قەهار شێخانی
لەو رۆژەوەی دەستت گرتووم
دەستی خۆم لا پیرۆز بووە
من هەر لە تۆوەی دەزانم
ئێستا دڵم پڕ سۆز بووە
لەپێشوودا خۆ وا نەبووم
دڵێكم هەبوو پڕ لە قین
ئێستاكە لە سایەی تۆدا
پڕ بووە لە نووری ئەوین
نەمدەزانی بۆچی دەژیم
بەم هەموو بێ سۆزییەوە
هاتی و لە تاریكی ژینا
منی ون بووت دۆزییەوە
ئێستا هاودەمی جوانی و
شیعر و مۆسیقا و گۆرانیم
هێندە هێمن و لەسەر خۆم
دەڵێی شنەی دەم بەیانیم