەبڕی، ئەسەف نەگەیشتە لام .چونکە سەیارەیەکی بارهەڵگر هاتە کۆڵانەکەوە و لەبینینی یەکتری دایبڕین من بەرەو پیری چومە پشتی سەیارەکەوە، خانمی پەمەیی پۆش بەرەو لای من هەنگاوی نا و کۆتا هەنگاو کە گەیشتە من لەگەڵ سڵاوکردنەکەیدا دەستی خستە ناو دەستم شتێکی پێشکەش کردم،کەسەیری دەستم کرد ئومێدی تێدابوو و زۆر دڵخۆش بووم. بەڵام دڵخۆشیەکەم زۆری نەخایاند. سەرم هەڵبڕی دیارنەمابوو بەدەوروپشتی سەیارەکەدا و کۆڵانو ناو چێشتخانەکە گەڕام ته‌نانه‌ت چومە ناوەڕاستی شەقامەکە، ده‌میكی چاك ئە مسەروئەوسەریم ڕوانی نەمدی. دەنگی هۆڕینی چەند سەیارەیەک ڕایچڵەکاندم کەبۆچی ناوەڕاستی شەقامەکەم گرتوە. بەخێرای چومەوە بەردەم چێشتخانەکە ئیدی بۆم دەرکەوت ئەو دیدەنیەی منو ئەو لەوکاتەدابوە کە هێشتا نەهاتوە بۆلام. هەمیشە چاوەڕوانی ئەوم تا بەڵکو بێت ته‌نانه‌ت گەرشەویشم بەسەردا بێت بێ ئومێد نابم. هەڵبەتە ئەو ئومێدەی کە لەناو دەستم دایناوە و هەناسەی پێ دەدەم هی خۆیانە و دەیدا بەمن تاکو نەیەت ئەمانە هیچی نابنە واقع بەڵکو هەموی خەیاڵێکی ئەفسوناویە.
من لەو خەیاڵەی هاتنی ئەودا مابوومەوە کەچی هەرخۆی لەو خەیاڵەی دایبڕیم، سەرم بەرزکردەوە ڕێک لەبەردەممدا وەستابوو بەکەمێک شڵەژانەوە.
سەیرێکی ڕوخسارە جوانەکەیم کردو زەردەخەنەیەکم بۆکرد:
ـ هاتیت ئازیز ؟
بەدەنگێکی هێمنانە بەمنی وت:
ـ ببورە دواکەوتم دەمێکە چاوەڕوانیت ؟
منیش وام پێگوت:
ـ لەوکاتەوەی ناسیومیت چاوەڕوانتم.
ـ دوای زەردەخەنەیەک عەینەکەکەی سەرچاوی لابرد:
ـ ئەی هەمو جارێک نایەم بۆلات نامبینی ؟
ویستم وەڵامی بدەمەوە .بەڵام هەرلەشوێنی خۆمدا بوم و سەیرم کرد تەنهرام.
ئای خوایەگیان خۆ هێشتا ئەمەش خەیاڵە و خاتون نەهاتوە. ئەی من قسەم لەگەڵ کێ دەکرد باسی ئەو دیدارو بەیەک گەیشتنەمان بۆ کێ دەکرد .
هەموو جارێ بۆ بینینی هەربەم جۆرەیە، کەبە خەیاڵ دێت بۆلام چاوەکانی پڕدەکات لەژیان و ئەیدا بەمن، منیش ڕۆحم پڕدەبێ لەچاوەڕوانی تاوەکو دێت بۆلام. کەچی هێشتا نەهاتوە ، پەیکەرئاسا هەر لەبەردەم چێشتخانەکەدام ناچارم بۆئەوەی دڵخۆشی خۆم بدەمەوە بەئەنقەست وەک دیمەنی کاریگەری فیلمە سینەماییەکان دیمەنێکی هاتنی ئەو بۆلای خۆم بەم شێوەیە دروست بکەم.
لەکۆتایدا هات ، لەبەردەم دەرگای چێشتخانەکەدا یەکدیمان بینی و سڵاوێکی پڕ لەخۆشەویستیم لێکرد و بەڕێزەوە
یاوەریم کرد چوینە ناو چێشتخانەکەوە. لەبەر قەرەباڵخی چێشتخانەکە زۆرچاوەڕوانی خواردنەکەمان کرد هەر نەهات، فەرموی بابڕۆین.
من کە هەرتۆم بینی تێربوم .منیش پێمگووت : دەزانی برسیم نیە. هەستاین چوینە دەرەوەی چێشتخانەکە، بڕیارماندا بچین بۆ باخچەی نێرگز. یاوەری خاتونم کردو چوینە سەرشەقامەکە دەستم لەتەکسیەک ڕاگرت ، بەڕێز تاباخچەی نێرگزمان ببە. کاکی سایەق تەمەنی هەڵکشابوو بەدەنگێکی گڕ گووتی : واتای چی بمانبە بۆ، مەگەر تۆ بەتەنیا نیت. دیسان بەدەنگی هاواری میوەفرۆشەکان و هۆڕینی سەیارە ڕاچڵەکیم. کەواتە من تا ئەم ساتەش هەر لەبەردەم چێشتخانەکەدا ڕاوەستاوم و لەچاوەڕوانیدام. هەڵبەتە لە چاوەڕوانیەکی جواندا. چونکە بەڵێنی داوە هەر دێت.

ھەواڵی زیاتر