ئازادی چییە؟

ئارام کۆشکی

یەکێک لە پرسیارە سەختەکانی دونیای فیکر و فەلسەفە پرسیاری ئازادی چییەیە؟ سەختی ئەم پرسیارە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی دەشێ لە هەر جێگەیەک جۆرێک لە ئازادی پەیڕەو بکرێت، یان ئەوەی لە جێگەیەک مانای ئازادی دەگەیەنێت لە جێگەیەکی دیکە پێشێلکردنی مافی ئەوی دیکە بێت. بۆیە بەشێک لە بیرمەندان و فەیلەسووفان پێیانوایە ئازادی ڕێژەییە و ئازادی ڕەها بوونی نییە، چونکە هەموو ئازادییەکی ڕەها دەشێ ئازادی ئەویتر پێشێل بکات. بەو مانایە دەشێ هەموو ئازادییەکی ڕەها بە پێشێلکردنی ئازادی ئەوی دیکە کۆتایی بێت.

دەشێ بپرسین تا هەنووکە تاکی کورد چۆن لە ئازادی تێگەیشتووە؟ ئایا زۆرجار بەناوی بەرگریکردن لە ئازادییەوە دژی ئازادی چینێک یان بەشێک لە تاکەکانی دیکە نەجەنگاوین. یەکێکی دیکە لە کێشەکانی ئەم چەمکە بۆ فرەڕەهەندی چەمکەکە دەگەڕێتەوە کە شۆڕبووەتەوە بەنێو هەموو کایەکانی ژیاندا. هەر لە ئازادی ڕادەربڕینەوە بۆ ئازادی سێکسی و ئازادی سیاسی. زۆرجاریش ئەوەی لەلایەن سیستمە سیاسییەکانەوە بەناوی ئازادییەوە بەوانی دیکە دەفرۆشرێت پیشاندانی ڕووکەشی ئازادییە نەک کرۆکی ئازادی کە لە پێشێلنەکردنی مافی ئەویتردا خۆی دەبینێتەوە.
ئازادی چییە؟ ناونیشانی نامیلکەیەکی 140 لاپەڕەییە کە کەریم مستەفا نووسیویەتی و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند لە چوارچێوەی زنجیرەی فەلسەفە بۆ نەوجەواناندا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە. کتێبەکە بە زمانێکی سادە و ڕوون و ڕوان باس لە چەمکی ئازادی دەکات و دەیەوێت زۆر بەسادەیی پێمان بڵێت ئازادی چییە؟ و هاوکات دەیەوێت پرسی ئازادی بکاتە پرسێکی گرنگی فیکریی و فەلسەفی و لە تێڕوانینە باوەکە بیهێنێتەوە دەرەوە. نووسەر لە پێشەکییەکەدا سەبارەت بەم چەمکە ئەوە دەخاتەڕوو کە “پرس، یان کێشەی ئازادی لەتەک پرسگەلی بوون، ئاگامەندی، هزر، ئاوەز، ڕەوشت، یەکێکە لە پرس و کێشە هەرە گرنگەکانی فەلسەفە. دەتوانین بڵێین پرسی ئازادی لەپاش هەردوو پرسی بوون و ئاگامەندییەوە، ئاڵۆزترین پرسی فەلسەفی ئافراندووە و هەر لەسەرەتای سەرهەڵدانی فەلسەفەوە، فەیلەسوفگەل و هزرمەندان سەرقاڵی بەرسڤ و تاوتوێکردنی ئەم پرسەن.” دواتر ئەوەش دەخاتەڕوو کە “هەردەم فەیلەسوفان- بیرمەندان، پرسی ئازادییان لە ڕەهەندگەلی سیاسی، دینی، مێتافیزیکی، فیزیکی، ڕەوشتی و دەروونییەوە، تاوتوێکردووە؛ بەڵام دەرئەنجام و وەڵامێکی بەرجەستەیان بەدەست نەهێناوە.”
نووسەر ئەوەش ناشارێتەوە کە “ئامانجی ئەم نووسینە (و گشت نووسینێکی فەلسەفی) ئەوە نییە، وەڵامێکی پوختی ئەم پرس و پرسیارانە بداتەوە، تەنها هوروژاندنی باسەکە و واڵاکردنی دەلاقەکەیە بۆ نەوجەوانان، تا لێوەی بۆ ئەو پانتاییە بەرینانە بڕوانن، کە لە تاوتوێکردنی پرسی ئازادیدا ئافرێندراوە؛ هەر بۆ هەمان مەبەستیشە ئەو گشتە پەراوێز و سەرچاوانە (بۆ نووسینێکی وا کورت) بەکارهاتوون.” واتە کتێبەکە بۆ وەڵامێکی حازربەدەست نەنووسراوە، ئەوەندە بۆ ئەوە نووسراوە کەڵکەڵەی فێربوون و گەڕان بەدوای واتاکانی ئەم چەمکەدا. بە گشتی ڕەنگە زیادەڕەوی نەبێت کە بڵێین پەیامی ئەم کتێبەدا لەم خاڵەدا چڕ دەبێتەوە کە نووسەر بە ڕوونی لە پێشەکییەکەدا باسی کردووە.
بەڵام سەرەڕای ئەمەش کتێبەدا کۆمەڵێک سەرەداوی گرنگی تێدایە کە بۆ خوێنەر گەلێک بەسوودە. بەو پێیەی دەیەوێت پێناسەی ئازادی لە ڕوانگەی چەند بیرمەندێکەوە بخاتەڕوو و هاوکات باس لە مێژووی ئازادی و ئازادی هزر بکات و دواتریش ئەم چەمکە لە ڕوانگەی دینییەوە لێکبداتەوە. دوای ئەمەش ڕوانگەی سیاسی بۆ ئەم چەمکە بخاتەڕوو هاوکات گرنگی
ئازادی لە ڕەهەندی فەلسەفیەوەی فەرامۆش نەکردووە.
نووسەر بۆ دەوڵەمەندکردنی باسەکەی هەوڵی ئەوەی داوە چەمکەکە لە فەلسەفەی خۆرهەڵاتی و هاوکات فەلسەفەی خۆرئاوایشدا ڕوون بکاتەوە. ئەمە بێجگە لەوەی لە چەند ڕوانگە و قوتابخانەیەکی دیکەشەوە هەوڵی ئەوەی داوە پێناسە بۆ چەمکەکە بخاتەڕوو.
لێرەدا نامەوێت پێناسەکانی ئازادی بنووسمەوە، تەنها دەیەوێت بڵێم کتێبەکە چەند بچووکە بەڵام کتێبێکە پڕ لە پرسیار و وەڵامە دوای خوێندنەوەی خوێنەر دەکەوێتە کەڵکەڵەی خوێندنەوەی ئەو سەرچاوانەی کتێبەکە باسیان دەکات و وەک سەرچاوە بەکاری هێناون. دەستخۆشی بۆ کاک کەریم مستەفا و ئەم هەوڵە بەنرخەی کە نەک تەنها خزمەتی نەوجەوانان، بەڵکو خزمەت خوێنەرانی کوردی و کتێبخانەی کوردی دەکات.

ھەواڵی زیاتر