چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

كتێبێكی تایبه‌ت به‌ مافه‌كانی خانه‌نشین بوون بڵاوكرایه‌وه‌

كتێبی (مافه‌كانی خانه‌نشینی فه‌رمانبه‌ران) له‌ ئاماده‌كردنی فه‌تحی مسته‌فا كاخدر كاكه‌شین كه‌وته‌ به‌رده‌ستی خوێنه‌ران.

ئه‌م كتێبه‌ زنجیره‌ (12)ی كتێبی په‌یمانگه‌ی په‌ره‌پێدانی ئه‌منی و كارگێڕی و ته‌كنه‌لۆژیای زانیاری وه‌زاره‌تی ناوخۆی هه‌رێمی كوردستانه، بابه‌ته‌كانی په‌یوه‌ستن به‌ خانه‌نشینی پله‌ی گشتی و پله‌ی باڵاو خزمه‌تی زانكۆیی و دادوه‌ران و چۆنییه‌تی ئه‌ژماركردنی مووچه‌ی خانه‌نشینی و به‌ركه‌وته‌ی شایسته‌داران له‌ جێنشینه‌كانی فه‌رمانبه‌رو خانه‌نشینی كۆچكردوو، هه‌روه‌ها ئه‌ژماركردنی خزمه‌ت و یاساكانی خانه‌نشینی. به‌رایی ئه‌م كتێبه‌ له‌لایه‌ن هێمن میرانی به‌رێوه‌به‌ری گشتی دیوانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ نووسراوه‌.
‌ئاماده‌كاری ئه‌م كتێبه فه‌تحی مسته‌فا كاخدر له‌ پێشه‌كی كتێبه‌كه‌یدا باس له‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی ئه‌م بابه‌ته‌ ده‌كات و ده‌ڵێت: بۆ زیاتر ئاشنابوونی فه‌رمانبه‌ران به‌ زانیاری و شاره‌زایی زیاتر له‌سه‌ر پرۆسه‌ی خانه‌نشین بوون و ئه‌و مافانه‌ی كه‌ ده‌یانگرێته‌وه‌، باس له‌وه‌ش ده‌كات كه‌ ئه‌م كتێبه‌ تایبه‌ته‌‌ به‌ فه‌رمانبه‌رانی ئاسایی و به‌شێوه‌یه‌كی ساده‌ نووسراوه‌ تا ئاشنابن به‌ مافه‌ خانه‌نشینییه‌كانیان، به‌ پشتبه‌ستن به‌ مادده‌و ده‌قه‌ یاساییه كارپێكراوه‌كان ئاماده‌كراوه‌.
ئه‌م كتێبه‌ له‌دوو به‌ش پێكهاتووه‌، به‌شی یه‌كه‌میان تایبه‌ته‌ به‌ گشت بابه‌ته‌كانی خانه‌نشینی و مافه‌كانی فه‌رمانبه‌ری خانه‌نشینكراو و چۆنیه‌تی ئه‌ژماركردنی خزمه‌ت و پاداشتی خانه‌نشینی كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی ساده‌ی یاساییانه‌و ورد باسكراوه‌، به‌شی دووه‌میشیان بریتین له‌و یاسا به‌ركارانه‌ی تایبه‌تن به‌ بواری خانه‌نشینی به‌هه‌ردوو زمانی كوردی و عه‌ره‌بی.
(خه‌بات) ده‌ستخۆشی له‌ نووسه‌ر ده‌كات بۆ ئه‌و به‌رهه‌مه‌ به‌پێزه‌ی نێو كتێبخانه‌ی كوردی و خه‌رمان به‌ره‌كه‌ت.