حەمەسەعید حەسەن
نیشتمان نە هاژەی چەمە
نە لوتکەی بەرزی بەفرینە
نە بەهاری داوێنسەوزە
نە پاییزی قژزێڕینە،
نە مێرگە
نە دارستانە
نە یادگاری دێرینە
نیشتمان نە شاری نوستووی
کۆشی دەشتە
نە دێی بەرۆکی چیایە
نە خزم و دۆست و ناسیاوە
نە دایک و خوشک و برایە
نیشتمان ناخی ئینسانە
دەروونە، دووانەی ویژدانە،
هەیە باخی دڵی بەرین
هەیە ناوەوەی زیندانە
هەیە ناخی کەلاوەیە
هەیە گیانی ئاوەدانە
نیشتمان خودی مرۆڤە
هەستە، نەستە، دڵە، گیانە
نیشتمان کۆرپەی ساوایە
چاوی کردووین بە جۆلانە
نیشتمان مەلێکە پیرۆز
سەری کردووین بە هێلانە
نیشتمان دەڵێی لاولاوە
لە بەژنی تەمەن ئاڵاوە
نیشتمان یارێکە شیرین
سەرمای ببێ
بە پێڵووی چاو
بە تارای گیان
دایدەپۆشین