ئارام کۆشکی
ئەزموونی شیعری، ئەزموونی دروستکردنی جیاوازییە. بەبێ جیاوازی، ئەزموونی شیعری و شاعیرێکی نوێمان نابێ، بەڵکو شاعیرێکی کۆپی و لە سێبەری ئەزموونانی دیکەدا دەبینین. ئەوەی شیعر دەباتە ماڵێکی نوێ و سەرزەمینێکی دیکەی ئاوەدان دەکاتەوە دابڕانە لە کۆن و هێنانی نوێیە. بۆ ئەوەی ئەمەش بکرێت شاعیر پێویستی بە دابڕانە لە هەموو ئاستەکاندا هەر لە ئاستی فۆرم و تەکنیکەوە تا دەگاتە موفرەدە و دنیابینیی شیعری.
زۆر کەمن ئەو شاعیرانەی توانیویانە دابڕان لە هەموو ئاستەکاندا دروست بکەن، بەڵکو هەندێکیان تەنها توانیویەتی لە ئاستێکی دیاریکراودا، یان لە چەند ئاستێکدا ئەو دابڕانە دروست بکات، بەڵام لە ئاستەکانی دیکەدا شکستی هێناوە.
محەمەد عومەر عوسمان؛ یەکێکە لە شاعیرانەی بە تاکە دیوانەکەی “لە غوربەتا” توانیویەتی دابڕانێک لەنێوان ئەزموونی خۆی و شاعیرانی دیکەدا دروست بکات، بەڵام دابڕانەکەی سەرتاپاگیر نییە و نەیتوانیوە لە هەموو ئاستەکاندا دنیابینییەکی شیعریی نوێ بەرهەم بهێنێت. بێگومان ئەم قسەیە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت تەنها بۆچوونێکی ڕەها نییە پێویستە ڕوون بکرێتەوە، کە لە چ ئاستێدا نوێگەرە و لە چ ئاستێکی دیکەدا کۆپیکاریی دەقەکانی پێشووە.
خاڵێکی گرنگ و درەوشاوە لە شیعری محەمەد عومەر عوسماندا کارکردنە لەسەر کۆمەڵێک موفەرەدە، کە پێش ئەم شاعیرە بەم شێوازە کاری لەسەر نەکراوە. واتە لە ئەزموونی ئەم شاعیرەدا بەر کۆمەڵێک موفەرەدەی نوێ و بەکارهێنانی نوێی ئەم موفەردانە دەکەوین، کە ئەمە جۆرێکە لە دابڕان لەگەڵ ئەزموونی شاعیرانی هاوچەرخیدا. خاڵێکی دیکە بەجێهێشتنی سەرزەمینی درۆینەی ئایدۆلۆژیی بوو، کە لەو سەردەمەی بەشی هەرە زۆری دەقە شیعرییەکانی تێدا نووسیوە بە بەردەوامی بارانی ئومێدی ئایدۆلۆژی دەباری، بەڵام ئەم شاعیرە بیری لە پوچی ژیان و بێمانایی بوون و هەڵوەرینی ئینسان دەکردەوە بەبێ ئەوەی خۆی بیەوێت هەڵبوەرێت. مرۆڤ چۆن بەبێ ویستی خۆی فڕێدەدرێتە نێو جیهانەوە، بەهەمان شێوەش بەبێ ویستی خۆی و بەبێ دیاریکردنی کاتی دیاریکراو بۆی ژیانی لێوەردەگیرێتەوە. ئەمەش لای ئەم شاعیرە دەبێتە هەوێنی گەلێک دەقی شیعریی تاریک.
ڕەنگدانەوەی پاییز و گەڵا لە شیعری ئەم شاعیرەدا دەشێ دوو لێکدانەوە بۆ ئەم میتافۆرانە بکەین. یەکەمیان ئەوەی کە ژیانی مرۆڤ چەشنی وەرزی پایزە و لەگەڵ وەرینی هەر گەڵایەکدا تەمەنی ئێمەش سات دوای سات لە هەڵوەرین نزیک دەبێتەوە، کە ئەم بۆچوونە تاڕادەیەک کەشفە. بەڵام بۆچوونی دووەم ئەوەیە کە ئەم شاعیرە ژیانی مرۆڤ لە ژیانی گەڵایەکی وەرزی پاییز کەمتر دەبینێت، بەو پێیەی ژیان گەڵا سەرەتا و کۆتایی دیاریکراوە و گەڵاکان دەزانن ژیانێکی کاتییان هەیە و مەوداکەی چەندە؟ بەڵام ئەوە مرۆڤەکانن، کە تەنها وشیارن بەوەی کە ژیانیان کاتییە، بەڵام ئاگاداری ئەوە نین چەند وەرز دەخایەنێت و چەندی پێ دەچێت. لە کاتێکدا کە گەڵا دەزانێت ژیانی لە یەک وەرز زیاتر تێپەڕە ناکات. بۆیە دەشێ محەمەد عومەر عوسمان مەبەستی دووەمی بۆ ڕەنگدانەوەی بەردەوامی گەڵا وەکو میتافۆڕێکی هەمیشەیی شیعرەکانی بەکارهێنابێت، نەک ئەو مانا باوەی لە یەکەمجاردا خستمانەڕوو.
لەگەڵ ئەم خاڵە جەوهەرییەدا بۆ جیاوازبینین خاڵێکی دیکە ئەوەیە کە پووچگەراییی لەنێو شیعری کوردیدا چەسپاند، بەو مانایەی کە کۆی ئەزموونەکەی بۆ پیشاندانی تارییەکانی بوونی ئینسان تەرخان کرد و ئەمەش لە سەردەمێکدا کە هەموان بەڵێنی گەورەیان دەبەخشییەوە، ئەو ڕووی لە جێگەیەکی دیکە کرد و گوتی کێشەی ئینسان لە جێگەیەکی دیکەدایە. بەڵام ئەوەی وەکو نەنگی لە ئەزموونی ئەم شاعیرەدا دەبینرێت پابەندبوونیەتی بە کێشی شیعریی پەنجەوە و هەرچەندە لە چەند شیعرێکدا هەوڵی دەربازبوونی داوە لێی، بەڵام لەمەدا سەرکەوتوو نەبووە و دیسان بە ئاگاوە بووبێ یان بێئاگا، کەوتووەتەوە ناو هەمان کۆتوبەندی کێشی شیعرییەوە.
پابەندبوونی ئەم شاعیرە بە کۆتوبەندی کێشی شیعرییەوە وا دەکەوێتەوە کە ئەم شاعیرە دابڕان و نوێکردنەوەکەی سەرتاپاگیر نەبێت و هەر ئەمەش بووەتە خاڵی لاوازی ئەزموونە شیعرییەکەی، چونکە نوێکاری و دابڕان ئەوکاتە مانای تەواوەتی وەردەگرێت، کە سەرتاپاگیر بێت، نەک شاعیر لە جێگەیەک نوێکار و لە جێگەیەکی دیکەشدا پێی لەنێو نەریتدا بێت. بەڵام سەرەڕای ئەم تێبینییە ئەزموونی ئەم شاعیرە لە ئەزموونە تاقانەکانی نێو شیعری هاوچەرخی کوردییە و هیچ ساڵێک نییە جارێک دیوانە تاقانەکەی “لە غوربەتا” نەخوێنمەوە و ئەمەش بۆ ئەو هێزە تاقانەییە دەگەڕێتەوە کە لەم شیعرانەدا هەیە.