هێمن خەلیل- ههولێر
پرۆفیسۆری یاریدهدهر د. بهكر شاكر كاروانی ماستهرنامهكهی به ناونیشانی (عهلی فهتاح دزهیی – شاعیر و نووسهر و تێكۆشهر)ه كه ساڵی 2000 تاوتوێ كراوه، ههروهها تێزی دكتۆراكهی (نامهی شیعریی له ئهدهبی كوردی) له ساڵی 2007 تاوتوێ كراوه، د.بهكر كاروانی مامۆستایه له بهشی زمانی كوردی كۆلێژی پهروهردهی بنهڕهتی زانكۆی سهلاحهدین، تایبهت به ماستهرنامهكهی كه لهسهر خوالێخۆشبوو (عهلی فهتاح دزهیی؛ شاعیر و نووسهر و تێكۆشهر)ه، دیدارێكمان لهگهڵیدا ساز كرد.
سهرهتا له د. بهكر كاروانیمان پرسی چۆن بوو لهنێو شاعیرانی كورد شیعر و بهرههمی (عهلی فهتاح دزهیی)ـت ههڵبژارد؟ له وهڵامدا گوتی: “ڕاستی دوای وەرگیرانم لە ماستەر و تەواوکردنی کۆرسات، دەبوایە لەسەر بابەتێکی ئەدەبی بنووسم؛ چونکە خۆیشم خەڵکی شاری هەولێرم و هەر لە هەشتاکانەوە حەزم لە کۆکردنەوە و لەبەرکردنی شیعری شاعیران بووە و لە نزیکەوە ئاگاداری شاعیرانی هەولێر بووم، بەڵام کاتێک سەرپەرشتیاری نامەکەم (د. ئیبراهیم شوان) پێشنیاری ئەو شاعیرەی بۆ کردم بێ دوودڵی یەکسەر رەزامەند بووم و ناونیشانەکەشم چەسپاند .”
د. بهكر باس له سهرچاوهی شیعری شاعیر عهلی فهتاح دزهیی كرد و دهڵێ: “سەرچاوەی رۆشنبیریی شاعیر بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە لە منداڵییەوە لە بنەماڵەیەکی دەسترۆیشتووی لێهاتوودا گەورە بووە؛ هەروەها باوکی شاعیر دۆستی نزیکی مەلا خەلیلی دووسەرە بووە و مەلا خەلیلیش لە گوندەکەیاندا مەلایەتی کردووە و پەیوەندییەکی نزیکی بە ماڵەکەیانەوە هەبووە، عەلی فەتاحیش هەر لە منداڵیەوە لەسەر دەستی ئەو مەلا خەلیلە کە خۆیشی شاعیر بووە، فێری شیعر خوێندنەوە و لەبەرکردنی شیعر بووە و هەر ئەویش هاندەر و رێنیشاندەری شاعیر بووە بۆ ئەوەی دەست بۆ شیعرنووسین ببات، هەروەک خۆی دەڵێت: (لە لای مەلا دەستم بە قورئان خوێندن كرد) چونكە لە سەرەتای ژیان و خۆناسیندا لە گوندەكەیان كە (دیوەخانی بابی و مزگەوت) ببوونە بنكەی شیعر و ئەدەبیات، لای مەلای گوندەكەیان كە مەلایەكی زانا و شاعیر بووە و زۆرحەزی لە شیعر و ئەدەبیات بووە، دەستی بە خوێندن كردووە، هەر ئەمەش وای كرد لە دواییدا زیاتر بەلای شیعر و ئەدەبدا بكەوێتەوە، چونكە باوكی شاعیر لەگەڵ مەلای گوندەكەیان زۆر لە یەك نزیك بوون و پەیوەندی و دۆستایەتی یان زۆر بەهێز بووە، باوكی شاعیر خۆیشی زۆر ئارەزووی كۆڕی ئەدەبیاتی هەبووە و زۆر حەزی لە شیعری شاعیرە كلاسیكییەكانی كورد كردووە، هەر ئەمەش وای كردوە، شاعیر لە سەرەتا بیر لە شیعر خوێندنەوە و شیعردانان بكات؛ بە گەیشتنی شاعیر بۆ قۆناغی سانەوی لە ساڵانی چلەکان و تێكەڵبوونی بەچەند كەسانێكی تێگەیشتوو رۆشنبیر، هەروەها پەیدابوونی توخمی كۆمۆنیستی و داگیرسانی گیانی كوردایەتی و بەربەرەكانی سیاسی و رۆشنبیری لەو ساڵانەدا لەنێو گەنجان، وای لە شاعیر كرد وەك كەسێكی لێهاتوو خوێندەوار و وەك تاكێكی هوشیاری ئەوسەردەم لە رێی خەباتی سیاسی و رۆشنبیری، بێتە كۆری مەیدانی تێكۆشان وخزمەتكردن .”
دهربارهی شیعرهكانی خوا لێی خۆش بێت (عهلی فهتاح دزهیی)، د. بهكر ئاماژهی دا: “شیعرەکانی شاعیر زۆر تەڕ و پاراون و زۆر بە وریایی و لەسەرخۆوە دەستی بۆ بابەتەکان بردووە و هەر لە قۆناغێکی زووەوە دەستی بە شیعرنووسین کردووە، سەرەتا وەک زۆربەی شاعیرانی سەردەمی خۆی و پێش خۆی بە لاساییکردنەوە و چاولێکردنی شاعیرانی کلاسیک شیعری نووسیوە؛ بە تایبەتی لە ساڵانی ١٩٤٥-١٩٥٠، بەڵام دوای ئەوەی کەوتە بەندیخانە و لەسەرەتای پەنجاکان لەناو بەندیخانەی کەرکوک کە دەبێتە هاوڕێ و هاوبیری گۆرانی شاعیر، ئیتر دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەو شاعیرە و لەو کاتەوە دەست بە نووسینی شیعری نوێ دەکات و لەناو شیعرەکانیش زیاتر ئاوڕ لە شیعری سیاسی و نیشتمانی دەداتەوە و زۆربەی شیعرەکانی بۆ ئەم مەبەستە تەرخان دەکات، ئەگەرچی شیعری دڵداری وکۆمەڵایەتیشی فەرامۆش نەکردووە، بە ئاوڕدانەوە لە ناوەرۆکی شیعرەکانی، بۆمان دەردەکەوێت کە شاعیر بە حوکمی بیروباوەڕە سیاسییەکەی و ئەو قۆناغەی پێیدا تێپەڕیوە، دەستی بۆ زۆر بابەت و لایەنی کۆمەڵایەتی بردووە و وەک خەمخۆرێکی میللەتەکەی ئەو بابەتانەی بەسەر کردووەتەوە کە ببوونەهۆی دواکەوتوویی و پارچەپارچەبوونی کورد و ئەو ژیانە کولەمەرگییەی تێی کەوتووە، کە تا دوا ساتەکانی ژیانی هەر بەو دەردەوە تلاوەتەوە .”
تایبهت به بیروباوهڕی سیاسی و شیعری نیشتمانپهروهری له شیعرهكانی شاعیردا ئهو مامۆستایهی زانكۆ دهڵێ: “سەرەتای سەرهەڵدانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كورد لە كوردستانی باشوور بۆ ساڵانی پێش جەنگی دووەمی جیهانی دەگەڕێتەوە و لەگەڵ پەیدابوونی حیزبی (هیوا) دەست پێدەكات، شاری هەولێر و گەنجانیشی لە سەرەتای دروستبوونی ئەم حیزبەوە بەشدارییان لە دامەزراندنی كردووە و رۆڵی تایبەتییان لەدارشتنی بنەماکانیدا هەبووە، گەنجان و قوتابیانی ئەو سەردەمەی شاری هەولێریش لە جۆرە هەڵسوكەوتێكی رۆشنبیری و سیاسیدا دەژیان و مامۆستایان كاریگەرییەكی باشیان لەسەریان هەبووە، شاعیریش وەك یەكێك لە قوتابیانی ئەوسەردەمە چووەتە ناو ریزی ئەم حیزبە و بەشداری تێدا كردووە، لەم بارەیەوە (د. مارف خەزنەدار) دەڵێت: (كاك عەلی لەهەولێر لە بەچكەشێرانی حیزبی هیوا بوو، بە تایبەتی لە قۆناغی سەرەتاییدا (1942-1943)، چونکە حیزبی هیوا دەستی پێكردبوو وەریان بگرێت و شانەشیان هەبوو، هەر وەك شانەی ئێمە كە پێك هاتبوو لە ئەحمەد عوسمان و خاڵس جەواد و عومەر گەردی و من؛ بێگومان كاك عەلییش لەگەڵ شانەیەكی تردا بوو، چونكە ئەوانە لەناو حەرەكەی سیاسیدا بوون، بۆ سەلماندنی بوونی شاعیر لەناو ریزی حیزبەکان لە دوای نەمانی (حیزبی هیوا) ئەو نووسراوەی كە لەلایەن پۆلیسی لیوای هەولێرەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گشتی شاری بەغدا نێردراوە دەیسەلمێنێت لەبارەی لیستی ناوی ئەندامانی حیزبی رزگاری و چالاكیە كانیان لە شاری هەولێر، كە ناوی شاعیر لە ریزی پێشەوە و لە پلەی (14)دایە لە كۆی (40) ناو كە چالاكترین ئەو كەسانە بوون لە گۆڕەپانی سیاسی ئەم شارەدا .”
سهبارهت به پهیوهندی و كاریگهری شیعری شاعیران بهسهر خوالێخۆشبوو عهلی فهتاح دزهیی، د. بهكر كاروانی دهڵێ: “وەک لە پێشەوە ئاماژەم پێ کرد، شاعیر پەیوەندییەکی رۆحیی لەگەڵ مەلا خەلیل دووسەرەدا هەبووە و هەر لە منداڵییەوە لەگەڵی بووەو لەسەر دەستی ئەو فێری خوێندن و خوێندهواری و شیعرنووسین بووە، هەروەها بنج و بنەوانی شیعری کلاسیکی لەسەر دەستی ئەو فێر بووە، هەروەها دوای گەیشتنی بە قۆناغی زانکۆو گیرانی لەسەر هەڵوێستە سیاسییەکانی، لەناو بەندیخانە دۆستایەتی لەگەڵ گۆرانی شاعیردا پەیدا کردووە و بووەتە دەستەچەپی ئەو شاعیرە لە نووسینی شیعری نوێدا؛ ئەمەش بەوەی کە زۆر لە مێژوونووس و رەخنەگرانی ئەدەب (ئەحمەد هەردی) شاعیر بە دەستە ڕاستی گۆران دەزانن لە نووسینی شیعری نوێدا، هەروەها پاش چوونی شاعیر بۆ سووریا و مانەوەی لە شاری دیمەشق و تێکەڵبوونی بەکاری سیاسی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنەکانی ئەوێ هاورێیەتی لەگەڵ (قەدری جان) و (جگەر خوێن) و (عەسمان سەبری) پەیدا دەکات، کە کاریگەرییەکی زۆریان لەسەری دەبێت، هەروەها تێکەڵبوونی لەگەڵ بنەماڵەی بەدرخانییەکان بە تایبەتی کامیران بەدرخان و رەوشەنخانی هاوسەری جەلادەت بەدرخان، کە لەماڵەکەی ئەوان بۆ یەکەمجار چاوی بە مەم وزینی خانی دەکەوێ و بیروباوەری کۆمۆنیستی لەلای لاواز دەبێ و بیروباوەری نەتەوەیی لە مێشکیدا دەچەسپێ، هەروەها لەگەڵ (هەژار موکریانی)یش دۆستایەتی پەیدا دەکا، کە ئەویش ئەوکات هەر لە سوریا و لە دیمەشق بووە و وەک ئاوارەیی کاتیان بەیەکەوە بەسەر دەبرد، ئەمە جگە لەوەی کە پەیوەندی نزیکی لەگەڵ شاعیرە عەرەبە عێراقی و سووریەکانی دانیشتووی سووریا هەبووە .”
خوالێخۆشبوو (عهلی فهتاح دزهیی) جگه لهوهی شاعیر بووه لهههمان كاتدا بهرههمی ئەدەبیشی لهزمانی ئینگلیزیهوه وهرگێڕاوهته سهر زمانی شیرینی كوردی، بۆیه دكتۆر كاروانی ئاماژهی دا: “لەبارەی وەرگێڕانەکانیشی گوتی: شاعیر جگە لە دیوانەکەی، چەندین وتار و لێکۆڵینەوەی ئەدەبی بەتایبەتی لەسەر مەم و زین و نەوبەهاری ئەحمەدی خانی و بابەتە شیعرییەکان نووسیوە، هەروەها چیرۆکەکانی (گی دی مۆپاسان)ی نووسەری فەرەنسی لە زمانی ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی بە ناوی (ملوانکەی ئەڵماس)، کە خۆی شانزە چیرۆکە.”