حەمەسەعید حەسەن
بای نامۆیی
هێدی هێدی
قژی عومرم شانە دەکا
چرکەچرکی دەمژمێری ئاوارەیی
دڵۆپ دڵۆپ
شەکراوی تەمەنم دەمژێ
مەنفا مرواریی دەروونم
لە زەریای بەرینی خەمدا
بزر دەکا
مەنفا مشکە
پەڕە پەڕەی
ڕۆمانی ژیانم ڕیزاڵ ڕیزاڵ دەکا
نە کۆترەشینکەی غەریبیم
بە قەفەزی
هیچ مەنفایە ماڵیی دەکرێ
نە ئەژدیهای مەنفا بۆ من
کەویی دەبێ
مەنفا زمانی شیرینە
دەروونی تاڵ
مەنفا ڕووخساری گوڵزارە
ناخی زووخاڵ
مەنفا بەڵێنی بەپیتە
کاری نەزۆک
نامەوێ لەسەر چۆک بژیم
دەمەوێ بە پێوە بمرم
مەنفا بە پێوە نامکوژێ
ڕێ خۆش دەکا بێمە سەر چۆک
مۆمێکم کز کز دەسووتێم
مەنفا مەرگە
لە دەوری تیشکم دەگەڕێ
مانگێکی دوورەوڵاتی قژخۆڵاویم
دایکە لەکوێی
لە تەشتێکدا جوان جوان بمشۆی
دەترسم خوایش وەکوو مەنفا
تەنیا لە خەودا خەمخۆری
غەریبان بێ
دەترسم خوا لەو دنیای دیش
وڵاتێکی ئازادمان بۆ دابین نەکا
لە گۆلی مەنفادا غەریب
هەرگیز فێری مەلە نابێ
بەندیخانەی نیشتمانە شیرینەکەم
لە گوڵستانی تاراوگە دڵگیرترە
*
ڕیزاڵ ڕیزاڵ: هەلا هەلا