دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

مەلیکی کوردستان وەک شاعیرێک

حەمەسەعید حەسەن

٢٠٠٦ لە یادی پەنجا ساڵەی ئۆغری خێریدا، عومەر مەعرووف بەرزنجی، شیعرەکانی مەلیک مەحموودی (١٨٨٦ – ١٩٥٦) کۆ کردوونەتەوە و دوای ساغکردنەوەیان، پێشەکی و پەراوێزی بۆ نووسیون. دیوانەکەی ناو ناوە: (نووربەخشی) کە ناسناوی شیعریی مەلیکی کوردستان بووە. د. مارف خەزنەدار لەبارەی شیعرییەوە گوتوویەتی: “شێخ مەحموودی مەلیک شیعری زۆر نییە، بەڵام ئەوەی هەیەتی، دەیکات بە شاعیرێک، مێژووی ئەدەب ناوی بپارێزێت. ناوەڕۆکی شیعری، هەمووی دانایی و کوردایەتییە و لە وەسفدا سەرکەوتوو بووە.” بە کێشی عەرووز شیعری نووسیوە، یەکەمین جار گۆڤاری (هەتاو)ی گیو موکریانی، لە ئایاری ١٩٥٤دا، شیعری بۆ بڵاو کردووەتەوە.

گەر مانیعی حەققی میللەتی کورد بن عەرەب
بێ شک نوێژەکانم بە کوردی قەزا ئەکەم

بایەخی مەلیک مەحموود، زادەی ئەوە نییە، پیاوێکی دینی، شێخ، سۆفی یان قادری بووە، لە کوردستان چی زۆرە؟ مەلا و شێخ و سۆفی، ئەوەی ئەوی بە نەمری و ڕێزلێگیراوی هێشتووەتەوە، خەباتە لەپێناوی کوردستاندا، ئەم بۆچوونە بۆ هەموو سەرکردەکانی تریش دروستە، هەر لە شێخ سەعیدی پیرانەوە تا قازیی محەممەد و مەلا مستەفا بارزانی.
شێخ مەحموود پێوەندیی لەگەڵ شاعیران و نووسەرانی سەردەمی خۆیدا پتەو بووە، ئیدی هەر لە حەمدی و ناری و بێخودەوە تا ڕەفیق حیلمی و ئەحمەد خواجە و تۆفیق وەهبی، تەنانەت شێخ سەلام شیعرێکی شێخی بەپێنجخشتەکی کردووە:

شێت نەبووم بۆچ ئارەزووی سەیری جەبەل لوبنان ئەکەم
دایما سەیر و سەفای باخاتی هەورامان ئەکەم
کوردم و هەر حەز بە ئیستیقلالی کوردستان ئەکەم
وەحشەت و نەفرەت لە چارەی عارەبی پێپان ئەکەم
من تەمەننای سەربەخۆییی میللەتی خۆمان ئەکەم

مەلیک مەحموود کە لەنێوان ١٩١٨ و ١٩٢٣دا، سێ جار، بە هەر سێ جارەکە دوو ساڵێک، فەرمانڕەوای (کوردستان) بووە، وێڕای شیعر، (ڕۆژنامەگەری)یش جێی بایەخی بووە، فەرمانڕەوا بووبێت، یان یاخی، ئەوەی بەلاوە گرنگ بووە، خاوەنی زمانحاڵ بێت. بانگی کوردستان، ڕۆژی کوردستان، بانگی حەق و ئومێدی ئیستیقلال هەر یەکە و لە قۆناغێکدا زمانحاڵی بوون.

نامەوێ ژینی ئەسارەت بەسمە ژینی گومڕەهی
نایکەمە سەر خۆم بە دەستی موددەعی تاجی شەهی
قەت بە ئەمری دوژمنانم نامەوێ فرمانڕەهی
نامەوێ تەختی کەی و بەختی جەم و شاهەنشەهی

ئەم شیعرە ئەگەر جوانترین هۆنراوەیشی نەبێت، بەناوبانگترینیانە. شاعیرانی کلاسیک لە دوا بەیتی شیعرەکانیاندا ناسناوی خۆیان دەنووسی، شێخی گەورە لە شیعری (شەڕی سوورداش)دا، کە ١٩١٩ نووسیویەتی، لە بەیتی یەکەمدا ناسناوی خۆی نووسیوە:

دڵ لە بەندی سینەدا دووبارە واوەیلا ئەکا
(نووربەخشی) ناسرەوێ مەیلی شەڕ و غەوغا ئەکا

کە لە شیعری (نووربەخشی)دا دەنگی ئایدۆلۆجیا بڵندە، نە شتێکی سەیرە و نە لایەنێکی تاریک، ئاخر ناکرێت ژیانمان بۆ شۆڕش تەرخان کردبێت و خۆمان لە نووسینی شیعری شۆڕشگێڕانە بدزینەوە. نەک سەدەیەک بەر لە ئێستا، حاڵی حازریش نە شیعر هەیە، کەم یان زۆر بارگاوی نەبێت بە فیکر، نە ڕەخنەی ئەدەبی، ئاخر هەڵاتنیش لە فیکر، فیکرە، فیکری خۆ بەدەستەوەدان.

چی بەسەر هات تاقی کیسرا، هەیبەتی سوڵتان ڕەشاد؟
حوکمی هاروونە ڕەشید و تەخت و بەختی کەی قوباد؟
چەند هەزار ئینسانی ناسک، جوملە بوونە خاک و خۆڵ
کورەیی ئەرزە سەراسەر، پڕ لە ئێسقانی عیباد

عومەر مارف بەرزنجی لەبارەی ئەم شیعرەی شێخەوە دەڵێت: “لە چاپی دووەم و سێیەمی دیوانی(بێکەس)دا، بە هەڵە بە بەرهەمی ناوبراو لە قەڵەم دراوە.” کە باسی شیعری ئەو سەردەمە دەکەین، هەم چێژی لێ وەردەگرین، هەم شتێکیش لەبارەی مێژووەوە فێر دەبین. وەبیرمان دێتەوە خەونێکی دێرینمان هەیە، هێشتا بەدی نەهاتووە، بەڵام ڕۆژێک دادێت، ئەو خەونە ببێت بە واقیع، ئەگەرنا وەک مەحاڵ وایە، گەلی ستەملێکراو بە قەوانی برایەتیی درۆینە فریو بخوات.
فەرهادی قەومی کوردم و فەریادی کورد دەکەم
دوژمن بە کوتەکی کاوە وەکوو شووشە ورد دەکەم

یان کەشتیی کورد ئەبەمە ساحیلی نەجات
یان ڕۆحی خۆم و ئالی پەیامبەر بە پرد دەکەم

مەبەستی لە ئالی پەیامبەر، شێخانی بەرزنجەیە، کەواتە خەباتی شێخ، نە لەپێناوی بنەماڵەکەیدا بووە، نە لە قازانجی ڕێبازی قادری، بەڵکوو لە پێناوی مافی ڕەوای گەلەکەیدا بووە.
سارتەر دەیگوت: ئەوی دیکە دۆزەخە، بەڵام لای نیتشە، بەزەیی پێدا هاتنەوە دۆزەخ بوو. نووربەخشی، داگیرکار ئینگلیز بووبێت یان عەرەب، بە دۆزەخی زانیون، وەک یاخیبوویەکی ورەبڵند هەڵسوکەوتی کردووە و لێ نەگەڕاوە جێگەی بەزەیی پێدا هاتنەوە بێت. کۆیلە کەسێکە ویستی زەوت کرابێت، کەسێکە دەستپێشخەری ناکات، دوای مافی خۆی ناکەوێت و سزای بەدکار، بە داهاتوویەکی وەهمی دەسپێرێت کە ڕەنگە ئاگری دۆزەخ بێت.

شیری وشتر بۆ ئەخۆم؟ چیمە لە گۆشتی سووسەمار؟
شیری مەڕ بێ خواردنم، دابەستە بۆ زستان ئەکەم

ڕانکوچەغەی لای ڕەواندوز، پەستەکی بانەم هەیە
بۆ کڵاشی تیرەقایم، ڕوو لە هەورامان ئەکەم

من لەجێی عەگگاڵی ئەسڵت، یان سدارەی موستەعار
تەپلەیی کورکی لەتیفی کەڵهوڕ وئەیوان ئەکەم

نیشتمانی کوردەواری شاخ و داخ و هەردەیە
پێپەتی! کەر بووی ئەڵێی تەسخیری کوردستان ئەکەم!
*
ئەیوان: شارۆچکەیەکە لە ئیلام
تەپلە: کڵاو
تەسخیر: داگیر
ساحیل: کەنار
سووسەمار: مارمێلکە
فەریاد: هاوار
کورک: وردەمووی نەرمی بزن
موستەعار: خوازراو