چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

تاقانە ڕۆمانی ئانی ئیرنۆ-ی وەرگری خەڵاتی نۆبڵ بە کوردی

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی خەڵاتی نۆبڵ ئەوەیە، کە هەندێکجار نووسەری پەراوێزی و گرنگ بە خوێنەرانی هەموو لایەکی دونیا دەناسێنێت.

بێگومان لەگەڵ ئەم نووسەرە گرنگ و دەگمەنانەدا بە دەیان نووسەری دیکەشی کردووەتە ناودار، کە شایستەی ئەو ناوبانگ و خەڵاتە نەبوون، بەڵام من لێرەدا ناچمە سەر ئەو باسە و ئەوەی مەبەستمە باسی ئەو نووسەرە گرنگ و پەراوێزیانەیە کە ستەمی ڕۆژگار بووەتە هۆی ئەوەی تیشک نەکەوێتە سەر ئەدەبیاتەکەیان، یان ڕەنگە زۆرجار بەهۆی نەبوونی دەرفەت و بەدبەختییەوە ئەو دەرفەتە نەڕەخسابێت. یەکێک لەو نووسەرانەی کە ئەگەرچی لەسەر ئاستی فەرەنسادا نووسەرێکی ناسراوە، بەڵام لەسەر ئاستی دونیادا ناسراو نەبوو ئەویش “ئانی ئیرنۆ”یە، کە تا بەر لە خەڵاتی نۆبڵ کە ئەدەبیاتەکەیان لە پەراوێزدا بوو و تیشکێکی جیهانی نەچبووە سەر ئەدەبیاتەکەی، بەڵام دواجار ساڵی ڕابردوو خەڵاتی نۆبڵی وەرگرت. ئانی ئیرنۆ کە لە ١٩٤٠ لەدایک بووە. ١٦یەمین نووسەری فەرەنسایە، کە ئەو خەڵاتە وەردەگرێت.
وەک نووسەران و لێکۆڵەران باسی دەکەن و سەرنجێکی گشتی لەبارەی رۆمانەکانی ئەم نووسەرەوە دەردەبڕن ئەوان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە ڕۆمانەکانی ئەو نووسەرە زیاتر ڕیالیزمین و لەناو ڕاستی ژیانی ڕۆژانەی خۆیەوە سەرچاوە دلاەگرن و هاوکات لە باسکردنە لە دۆخی ژن و ئەقڵیەتی کۆمەڵگە بەرامبەر ئەم ڕەگەزە و بەشی هەرە زۆری چیرۆکی رۆمانەکانی لە واقیعی ژیانەوە وەرگیراون؛ هاوکات بەوەش ناسراوە، کە بوێرە لە گێڕانەوەی ڕووداوەکان وەکو خۆیان و کار بۆ دەرخستنی ڕاستی دەکات.
داگیرکردنی پیاوێک، یەکەم رۆمانی ئەم نووسەرەیە بە زمانی کوردی و پێنج ساڵ بەرلەوەی خەڵاتی نۆبڵ وەربگرێت لەلایەن فەیسەڵ خەلیل-ەوە کراوە بە کوردی و دەزگای ڕۆسا بە چاپی گەیاندووە. بەڵام هەر لە بێدەنگیدا مایەوە و بەهیوام پاش وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ تیشک بچێتە سەر ئەم کارە و کارەکانی دیکەی ئەم نووسەرە.
ڕۆمانەکە کارکردنە لەسەر چەمکی ئیرەیی و چیرۆکی ژنێک دەگێڕێتەوە، کە دوای جیابوونەوەی ئیرەیی بە مێردە کۆنەکەی دەبات لەگەڵ دۆستە نوێیەکەدا. ئەمەش دەبێتە کەڵکەڵەیەک بۆ ئەو ژنە و دەیەوێت بزانێت چی لەم ژنە نوێیەدا هەیە، کە لەمدا نەبووە و سەرنجی پیاوەکەی پێشووی ڕاکێشاوە. چیرۆکەکە ئەگەرچی بە ژمارەی لاپەڕەکانی کورتە، بەڵام گێڕانەوەی گەڕانە تولانییەکانی ئەم ژنەیە بەدوای ناسنامەی ئەو ژنە نوێیەی دڵخوزای پیاوەکەی پێشوویەتی و ئێستا لەئەمی داگیر کردووە. چیرۆکی ئەم ژنە هەوڵە بۆ ئەوەی ئەو پیاوەی پیشووی داگیربکاتەوە. بەگشتی چیرۆکی ئەم رۆمانە هەوڵە بۆ داگیرکردنی پیاوێک لەلایەن دووژنەوە. یان دروستترە بڵێین ململانێی نێوان دووژنە بۆ داگیرکردنی پیاوێک، ئەگەرچی یەکێیان ئەکتیڤانە ململانێ دەکات و ئەوی دیکەیان هێمنانە بەردەوامە.
ژنەکە هەر لە سەرەتاوە تووشی ئیرەییەکی کوشندە دەبێت و ئەمەش تەواوی ژیانی داگیر دەکات، لەگەڵ ئەوەی کە خۆی دەیەویست ببێتە داگیرکار، بەڵام خۆی بووەتە داگیرکراو، بێگومان ئەمەش لەلایەن هەستی ئیرەییبردنەوە تەواوی ژیانی داگیرکراوە و ئاگاداری هیچ شتێکی ژیانی نەماوە. ڕۆمانەکە بە سادەیی بەڵام بە شێوەیەکی سەرنجڕاکێش و لە قووڵاییەکی تەواو دەروونیدا ڕووداوەکانی دەچنە پێشەوە و هەرگیز خوێنەر بێزار ناکەن. چیرۆکی رۆمانەکە پڕ ڕووداو نییە، بەڵام جوڵەی بەردەوامی تێدایە و خوێنەر حەز بە دەستبەرداربوونی ناکات تا دوا ڕستەکانی کۆتایی.
ئەم ڕۆمانە لە چەشنی ئەو رۆمانانەیە کە دەیخوێنیتەوە ئیدی هەرگیز چیرۆکەکەیت بیر ناچێتەوە و چەندین چیرۆکی هاوشێوەشی لە دەوروبەری خۆمان هەست پێ دەکەین. بۆیە دەتوانین بڵێین ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرە واقیعێک دەگێڕنەوە کە نووسەرانی دیکە ئەو لایەنەی واقیعیان فەرامۆش کردووە بۆیە ناتوانین هاوشێوەی ئەم نووسەرە لە جیهاندا بدۆزینەوە.