حەیدەر عەبدوڵڵا
باوكی ئیبن موقەفەع لەسەردەمی حوكمڕانیی حەجاجی كوڕی یوسفی سەقەفیدا باجی كۆكردووەتەوە، دوای ئەوەی دەست بۆ ماڵی سوڵتان دەبات، حەجاج بە ڕوویدا هەڵدەشاخێ و زەبرێكی وای لێ دەدات، دەستی گۆج دەكات، هەر لەبەر ئەوەیش بە “موقەفەع” شۆرەت دەردەكات.
نزیكەی بیست ساڵێك دەبێت كتێبی “كلیلە و دمنە”م خوێندووەتەوە، ئێستایش تامی قەوماو و بەسەرهاتە خەیاڵكردەكانی لەبن مەڵاشووانمدا دەگەڕێن. ئەو كتێبە لە زمانی ئاژەڵانەوە پەیامی سیاسی و كۆمەڵایەتی پەندئامێز دەگەیەنێت. كلیلە و دمنە بە زمانێكی باڵای ئەدەبی نووسراوە، بەڵام هەمووی تەنزی سیاسی و ڕەخنەگرتنە لەشێوەی بەڕێوەبردنی وڵات و باری نالەباری كۆمەڵگە. كێشمەكێشی نێوان ئیرادە و هۆشیاری و سیاسەت و كولتوورە، یاخود ململانێی نێوان شمشێر و قەڵەمە. پێشتر منیش پێم وابوو كتێبی كلیلە و دمنە هی بەیدابای هیندییە و ئیبن موقفەع وەریگێڕاوە، بەڵام كۆمەڵێك توێژینەوەی نوێ دەریدەخەن كلیلە و دمنە هی خۆیەتی و هەر ئەو كتێبەش لە كۆتاییدا سەری بە فەتارە برد. هەر لەو ساوەی ئەم كتێبەم خوێندووەتەوە، بەردەوام سۆراخی ئیبن موقەفەع دەكەم و لە كوێ شتێكی لەسەر نووسرابێت، بێ یەكودوو خوێندوومەتەوە. هەمیشە هەر وابووە، ئەو زانا ئەدیب و نووسەرانەی لەنێوان دوو شارستانیەتدا ژیاون، لە بیركردنەوە و قووڵڕاماندا جوداوازبوون. ئیبن موقەفەعیش لە كولتوور و ئەدەبی فارسیدا شارەزاییەكی زۆری هەبووە. دواتر ڕوونبێژی و ڕەوانبێژیی زمانی عەرەبیش قووڵ دەبێتەوە و دەچێتە بنجوبنەوانی. پاشان لە زمانی هیندی و یۆنانیشدا شارەزاییەكی زۆرباش پەیدا دەكات. هەر ئەوەشە جاحزی شاعیری وا لێ كردووە بڵێ: ” لەنێو عەجەمدا كەسم نەدیت هێندەی ئیبن موقەفەع زیرەك بێت.”
كتێبەكانی: كلیلە و دمنە و ئەدەبی سەغیر و ئەدەبی كەبیر .. پڕن لە بەلاغە و ئەدەبی نوێخواز و پەیامی سیاسی و گۆڕانكاری لە كۆمەڵگەدا. ئیبن موقەفەع لەنێوان شارستانییەتی ئیسلامی و فارسییدا وەك تاڤگەیەك لە مەعریفە هەڵڕژا. لە بواری فكری سیاسیشدا چەندان بیرۆكەی گرینگی هەن و تا نووكەش سوودیان لێ وەردەگیرێت. ئەو، لەنێو ڕەحمی تەنگەژەی سیاسی هەردوو دەوڵەتی ئومەوی و عەباسیدا هاتووەتە دەر و بە چەندان دەردەسەری و دەربەدەریدا گوزەراوە. بیست و پێنج ساڵ لە سایەی دەوڵەتی ئەمەوی و شانزە ساڵ لە سێبەری دەوڵەتی عەباسی ژیاوە. لەنێوان ئەو دوو ئەزموونەدا هەگبەی مەعریفەی سیخناخ كردووە لە ئەدەب و جوانییەكانی، زمان و مەدلوولەكانی.
ئیبن موقەفەع جگە لەوەی وەرگێڕێكی لێهاتووبووە، ئەدیبێكی میهرەبان و ڕەوشتبەرزیش بووە، هەمیشە بۆ هاوەڵ و دۆستانی بە وەفا و هەڵوێست بووە و وەك مۆم تواوەتەوە. بەسەرهاتێك هەیە، جوانی و گەورەیی ئیبن موقەفەع ڕوونتر دەكاتەوە. عەبدولحەمید یەحیا نووسەرێكی بەنێوبانگی دەوڵەتی ئومەوی بووە، دوای كوژرانی خەلیفە مەروانی كوڕی محەمەد، كە دەكاتە دوا خەلیفەی ئومەوییەكان، خۆی لە ماڵی ئیبن موقەفەع حەشار دەدا. كاتێك پیاوانی ئەمن دێن ماڵی ئیبن موقەفەع بپشكنن پرسیار دەكەن كامتان عەبدولحەمیدن؟ هەردووكیان بەیەكەوە دەڵێن: من. ئیبن موقەفەع دەیەوێ لەپێناو هاوڕێكەیدا قوربانی بدات، بەڵام عەبدولحەمید ناهێڵێت و خۆی پێیان دەناسێنێت، پاشان ڕاپێچی بەردەم حەجاجی خوێنڕێژی دەكەن. یەك لە وتە بەناوبانگەكانی ئیبن موقەفەع ” برا! خوێن و ماڵت پێشكەش بە هاوڕێكەت بكە.” هەروەها دەڵێت: ” ئەگەر كارێكی باشت لەگەڵ كەسێكدا كرد، نەكەی قەت بەچاویدا بدەیتەوە، خۆ ئەگەر كەسێكیش چاكەی لەگەڵدا كردی، نەكەی هەرگیز لە یادت بچێتەوە.” ئیبن موقەفەع بە چڕی لەبارەی “ئادابی سوڵتانیە”ی نووسیوە، لەسێ تەوەردا پۆلینی كردووە: گوێڕایەڵی سوڵتان، ئەخلاقی سوڵتان، ئەخلاقی نووسەر. نووسەر چۆن بۆ دەستكەوتنی ئافەرینێك، یان بەدەستهێنانی پارەوپوولێك، شیعری نووسیوە و كلكەلەقێی بۆ سوڵتان كردووە. ئيبن موقفەع وشەی ” ئەدەب” لە بەرانبەر وشەی ” ئەخلاق” بەكار دەهێنێت. لای ئەو عەقڵ بەر لە هەموو شتێكە، هەر بۆیە لە وتەیەكیدا دەڵێت:” بێعەقڵی گەورەترین مایەپووچبوونی مرۆڤە.” هەروەها دەڵێت: ” گەرەكە مرۆڤی عاقڵ دوو ئاوێنەی هەبێت، لە یەكێكیان نەنگییەكانی خۆی پێ ببینێ و بە كەمیان بگرێت و چاكیان بكاتەوە، لە هی دووەمدا چاكەكانی خەڵكی تێدا ببینێ و خۆیان پێ بڕازێنێتەوە و بە گوێرەی توانای خۆی وەریان بگرێت.”
لەبارەی مردنی، یان كوشتنی ئیبن موقەفەع، چەندان گێڕانەوە هەن، بڕێك پێیان وایە نامەیەكی بۆ خەلیفە مەنسوور ناردووە، لە چەند وشە و دەربڕینێكیدا سووكایەتی پێ كردووە، مەنسوور بەمە دەهری دەبێت، فەرمان دەكات لە ماڵەوەی بە نهێنی بكوژرێت، دواتر پارچەپارچەی دەكەن و لەبەردەم مەنسوور دەیخەنە نێو تەندووری ئاگر. بەر لەوەی بیكوژن . ڕوونە ئیبن موقەفەع و چەندانی هاومەشرەبی بوونە قوربانی سیاسەتی زەمانە و لەپێناو بیركردنەوە و هەقبێژییەكەیاندا سەریان نایەوە، كەچی لە دواییدا بۆ پەردەپۆشكردنی تاوانی كوشتنی كەڵەبلیمەتێكی وەها، تۆمەتی لاڕێبوون و دەرچوون لە بازنەی ئیسلامیان بۆ هەڵبەستووە.
بەهەرحاڵ، ئیبن موقەفەع لە بەهاری تەمەنیدا باجی بۆچوونەكانی دا و كوژرا، بەڵام خۆری پڕشنگداری مەعریفەی ئەو، بۆ هەتاهەتایە لە ڕووناكی ناكەوێت.