زمانی کوردی هێشتا لەبەردەم مەترسیدایە

سلێمان تاشان – هه‌‌ولێر

ئەمڕۆ سێشەممە، ٢١ی شوبات ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک یان زگماکییە و لەو ڕۆژەدا وڵاتانی جیهان بە تایبەتی ڕێکخراوەکانی بواری ئەدەب و فەرهەنگ و ناوەندە سیاسییەکان بایەخێکی تایبەت بەم یادە دەدەن و ڕۆژەکەیان کردووەتە بۆنەیەک بۆ هەرچی زیاتر بایەخدان بە زمانی دایک و پاراستنی زمانە جیاوازەکان.

دوای جەنگی دووەمی جیهانی و سەربەخۆیی هیندستان و پاشان دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی پاکستان، بەنگلادیش بە پاکستان لکێنرا. زمانی ئۆردوو زمانی فەرمی هەر دوو بەشی ڕوژهەڵات و ڕۆژئاوای پاکستان بوو، لەکاتێکدا بەشی ڕۆژهەڵاتی ئەو کاتی پاکستان بەنگالی بوون و ناچار کرا بوون کە زمانی ئوردوو بەکار بێنن و لە زمانی بەنگالی کە زمانی زگماکییان بوو بێبەش کرابوون. ساڵی ١٩٥٢ ژمارەیەک قوتابی زانکۆی داکار، دژی سیاسەتی سەپاندنی یەک زمان بەسەر وڵاتەکەدا ناڕەزاییان دەربڕی و پۆلیسیش دەستی بە سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران کرد و ١١ کەسی لێیان کوشت ئەو دۆخی دەربڕینی ناڕەزایەتی تا ساڵی ١٩٥٦ بەردەوام بوو و لەو ساڵەدا دەوڵەت بە ناچاری دانی بە زمانی بەنگالیدا نا.
ڕێکخراوی یۆنسکۆی سەر بە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە ٢١ی شوباتی ساڵی ١٩٩٩ بڕیاری دا وەک بیرهێنانەوە و ڕێزگرتن لەو کەسانەی لەو خۆپێشاندانەدا تەنیا بە تاوانی ئەوەی داوای زمانی دایکیان کردبوو، ڕۆژکەی بە رۆژی جیهانیی زمانی دایک یان زگماکی ناساند و ئامانجی یۆنسکۆ ئەوە بوو پەرە بە فرەزمانی و فرە فەرهەنگیی بدات.
لەکاتێکدا ئەم ڕۆژە جیهانییە بەرز ڕادەگیرێت کە زمانی کوردی سەرەڕای ئەوەی کە لانی کەم چل ملیۆن کەس لە دانیشتووانی گۆی زەوی قسەی پێ دەکەن، هێشتا تەنیا لە یەک وڵات بە فەرمی ناسراوە و دەوڵەتانی حاکمی پارچەکانی کوردستان ئەو زمانە بە فەرمی ناناسن و ڕێ لە گەشە و تەنانەت ئاخافتنیشی دەگرن.
زمانی کوردی تا ئێستا تەنها لە عێراق بە فەرمی ناسراوە و لە هەرێمی کوردستان بە زمانی کوردی دەخوێنرێت، بەڵام ئەمە نیشانەی ئەوە نەبووە ئەو زمانە بە تەواوی لە لەناوچوون ڕزگاری بووبێت. ئەرکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە تایبەتی هەر دوو وەزارەتی ڕۆشنبیری و پەروەردەیە تا بە بایەخی زیاترەوە بڕواننە زمانی دایک و ڕێ نەدەن لە ڕێچکەی خۆی بەلاڕێدا بچێت. زیاتر لە سێ دەیەیە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دامەزراوە بەڵام هێشتا ڕێنووسێکی یەکگرتوو لە هەرێمی کوردستان نییە و هەر دامەزراوە و دەزگا و رۆژنامە و بڵاوکراوەیەک بە کەیفی خۆیان ڕێنووس دیاری دەکەن و هیچ کامێکیان حساب بۆ ئەوەی تریان ناکەن.
نووسراوی سەر دووکان و تابلۆ و شوێنە بازرگانییەکان پڕە لە هەڵەی ڕێنووس و لە لایەکی ترەوە ناو و چەمکی بێگانە جێ بە ناوە کوردییەکان لێژ دەکەن و کەسیش نییە مشووری ئەم کێشانە بخوات و هەست دەکرێ دۆخی زمانی کوردی ساڵ بە ساڵ لە جیاتی بەرەوپێش چوون لە پاشەکشەدایە.
لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان هێشتا خەڵک ناتوانن بە زمانی کوردی بخوێنن و بنووسن و حکوومەتی ئەو وڵاتە زمانەکەی بە فەرمی نەناسیوە و زمانی فارسی سەپاندووە و تەنانەت زۆر جار وەک زاراویەک باس لە زمانی کوردی دەکات و ڕێ لە گەشەی زمانەکە دەگرێت. ساڵی ڕابردوو لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان مامۆستایەکی خۆبەخشی زمانی کوردی بە ناوی زارا محەمەدی تەنیا بە تاوانی ئەوەی کە منداڵانی فێری زمانی کوردی کردووە گیرا و تەنانەت پێنج ساڵ زیندانیی بەسەردا سەپێنرا، ئەو دوای ساڵێک زیندانی ماوەی ڕابردوو بەر لێخۆشبوون کەوت و ئازاد کرا.
لە باکووری کوردستان هاوشێوەی رۆژهەڵاتی کوردستان زمانی کوردی بە فەرمی نەناسراوە و تا چەند ساڵ لەمەوبەر تەنانەت ئاخافتنیشی قەدەخە بوو و ماوەی چەند ساڵێکە هەدەپە لە پەرلەمانی تورکیا داوای کردووە زمانی کوردی بە فەرمی بناسرێت بەڵام ڕووبەڕووی سەرکۆنە و تەنانەت زیندانیی کردن بوونەتەوە.
لە ڕۆژئاوای کوردستانیش لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا کە ئیدارەیەکی خۆجێیی دروست بووە زمانی کوردی خەریکە گەشەی پێ دەدرێ هەرچەندە لە دەستووری وڵاتی داگیرکەری ئەو پارچەیەی کوردستانیش زمانی کوردی بە فەرمی نەناسراوە.
ئەگەر یادکردنەوە و گرنگیدان بە زمانی دایک بۆ زمانەکانی تری زیندووی جیهان جێی بایەخ بێت، ئەوا بۆ کورد چەند هێندە گرنگە، چونکە زمانی کوردی هاوشێوەی نەتەوەکەی بەردەوام هێرشی لەسەر بووە و هەوڵ دراوە ئەو زمانە لەناو ببرێت. گەلی کورد بە فەرهەنگە دەوڵەمەندەکەی و زمانەکەی بە زیندوویی هێشتوویەتەوە هەرچەندە لە هەندێک شوێن تا ڕادەیەک زیانی بەرکەوتووە و لە هەر چوار پارچەی کوردستان زمانەکەی کەوتووەتە ژێر کاریگەری زمانەکانی فارسی، تورکی و عەرەبی و بۆیە پێویستە بە هەموو تواناوە پارێزگاری لە زمانی کوردی بکرێ و بە پاراوی بپارێزرێت.