شۆڕش غەفووری – ههولێر
لە نوێترین هەنگاویدا، ئەنیستیتوتی کورد لە پاریس، کتێبێکی مێژوویی نووسەرێکی ناوداری کوردی کردە فەڕەنسی و، وەرگێری کتێبەکەش ئاماژەی بەوە دا “لەپاڵ ئەوەی کۆمەڵێک ئاستەنگ هاتنە پێش، بەڵام توانراوە بە جوانی ئەو کتێبە بخرێتە بەردەستی خوێنەری فەڕەنسی”.
بەئامادەبوونی ژمارەیەک لە کوردانی تاراوگە و کەسایەتییە فەڕەنسییەکان، ئەنیستیتوتی کورد لە پاریس، ئێوارەسیمینارێکی بۆ ناسناندنی کتێبی (چێشتی مجێور)ـی مامۆستا هەژار موکریانی بە زمانی فەڕەنسی، ڕێک خست.
لەو سیمینارە، مەنسوور توکمەچی، وەرگێری کتێبی چێشتی مجێور، شیکردنەوەیەکی مێژوویی بۆ ناوەرۆکی کتێبەکەو کارەکەی بۆ ئامادەبووان باس کرد و هێمای بەوەش کرد کە ” کاتێک چاوخشاندنێکم بە مێژووی کۆماری کوردستان لە شاری مەهاباد لەلایەن قازی محەمەدەوە خشاند، هیچ کەسێک و شوێن و لایەنێک ئەو مێژووییەی تۆمار نەکردووە”، ئەو کارەش وەک باسی لێوە کردووە “نارەحەتی کردم”.
تووکمەچی گووتی “هەژار تەواوی مێژووی سیاسیی کوردی لە کۆمەڵەی ژێکافەوە تا کۆمارەکەی قازی محەمەد و شۆڕشەکەی بارزانی تێدا ژیاوەو، تۆماری کردووە”. جەخت لەوەش دەکاتەوە کە ” گرنگییەکەی چێشتی مجێور لەوەدایە بۆ ئێمەی گەلی کورد ئەوەیە ناساندنی ئەو کتێبەیە بگاتە تەواوی دونیا، تا سەرەنج لە مێژووی کورد بدەن”.
لەلایەن خۆشیەوە نەزەند بەگیخانی، سکرتێری گشتی ئەنیستیتوتی کورد لە پاریس رایگەیاند ” خۆشحاڵ بووم، لەوەی سەرپەرشتی راستەوخۆی وەرگێڕان و ناسناندنی کتێبی چێشتی مجێورمان کرد” و بە بۆچوونی ئەو، ئەو کتێبەکە یەکێکە لە کتێبەکە هەرە گرنگەکان لە رووی مێژووییەوە، چونکە زۆربەی رووداوە گرنگ و هەستیارەکان تێدا تۆمار کراون. بەتایبەت بۆ کەسایەتییە ئەکادیمی و توێژەران.
بەگیخانی گووتی “ئەو کتێبە سێ رەهەندی گرنگی لە خۆ گرتووە، یەکەمیان؛ مێژوویی، دووهەمیان؛ ئەنتروپۆلۆژی، سێیەمیشیان؛ ئەدەبیە”.
بەگیخانی سەرەڕای ئەرکەکانی لەگەڵ ئەنیستیتوتی کورد لە پاریس، هاوکات بەرێوەبەری بەشی میللی و کلتووری رۆژهەڵات لە دامەزراوەی هارماتان کار دەکات، و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی پرۆسەی وەرگیڕان و چاپکردنی کتێبی چێشتی مجێوری لەگەڵ تووکمەچی کردووە و دووپاتی دەکاتەوە کە ” ئەرکە سەرەکییەکەی ئەو کتێبە لەسەر شانی مەنسوور تووکمەچی بووە”.
ئاشکراشی دەکات ” لەداهاتوودا کۆمەڵێکی دیکەی کتێبی کوردی هەیە، کار لەسەر وەرگێڕدرانی دەکرێت و، بەهەماهەنگی لەگەڵ دامەزراوەی هارماتان چاپ دەکرێن و، دەخرێنە بەردەستی خوێنەرانی فەرەنسی زمان”.
بەگیخانی، روونی کردەەوە کە ئەوان هانی ئەو کەسانە دەدەن، کار لەبواری کلتووری و مێژوویی کورد دەکەن، بۆ ئەوەی پاڵپشتیان بکەن، تاوەکو بەزمانەکانی دیکەش بەرهەمەکانیان بڵاوبکرێنەوە.
هاوکات تووکمەچی نەیشاردەوە “گەورەترین کێشەی لە وەرگێڕانی ئەو کتێبە ئەوە بووە هەژار بە هیچ شێوەیەک مێژوو و بەرواری لەنێو چێشتی مجێور تۆمار نەکردووە”، بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشەیەش وەرگێڕ وەک باسی لێوە کرد ” لە رێگەی گەڕان و خوێندنەوەی دەقە مێژووییەکانی دیکەی هاوتەریب بووە لەگەڵ ئەو رووداوەی هەژار”.
چێشتی مجێور ژیاننامەی خۆنووسی عەبدولڕەحمان شەرەفکەندی ناسراو بە (مامۆستا هەژار)ـە، کە تێیدا باسی سەرگوزشتەکانی ژیانی خۆی دەکات لەگەڵ کەسایەتی و لایەنە سیاسییەکانی سەردەمی خۆی، هەروەها ئەمە یەکێکە لە پەرتووکە دەگمەنەکانی ئۆتۆبیۆگرافی بە زمانی کوردی، کە ھەژار بە زمان و گێڕانەوەیەکی شیرین باسی خۆی و بەسەرھاتەکانی کردووە. ئەوەی جێی سەرەنجە ئەو کتێبە پاش کۆچی دوایی نووسەرەکەی لە شاری کەرەجی ئێران لە ساڵی ١٩٩٠ بڵاو بووەتەوە.