یەکێک لەو پرۆژە گرنگانەی بواری مەعریفە کە دوو ساڵە بەردەوامە “پرۆژەی وەرگێڕانی زنجیرە کتێبەکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد”ە، کە دەزگای ڕۆشنبیریی جەمال عیرفان چاپ و بڵاوی دەکاتەوە و ساڵی ڕابردوو ٢٦ کتێبی لەو زنجیرەیە بڵاو کردەوە و ئەمساڵیش ٣٢ کتێبی دیکەی لێ بڵاو کردەوە. ئەم پرۆژەیە دەتوانین ناوی بنێین ژێرخانی مەعریفی و زانستی و فەلسەفی کتێبخانەی کوردی. ئەمە ئەو سەرەتایەیە کە دەبێتە ژێرخانێک بۆ کتێبخانەی کوردی و هەر تاکێکی خوێندەواری نوێ کە بییەوێت لە ڕشتەیەکی دیاریکراودا سەرەتایەک (یان وەکو لە ناوی کتێبەکاندا هاتووە) “پێشەکییەکی زۆر کورت” لەبارەی یەکێک لەو ڕشتانەوە بەردەست بێت.
لەم زنجیرە کتێبانە لە کتێبخانەی زۆربەی نەتەوەکانی دونیادا هەیە و هەر نەتەوەی بەپێی پێویستی گەلەکەی زنجیرەی جۆراوجۆری هەیە و ئەوەی من ئاگادارم لە کتێبخانەی عەرەبی و فارسیدا چەندین زنجیرەی جۆراوجۆر هەیە، بەڵام ئەم زنجیرەیە بە زمانی ئینگلیزییە یەکێکە لە پرۆژەکانی زانکۆی ئۆکسفۆرد و لە ساڵی 199ـەوە دەست بەم پرۆژەیە کراوە.
سەرپەشتیاری پرۆژەکە “هەرێم عوسمان” ئەوە دەخاتە ڕوو کە “ئەم زنجیرەیە، زنجیرە کتێبێکی کورت و پوخت و زانستیە لە تەواوی بوارە جیاوازەکاندا: لە پرسی تیرۆرەوە بۆ کەشوهەوا، ئابووریی کۆن و نوێ و پرسی جیهانگیری. لە فەلسەفەی پێش سوکراتەوە بۆ مۆدێرن و پۆستمۆدێرن. لە مێژووی کاتەوە بۆ مێژووی جیهان، لە فیزیکی کۆنەوە بۆ کوانتەم و دنیای دیجیتاڵ و ئایندەی مرۆڤ. لە بوونناسییەوە بۆ ئایینناسی و مێژووی ئایینەکان و پرسی ئیسلام و ئەندازیاری و ماتماتیک. لە ئەفسانەناسییەوە بۆ ئەدەبناسی و تیۆر و ڕەخنەی ئەدەبی… “
لە چەند رۆژی ڕابردوودا ٣٢ کتێبی نوێ لەم زنیجرەیە بڵاوکرایەوە و بەمپێیەش تا ئێستا ٥٩ کتێب لەم زنجیرەیە بڵاوکراوەتەوە، کە ژێرخانێکی مەعریفی باوەڕپێکراوە بۆ زۆر بواری جیاجیادا و لە زۆر ڕشتەی جیادا کە پێش ئەم زنجیرەیە تەنها یەک نامیلکەش لەسەر ئەو بابەتە بە زمانی کوردی بەردەست نەبووە. دەستخۆشی بۆ سەرپەرشتیاری ئەم پڕۆژەیە و وەرگێڕکاران و سپۆنسەری سەرەکی پڕۆژەکە، کە لە خەمی بەردەوامی ئەم پرۆژەیەدایە.