دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

سەبارەت بە وەرگێڕانی شیعر”ئێوارستان بە نموونە”

ئارام كۆشكی – سلێمانی

ڕەنگە هەموان کۆک بن لەسەر ئەوەی وەرگێڕانی شیعر سەختە، بەڵام مەحاڵ نییە. پێدەچێت رێژەی سەختی هەندێک دەقی شیعریی زیاتر بێت، بەڵام من هەرگیز لەگەڵ مەحاڵبوونی وەرگێڕانی شیعردا نیم کە هەندێک لە وەرگێڕەکان کە من بە وەرگێڕە ترسنۆکەکان ناویان دەبەم باسی دەکەن. سەختی وەرگێڕانی شیعر لەوەدا کورت نابێتەوە کە شیعر هونەری میتافۆڕەکانە. بەڵکو هارمۆنییەتی وشەکان و شیعرییەتی کۆی تێکستەکە گوێزانەوەی بۆ زمانێکی دیکە و جێکردنەوەی لە نێو وشەکانی زمانێکی دیکەدا گەلێک قورسە. بەڵام دیسان پێداگریی دەکەمەوە کە مەحاڵ نییە.

ئەوەی زۆرجار لێشاوێک لە وەرگێڕانی شیعری بە خراپی چاپ دەبێت، ئەوە بەرهەمی نەزانین و قاڵنەبوونەوەی وەرگێڕە تێیدا. لە ماوەی ڕابردوودا نامیلکەیەکی شیعریی وەرگێڕدراوم خوێندەوە کە 92 لاپەڕە بوو وەرگێڕ لە پێشەکی کتێبەکەدا ئەوە دەخاتەڕوو کە شەش مانگ سەرقاڵی وەرگێڕانی دەقەکە و جێکردنەوەی بووە لەنێو زمانی کوردیدا. دواتر دووساڵ خەریکی پێداچوونەوە و پیشاندانی چەند شاعیرێکی زمانزانی داوە تا ئەوکات بڕیاری چاپکردنی داوە. ئەمە بێجگە لەوەی خۆی بە خاکەڕاییەکی زۆرەوە داوا لە خوێنەران دەکات لە کەموکوڕییەکانی ئاگاداری بکەنەوە تا کەڵکی لێ وەربگرێت. بێگومان بڕیارە دروستەکەی وەرگێڕانی شیعر ئەوەیە کە پەلە لە وەرگێڕان و دۆزینەوەی هاومانای گونجاو بۆ دەقەکە لە زمانە نوێیەکەدا نەکرێت.
یەکێک لەو کتێبانەی چێژی شیعریی وەرگێڕدراویان لا زیندووکردمەوە کتێبی “ئێوارستان”ی پێر لاگەرگڤیست بوو، کە خەبات عارف کردوویەتی بە کوردی و ناوەندی ئەندێشە دە ساڵ لەمەوبەر بە چاپیان گەیاندووە. بەڵام بە درێژایی ئەو دە ساڵە من لەگەڵ ئەم کتێبە شیعرییەدا ژیاوم کە هەم ئاستی شیعرەکان بەرزە هەم ئاستی وەرگێڕانەکەی گەلێک ناوازەیە.
شیعری پێر لاگەرگڤیست بەوە ناسراوە کە “لە ڕووی شێوازی نووسینەوە هەر لە سەرەتاوە تایبەتمەندی خۆی هەبووە بەوە ناسراوە کە بە دەگمەن نەبووبێت وشەیەکی درێژ، یان نامۆ لە نووسینەکانیدا نەبووە. ئەوەشی کە زۆر پێی ناسراوە ئەوەیە کە کار لەسەر “پوختکردنەوەی بیر و بەرفراوانی هەست” دەکات و هاوکات ئەو لە نووسینەکانیدا ناسکوێژی و جوانناسییەکانی سەرەتای بەدی دەکرێت، کە تەنها تایبەتە بەو ئەو و هیچ شاعیرێکی دیکە نا.
ئەوەی لەم کتێبەوە سەبارەت بە وەرگێڕانی شیعر فێربووم ئەوەیە کە وەرگێڕەکەی بە عەشقەوە دەستی بۆ وەرگێڕانی شیعرەکان بردووە و هەوڵی ئەوەی داوە جارێکی دیکە دەقەکان لە زمانی کوردیدا دابهێنێتەوە. وەرگێڕان داهێنانەوەی تێکستە لە زمانێکی دیکەدا. بۆیە مەرجە وەرگێڕ داهێنەر بێت. لێرەدا مەبەست لە داهێنەربوون ئەوەیە کە سەلیقەی تەواوەتی بۆ کارەکەی هەبێت، چونکە هەموو زمانزانێک ناتوانێت ببێتە وەرگێڕ. چۆن هەموو خوێنەرێک ناتوانێت ببێت بە نووسەر. ئەم پرۆسەیەک بەهەمان شێوەیە. وەرگێڕان لێزانین، شارەزایی، پشوودرێژی،توانای درککردن و مەعریفەی دەوێت لەو بوارەی کە وەرگێڕ دەیەوێت کاری وەرگێڕانی تێدا بکات.
ئێوارستان؛ نموونەی وەرگێڕانی داهێنەرانەیە و ئەوەش دەسەلمێنێت وەرگێڕانی شیعر سەختە، بەڵام مەحاڵ نییە.