بەرلەوەی نەجیب مەحفوز لە ڕێی کتێبەکانییەوە بیناسم لە ڕێی ئەو فیلمانەوە ناسیم کە لە ڕۆمانەکانییەوە وەرگیرا بوون، بەتایبەت فیلمی “ڕێگا” و “دز و سەگەکان” کە لە دوو رۆمانی ئەوەوە وەرگیراون بەهەمان ناوەوە کراون بە فیلم. بەڵام دەتوانم بڵێم ناسینی ڕاستەقینەی من لە ڕێی خوێندنەوەی رۆمانەکانییەوە بوو و سەرەتاش “دز و سەگەکان” و دواتریش رۆمانی “ڕێگا”م خوێندەوە. بۆ من بەر لە دز و سەگەکان ڕۆمانی ڕێگا ئەو ڕۆمانە بوو کە هۆگری نەجیب مەحفوزی کردم. هۆگربوونێک ئیدی کەووتمە دوای هەموو بەرهەمەکانی و پێشنیاری وەرگێڕانی هەندێک لە بەرهەمەکانیشم بۆ هاوڕێ وەرگێڕەکانم کرد. بەتایبەت یەکێک لە کارە گرنگ و ناوازەکانی سێینەی قاهیرەیە کە ئەم ناونیشانانەی هەیە: “قصر شوق، بین قصرین، سکرییە”.
نەجیب مەحفووز؛ لە ١١ی تشرینی دووەمی ١٩١١ لە قاھیرە هاتووتە دونیاوە و لە ٣٠ی ئابی ٢٠٠٦) کۆچی دوایی کردووە. لەساڵی ١٩٣٠ چۆتە زانکۆی قاھیرە و لیسانسی فەلسەفەی بەدەستھێناوە و لە ساڵی ١٩٣٨ بۆ ساڵی ١٩٤٥ وەکو سکرتێر و بەڕێوەبەری دامەزاوەیەک لە وەزارەتی ئەوقاف کاری کردووە و دواتر بۆتە ڕاوێژکار لە دامەزراوەی گشتی سینەما و ئێزگە و تەلەفزیۆن و دوا پۆستی حکومیشی سەرۆکی ئەنجومەنی ئیدارەی گشتی سینەمابووە لە ساڵی ١٩٦٦ بۆ ساڵی ١٩٧١ پاشان خانەنشین بووە. لە ناوەڕاستی سیەکان دەستی کردووە بەنووسین و لەساڵی ١٩٣٩ یەکەم چیرۆکی خۆی بڵاوکردۆتەوە بووەتە یەکێک لەنووسەرەکانی دامەزراوەی ئەھرام. لە ساڵی 1950 ڕۆمانی کوڕانی گەڕەک-ی نووسیوە، کە یەکێکە لە بەناوبانگترین رۆمانەکانی ئەم نووسەرە و بۆ چەندین زمان وەرگێڕدراوە و بە کوردیش بەردەستە.
یەکێک لە سیما دیارەکانی بەشی هەرە زۆری کارەکانی ئەم نووسەرە بوونی دیالۆگ و فرە دەنگییە. ڕۆمانەکانی پڕن لە دیالۆگ، کە ئەمە دژی ئەو نەریتە رۆژهەڵاتییەیە کە دیالۆگی تێدا نییە و شتەکان بە یەک ئاراستەدا دەڕۆن و هەمیشە کەسێک بڕیاردەر لە هەموو شتێک. مەحفوز کاری لەسەر ئەوە کردووە کە دیالۆگ زۆر لە کارەکانیدا هەبێت تا گوێمان لە هەموو بۆچوونە جیاواز و جۆراوجۆرەکان بێت.
بێگومان یەکێک لە کاریگەرترین و پڕ بەرهەمترین نووسەرانی بواری گێڕانەوە لە ڕۆژهەڵاتدا نەجیب مەحفوزە، بەتایبەت تا ئەو ساڵەی کە خەڵاتی نۆبڵی بۆ ئەدەبیات وەرگرت کە ساڵی 1988. دوای ئەم نووسەرە گەلێک نووسەری عەرەبی دیکە بەربژێربوون بۆ ئەو خەڵاتە کە دیارترینیان ئەدۆنیس-ـە بەڵام تا هەنووکەش مەحفوز تاقانە نووسەری عەرەبی وەرگری خەڵاتی نۆبڵە. ئەوەی لە ئەدەبیاتی ئەم نووسەرەدا هێڵێکی سەرەکییە گەڕانی کاراکتەرەکانە بەدوای خۆیاندا، یان گەڕان بەدوای شوناسدا. ئەوەی ئەدەبیاتی ئەم نووسەرە لە نووسەرانی دیکە جیا دەکاتەوە بێجگە لەو زەمینە دیالۆگیی و فرەدەنگییەی بۆ کاراکتەرەکانی ڕەخساندووە. هاوکات کاراکتەرەکانی ئەم نووسەرە لە گەڕانێکی بەردەوامدان بۆ گەیشتن بە خاڵێک کە نادیارە، دەشێ ئەو خاڵە نادیارە مەرگ بێت، بەڵام لای مەحفوز هەر بە نادیاری ماوەتەوە.
ئەدەبیاتی مەحفوز بۆمن لە چەشنی پاموک و کۆندێرا و فلۆبێر ئەدەبیاتێکی بەرزە و خوێنەر دەخاتە کەڵکەڵەی بیرکردنەوە و تێڕامان لەو ژیانەی بێ ویستی خۆی بەسەر مرۆڤدا سەپێنراوە.