ژنە باران

هۆمه‌ر نۆریاوی

هەیڤێک ئەبێ و بگرە زێتر
دەست ئەبەم بۆ هەر وشەیەک
ناسکەپەیڤم
وەک خودی خۆم هەڵئەوەرێ،
کەچی تەمەنێکی درێژ درێژە،
لە بن نسێی میهری ژندا
ئەم ناخەی من
هەر گوڵ ئەگرێ.
ئەوە نییە
تا گوڵی ڕوخسار دەیەوێ سیس هەڵگەڕێ
ژنە باران خۆی دەمگاتێ و
دڵۆپە تیشکێ دادەگرێ و
ئەم شۆرەکاتە دەدێرێ؛
خۆشی سووکێ
بە گەرووما دائەگەڕێ و
وەک گوڵە کیژەکەی دوێنێ
چاوی ئەشقێکم تێئەبڕێ و
لە بەردەمما هەڵئەپەڕێ.
بۆیە ئەڵێم،
ئاڵای شیعرم
گەر بە دەست ژنەوە نەبێ،
هەرگیز ساتێک دڵ ناسرەوێ و
خامەکەی دەستیشم ئەمرێ.