چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

(پرسیارێكی دژوار لە باخێكی ساكار)ی یونس ڕەزایی

ڕەسووڵ سوڵتانی

لە سەرەتاكانی سەدەی بیستەمەوە ڕوانگەی ڕەخنەگران بۆ لێكدانەوە و ناسینی شیعر گۆڕانێكی بنەڕەتیی بەسەردا هات. بەتایبەتی لەگەڵ سەرهەڵدانی ڕێبازی فۆڕمالیزمدا لە ڕووسیا، كە پێیان وابوو ئیدی دەق پێویستە بەدەر لە ژیاننامەی نووسەر و شاعیرەكە بخوێنرێتەوە و وەكوو جیهانێكی سەربەخۆ هەڵسوكەوتی لەگەڵ بكرێ، بەتایبەتیتر لەسەر بنەمای بۆچوونەكانی فێردینان دی سۆسۆر، كە وەكوو سیستەمێكی نیشانەیی لە زمانی دەڕوانی. لەو ڕوانگەیەوە زمان لە نیشانە و دال و مەدلوول پێك هاتووە.

نیشانە زمانیەكان بەسەر دوو لایەنی لێكدژدا دابەش دەبن. ئەم شیعرەی یونس ڕەزایی، ئەگەر بەگوێرەی ئەم بۆچوونە لێك بدەینەوە، دەبینین، شاعیر لەو شیعرەدا كۆمەڵێك كۆد دەخاتە بەر دەستی خوێنەر. ئەگەر ئەو كۆدانە هەڵێنی، ئەوا زۆر وردەكاری و نهێنیی نێو شیعرەكەت بۆ دەر دەكەوێ.
پێكهاتەخوازەكان وەختێك بەشوێن مانای دەقدا دەگەڕێن، لە دوانە لێكدژەكانەوە دەست پێ دەكەن. دوانە لێكدژەكان بێدەنگیی دەق دێنێتە دەنگ. واتە لەو شوێنانە كە شاعیر بە ئانقەست شتێكی شاردووەتەوە، بۆ ئەوەی هەموو شتێك پوخت و ئامادە نەخاتە بەردەمی خوێنەر، ئەوەش لە پێناو چێژی ئیستاتیكیدا. ئاخر لە هەر دۆزینەوەیەكدا چێژێك هەیە و چەندی دۆزینەوەكە ئاسانتر بێ، چێژەكەی كەمترە. پێكهاتەخوازەكان پتر لەوەی لە خەمی ئەوەدا بن كە داخوا دەق چ واتایەك دەدا، بیریان لەوە دەكردەوە دەق چۆن واتا دەبەخشێ. بۆیە هەموو پاژەكانی ڕستەیەك و هەموو ڕستەكانی دەقیان لە پەیوەندی لەگەڵ یەكتردا هەڵدەسەنگاند.
ڕستەی یەكەم یان دەسپێكی شیعرەكە، ” ئاو دەلكێنم بە ئاخری هەموو ڕستەكانمەوە”.
ئێمە دەزانین ئاخری ڕستە، نوقتەیە و وەستانە. وەستان سەرەتای مەرگە. وەك چۆن کەلیمی کاشانی دەڵێ: “ئێمە شەپۆلین و وەستان مەرگی ئێمەیە”. بەڵام شاعیر نایەوێ هیچ شتێك بە خاڵێك كۆتایی بێت. ئەویش چی دەكات، ئاو، كە نیشانەی نەوەستان و بزۆكییە، بە كۆتایی ڕستەكانەوەی دەلكێنێ. ئاو وەكوو نیشانەی بزووتن و نەسرەوتن، دوانەی لێكدژی ئاو/وشكایی.. نەرمی/ڕەقی. ئاو بە هەموو نەرمییەكەی خۆیەوە تەنانەت پۆڵاش دەبڕێ. شاعیر وەبیرمان دێنێتەوە كە تۆ لە كوێ خاڵی كۆتایی بۆ من دادەنێی، من لەوێ دەست پێ دەكەمەوە، بەڵام وەكوو ئاو، كە بەربەست ناناسێ.
كۆدێكی دیكە وشەی “خۆر”ە. خۆر، یەكسەر شەومان بیر دەخاتەوە. دوانەی ڕووناكایی و تاریكی. بەڵام لێرە خۆر پەڵەی داوە. پەڵە كردەی بارانە. بارانی خۆر، واتە خۆر بارانی ڕووناكیی پژاندووە و باراندوویەتی بەسەرماندا. كەوابوو شەوی شكاندووە. هەر لە چەند دێڕی دواتردا شاعیر دەڵێ: “نیومەودایەكیش بۆ شەو دەهێڵمەوە”… تەنانەت نایەوێ شەویش بەتەواوی بسڕدرێتەوە. چونكە لە نەمانی یەكێك لە پارسەنگەكانی لێكدژیدا، ئیدی مانا نامێنێ. تووشی بۆشایی مانا دەبین. ئاخر ئەگەر شەو نەمێنێ، هەزار ئەستێرە چۆن سروودی خۆیان بۆ كچان بڵێن؟ كەوابوو لە پێناو دەركەوتنی ئەستێرەكانیشدا بێ، لەو بارانی پەڵەی خۆرەتاوەدا دەبێ، دەرفەت و مەودایەك بۆ شەو بهێڵێتەوە، ئەویش نەك لە پێناوی شەوەكەدا، بەڵكوو لە پێناو دەركەوتنی هەزار ئەستێرەدا.

پرسیارێکی دژوار لە باخێکی ساکار
.
.
.
ئاو دلکێنم بە ئاخری هەموو رستەکانمەوە
با درێژ بێتەوە باران
لەو زمانەدا
کە خۆر تێی دا پەڵەی داوە لە مێژە
رەنگی مەلێکیش بە وشەکانەوە دەپڕژێنم
بە زوویی
چینەی لە مانگ کردبێ و
لە مێوینەیی ئاسمانیش
.
نیوەمەودایەک بۆ شەو دێڵمەوە
تا هەزار ئەستێرە سروودی خۆیان بۆ کچان بڵێن
دەرفەتێکیش بە جوانی دەدەم
با ژن هەموو دێڕەکانم داگیر کا
.
هەر پیتێک دەنگی دەریای بێ
دەیکەمە پاشکۆی تینوێتی
من ئاوەڵناوی سەوزم بە بسکێک بەخشی
گەمییەکان لە شەپۆلی دا سەرشێت
رێزمانی تۆفانیشم دایە شێعرێک
کە چاوی کچێکی سرکە
.
گەمییەوانی دەربەدەریم
بە میراتی دەریاکانەوە
رستەی من نائاسایی دەژی
پاشگری ئاور دەکاتە دەستپێکی گریان
سەرەتای پێکەنین دەباتەوە سەر شەکانەوەی ئاڵایەک
درەنگ بووە
.
زوو بن ئەی وشەکانی لەمەودوا
شاخێک و
بەرزایی و
شنەیەکی هێمن
رستەیەکی هێند دژوارە؟
……………………………
یونس ڕەزایی، قەڵەمە پێشەنگەكەی شیعری نوێ لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە شێوازێكی تایبەت بەخۆی دەنووسێت، كە ڕاشكاوانە دەڵێم، هەر دێڕە شیعرێكی ئەو شاعیرە بەبێ ئەوەی ناوی خۆی بەسەرەوە بێت، بە گوێرەی زمانەكەی دەناسرێتەوە. كەوابوو، دەكرێ بڵێم داڕشتەی زمانی شاعیر، ئیمزای شاعیرە.
ڕەزایی تا ئێستا هەشت كۆمەڵە شیعری چاپ كردووە و سێ كۆمەڵە شیعری وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی فارسی و لە نێو نووسەران و شاعیرانی فارس زمانیشدا وەكوو دەنگێكی دیاری ئەدەبیاتی هاوچەرخی كورد، ناوێكی ناسراوە.
بەرهەمەكانی ڕەزایی:

شینترین بەتاڵ
منم شاعیری ژنانی چاوەڕوان
كایە بە ئەلف و بێی گریان
نەشتەر بە ڕەنگێكی دیكەوە
سەمفۆنیای پێنجی باران
سوێند بە فوڕات
تەنیایی لە تیراژی پاییزدا
بە دەراوەكانی باخەوە

جگە لەو كۆمەڵە شیعرانە، كۆمەڵێك كتێبیشی بۆ منداڵان چاپ و بڵاو كردووەتەوە و دەیان وتاری لێكۆڵینەوەی لە بوارە جۆراوجۆرەكانی ئەدەبیاتدا بڵاو كردووەتەوە.