دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

خوێندنەوەی شیعری (ئەلفی ئەو شەوەی ڕووناك بوو)ەکەی یونس ڕەزایی

یەكێك لە تایبەتمەندییەكانی شیعری دەوڵەمەند و بەهێز و دەقی زیندوو، ئەوەیە، دەقەكە بەردەوام مانا بەرهەم بێنێتەوە. یانی وەكوو تابلۆیەكی فرەڕەهەند لە هەر گۆشەیەكەوە لێی بڕوانی، مانایەكی نوێی لێ هەڵكڕێنی و بە پێی ئاسۆی ڕوانین و هزری هەر خوێنەرێك، خوێندنەوەیەكی نوێی لێ بكەوێتەوە. ئەو كاتەیە كە دەڵێین دەقەكە، لە تاكڕەهەندی و تاكواتایی دەرباز بووە و پێی ناوەتە نێو ژیانێكی نەمرەوە. كە دەڵێم شیعر زمان لە مەرگ ڕزگار دەكات، ڕێك ئەوەیە، كە ناهێڵێ شۆڕشی تەكنۆلۆژیا و سۆشیالمیدیا هەموو وتا و ڕەهەندەكانی وشە داماڵێ و ڕووت و قووتی بكاتەوە. هەر ئەو تایبەتمەندییەشە كە وا دەكات دەقەكە سنووری زەمەن ببڕێ. ڕەنگە هاوكات لەگەڵ نالی سەدان كەس شیعریان هۆنیبێتەوە، بەڵام گەیشتن بە میعراجی وشە و واتا، تەنیا لە توانای نالیدا بووە و لە گەڕانەوەدا موعجیزەی نەمری بۆ خوڵقاندووین. ئەوەش ئەو كاتەیە كە شاعیر لە دەموساتی نووسینی شیعرەكەدا چۆن وێڕای ئەوەی هەموو ئەزموونەكانی هەست و هزری خۆی لە تاریكایی زەینیدا دێنێتە بەر ڕووناكایی، بەڵام تا لەدایكبوونی شیعرەكە، ئیتر هۆشی بەو جیهانەوە نامێنێ كە ئێمەی تێداین. زۆر جار ئەو نەقڵەم بیر دەكەوێتەوە كە دەڵێن وەختێك ویستیان ئەو تیرەی لە لاقی ئیمامی عەلی درابوو، دەریبێننەوە گوتی، لەسەر نوێژ دەریهێننەوە چونكە ئەوكات ئاگام لە خۆم و لە دونیا نامێنێ و هەست بە ژانەكەی ناكەم. كارم بەسەر دروستی و نادروستیی ئەم شتەوە نییە، بەڵام ئەو حاڵەتە ڕێك حاڵەتێكە، كە شاعیر تێیدا موعجیزە دەكات.

با بزانین ئەم شیعرە چۆنە.
لەم شیعرەدا كات/زەمەن سەنتەرە. چەقی هەموو تێكستەكە كاتە. بەڵام كاتێكی ئەزەلی. كاتێك كە دەسپێكەكەی دیار نییە و كۆتاییەكەشی هەروەتر.
یەستا
دواتر
پاشان
هاوکاتە
کاتێک
یەستا
بانگی بەیانی
کازیوە
سەرەتای من
لە ساتێک بەر لەوەی جیهان جوان بێ
رۆژێک
دەمێکە
دوازدە جار وشەی زەمەن لەو شیعرەدا دووپاتە بووەتەوە. دوازدە جاری زەمەن دەمانباتەوە سەر دوازدە مانگەكەی ساڵ. ئینجا ئوستوورەی دروستكردنی زەوی و ئاسمانان لە شەش ڕۆژدا، كە ئەگەر شەوەكانیشی وەكوو زەمەنێكی جیاواز لە ڕۆژ لەگەڵ حیساب بكەین، ئەویش دەبێتەوە دوازدە.
كەوابوو
ئەوەی لێرەدا قسەمان لەگەڵ دەكا، واتە منی نێو ئەم شیعرە، لە دەلاقەی خوایەكی خوڵقێنەرەوە لەگەڵ بەردەنگەكەی دەدوێ. بەردەنگەكەش ژنە. بەڵام ئەو بەردەنگە ناكرێ تەنیا لە زەمەندا هەبێ. كەوابوو با بزانین ئەو شوێن و دەفرەی بەردەنگەكەی تێدایە كوێیە؟
یەستا ناوتم نەخوێندبۆوە
باران باری
دواتر بای هات
پاشان هەزار چۆم حیلاندیان
لێرەدا منی شیعر، ئەگەرچی گوتم خوایانە دەدوێ، بەڵام خوایەك كە ئاشقی مەخلووقەكەی خۆیەتی. حافز دەڵێ:
ما بە او محتاج بود یم، او بە مشتاق بود.
ئەگەرچی ئێمە چاولەدەستی وی بووین، بەڵام ئەوە ئەو بوو كە ئاشق و تاسەباری ئێمە بوو. ئەم ڕوانگەیە لە سەرانسەری ئەدەبیاتی عیرفانیدا ڕەنگی داوەتەوە كە خوڵقێنەر، دوایی ئاشقی دەسكارەكەی خۆی واتە مرۆڤ دەبێ.
ئەم خوڵقانی شیعرە بە زەمەن و دواتر بە باران دەست پێ دەكات و ئەوجار چۆم و كانی و (ڕۆژهەڵاتی چۆم و ڕۆژئاوای كانی و پاش ئەوان دەریا)…
لێرەوە وردە وردە جیهانەكە لە بیچم دەگرێ. جیهانێك لە زمان و تابلۆیەك لە ژیان.
وەك لەسەرەتاكەیدا باسم كرد، چەقی ئەم شیعرە زەمەنە. كاتە. كات هەرگیز بێ جووڵە نییە. هەر بۆیە سەرانسەری شیعرەكە پڕە لە جووڵە. تۆ سەیر كە:
باران باری
بای هات
دەبوومە پاپۆڕێک
هەتا ون؛ لە ئاسۆکانت دا بم.
.
خێرابە
شێعرێک بنووسە پڕ بێ لە هەنگاو
خێرابە!
پەنجەرەکان کرانەوە
ناوت بڵاو دەبۆوە
پۆلێک باڵندەش لە مندا باڵیان گرتووە
هەڵفڕین باشترە لە هەرچی دیوارە و
تۆ دەمێکە لە مندا باڵت گرتووە
لە بەرەبەری كۆتایی شیعرەكەدا وردە وردە بەیان ئەنگوتووە و بانگی بەیانیمان بەگوێدا دەخوێنێ، بانگی ژن
الصلاه خیر من النوم
هەڵفڕین باشترە لە هەرچی دیوارە و….
واتە وەستان، مردنە….
شیعرەكە، ئەگەرچی بە زەمەن دەست پێ دەكا، بەڵام ئەم دەستپێكە دەسپێكی ژیانە. ژیانێكی ئەزەلی، كە لە دوا دێڕی شیعرەكەدا وشەی ژن، دیسان ژیانمان بیر دەخاتەوە.

ئەلفی ئەو شەوەی رووناک بوو
.
.
.
یەستا ناوتم نەخوێندبۆوە
باران باری
دواتر بای هات
پاشان هەزار چۆم حیلاندیان.
.
نەمزانیبوو
دەچییەوە سەر ریشەی هەور
بە خاوەنی رۆژهەڵاتی چۆم
و
رۆژئاوای کانی سوێند دەخۆم
نەمزانیبوو
ناوت هاوکاتە لەگەڵ دەریاکان
ئەگینا شەپۆلێکم دەنووسی
بەستێنێکم دەخوێندەوە
لانیکەم دەبوومە پاپۆڕێک
هەتا ون؛ لە ئاسۆکانت دا بم.
.
کاتێک کوتم:
بە ناوی ژن کە بەخشەندە و دلۆڤانە
یەستا هیچ مەلێک بانگی بەیانی نەدابوو
تەنیا دیتم باڵندەیەک
لەبەر پەنجەرەی کازیوە سەری سووڕمابوو
لە تەنیایی من.
تەنیا بیستم:
هەموو بڵیندگۆکان لە سەرەتای من دا
ناوت دووپات دەکەنەوە بە پیتی روون
دەڵێن:
خێرا بە!
شێعرێک بنووسە پڕ بێ لە هەنگاو
خێرا بە!
رستەیەک بنووسە ژن بێ
شێعر باشترە لە تەنیایی شەوانە
وشە باشتر
لە هەرچی تاریکی
.
کە ناوتم بە زمانمدا هێنا
پەنجەرەکان کرانەوە
با-ش دەنگی لەگەڵ دەنگم بوو
ناوت بڵاو دەبۆوە لە مندا
لە تاریکدا
لە ساتێک بەر لەوەی جیهان جوان بێ
کوتم:
بە ناوی تۆ کە بەخشەندە و دلۆڤانی
ماڵێک دەنووسم رووناک بێ
رۆژێک دەست پێدەکەم هەموو دیوارەکانی باڵ بن
.
من ناوی تۆم بەسەر زاردا هێنا و
بارانە باری
پۆلێک باڵندەش لە مندا باڵیان گرتووە
بە ناوی باڵەکانت کە سنووری سبەینێن
هەڵفڕین باشترە لە هەرچی دیوارە و
تۆ دەمێکە لە مندا باڵت گرتووە
ئەی پەنجەرە
ئەی ژن!