(هەولێرەکەم‌)

لە بەرەبەیانی مێژوو
لەگەڵ نیاندەرتاڵی کۆندا
هاتۆتە ژیان
لەبۆ کوردان
بوو بە هەوار و نیشتمان
هاوتەریب لەگەڵ مێژوودا
ڕێی کردووە
هەزاران ساڵ لەمەوبەر لە (*کۆکمیلا)
یادی لە دڵ و دەروونی
ئەسکەندەرەکەی مەکدۆنی و
داریوشی ئەخمینی فارس جێ هێشتووە…
ئیبن مستەوفی رووناکبیر
بە (ئەربل) ناوی بردووە
ناوی سیانی ئەم شارە
هەولێرە مێژووی کوردانە
لەگەڵ مێژوو ئەم هەولێرە هەر گەورە بوو
هەر گەورە بوو … لەناو نەچوو
تیایدا بەردەوام بوو ژیان
هەربۆیە بوو بە یەکێک
لە کۆنترین شاری جیهان
ئەم نازدارە هەر زیندووە
بڕوا بکەن نەنووستوە
زۆر زۆر هەڵەن ئەگەر بڵێن
ئەم شارە بێئاگایە و وا نووستوە
هەناسە و ناخی ئەم شارە
پڕ لە گڕە
بۆ داگیرکەرانی نەگریس
لەسەر پێیە و لە سەنگەرە کوورەی گڕە
هەولێرەکەم شاری مەرد و شەهیدانە
گۆڕستان و زیندانی هەتاهاتەیی
دژمنانە
پشت و پەنای لێقەوماو و هەژارانە
خەڵکی ئەم شارە زۆر جوانن
گەلێ سادەن
بە دوای بیری جوانی و راستی و
تەرز و تازەن
کاروانی ژیان لەم شارە
بە سادەیی دێت و دەڕوا
زۆر رۆژی سەختی بڕیوە بەبێ پەروا
هەولێرەکەم
نیو سەدەیە ئاشقی تەم
وەک و زینێ بۆ کاکە مەم
بووی بە خوێن و لەناو جەستم
خۆشم دەوێی.. خۆشم دەوێی
هەولێرەکەم
ــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــــ
*کۆکمیلا: ئەو جەنگە خوێناوییە بوو لە نزیک قەڵای هەولێر رووی داوە لەنێوان داریووش و ئەسکەندەری مەکدۆنیدا.