ئارام كۆشكی – سلێمانی
پرسیاری ئەوەی بیرکردنەوەکانی مرۆڤ بەرهەمی چییە پرسیارێکی ئاڵۆزە، بەڵام ئەوەی من لێرەدا دەمەوێت سەرنجێکی کورتی بخەمە سەر پەیوەندی نێوان خوێندنەوەیە لەگەڵ بیرکردنەوەی مرۆڤ.
ئایا چ شتێک ڕەنگدانەوەی تەواوەتی لەسەر بیرکردنەوەکانی مرۆڤ دادەنێت؟ بێگومان ئەوەی ڕەنگدانەوەی لەسەر بیرکردنەوەی مرۆڤ زۆر لایەنە و بەشێکی بۆماوەییە و بەشێکی پەیوەندی بە ژینگەی گەورەبوون و فێرکارییەوە هەیە بەشێکیشی دەگەڕێتەوە بۆ ئایین و کولتوور، بەڵام بەشێکی کە تا هەنووکە باس نەکراوە و لە قۆناغێکی پێگەیشتوودا ئەم ڕوو دەدات پەیوەندی بە خوێندنەوە و جۆری ئەو کتێبانەوە هەیە کە مرۆڤ دەیانخوێنێتەوە. مرۆڤ بۆ ئەوە دەخوێنێتەوە تا هونەری ژیانکردن فێربێت، بەڵام ئەوەی جۆری ئەو ژیانکردنە دیاری دەکات هەڵبژاردنی ئەو کتێب و ئایدیایانەیە کە خۆی ئازادە کامیان هەڵدەبژێرێت و کام بیرمەند و ئایدۆلۆژیا و ئایین دەکاتە ڕووگەی بیرکردنەوەکانی، چونکە لەوێوە ئیدی ئاراستەی بیرکردنەوەی دیاری دەکرێت و بەو ئایدیا و ئایدۆلۆژیا و ئایینانە قسە و هەڵسووکەوت دەکات کە پێی سەرسامە و دەیانخوێنێتەوە.
هەفتەی پێشوو هاوڕێیەکم بە پێداگرییەکی زۆرەوە پەسنی بیروبۆچوونەکانی یەکێک لەو یوتوبەرانەی کردبوو کە جارجار بە نەشارەزاییەکی زۆرەوە لوت لە فەلسەفە و هەندێک بابەتی فیکریی دەژەنێت و چەند چەمکێکی فەلسەفی، بەبێ ئاگاداریی لە قوتابخانە فەلسەفییەکانیان و ئەو بیرمەندانەی بەکاریان هێناوە بەکار دەهێنێت. ئەو هاوڕێیە ئەو کەسە یوتوبەرەی (لێرەدا یوتوبەر ناوێکە بۆ کەسێک کە ڕۆشنبیرییەکی سەرەتایی هەیە و زیاتر بوونەوەرێکی قسەکەرە) لە ڕیزی یەکێک لە بیرمەندە گرنگەکان و مرۆڤە بیرکەرەوەکانی سەردەم هەژمار کردبوو. بێگومان مرۆڤ ئازادە کێ دەکات سەروەر و ئایدیاڵی خۆی، بیری کێی بەلاوە باشە؟ من بڕوام بە ئازادی تەواوەتی هەیە، بەڵام بانگەشەکردن بۆ ناجیدیبوون بە ناوی جیدییەتەوە، ئەمەیان جێگەی ڕەخنە و هەڵوەستە لەسەر کردنە. لە چەشنی ئەم یوتوبەرەی کە دوای لایڤەکەی لێی پرسی باسی چیت کردووە خۆیشی نازانێت چی وتووە؟
ناکرێت ئەوەی ناوی فەیلەسوف و چەمکی ڕیز کرد، ئێمە بە بوونەوەری بیرکەرەوە و هزرمەندی بزانین. ناکرێت هەر کەسێک قسەی زۆر کرد و بەردەوام لەسەر هەموو شتێک قسەی هەبوو، ئەوە کەسێکی بیرکەرەوە بێت (بێگومان لێرەدا قسەم لە حاڵەتی ئاوارتە نییە). بەتایبەت قسەکردن لەسەر فیکر و فەلسەفە لەگەڵ ئەوەی ئەزموونێکی قووڵی بیرکردنەوە و خوێندنەوەی دەوێت، هاوکات ئەزموونێکی زۆری تیاژیانی دەوێت، کە کەمن ئەو مرۆڤانەی بتوانن بەرگەی بگرن. قاڵبوونەوە لە فیکر و فەلسەفەدا مرۆڤێکی قسەکەر دروست ناکات، بەڵکو بوونەوەرێکی بێدەنگ دروست دەکات، بێدەنگییەک کە زیاتر ڕامان و قووڵبوونەوەیە لە دونیا و ئەو ئایدیایانەی بەری کەوتووە و لەوێشەوە ئەگەر پرۆژەیەک، بیرۆکەیەکی هەبێت دەیکاتە نووسین، یان دیبەیتی سەنگینی بەرهەمدار. لە هەر شوێنێکدا بوونەوەرێک بانگەشەی ئەوەی کرد لە فیکر و فەلسەفەوە نزیکە و دەیەوێت لە ڕێگەی قسەکردنی زۆرەوە (هەڵبەت نەک دیبەت) پەیامە فیکرییەکانی بگەیەنێت، ئەوە یان بە هەڵە لە دونیای فیکر تێگەیشتووە، یان هەر هیچ تێنەگەیشتووە. چونکە خوێندنەوەی بابەتی فیکریی ئەگەر بە تێگەیشتن و وردبوونەوەوە نەبێت بوونەوەرێکی قسەکەری بێ فیکر دروست ناکات، بەڵکو بوونەوەرێک بەرهەم دەهێنێت کە ڕامانخواز و هزرمەند بێت. بۆیە شەرعییەتدان بە یوتووبەرێک و ناساندنی وەکو هزرمەند و فیکرناس جێگەی ڕەخنە و هەڵوەستە لەسەرکردنە و ناشکرێت هیچ دیبەیتێک لەگەڵ بوونەوەری لەم چەشنە و هاوشێوەکانیاندا بکرێت، چونکە هەر لە بنەڕەتەوە دیبەیتکردن لەگەڵ کەسانی بێفکردا هەڵەیەکی کوشندەیە.
خوێندنەوە و بەرهەمداربوون لە خوێندنەوە ڕێگەیەکی ئاسان نییە، بەڵکو پێویستی بە ڕامانی قووڵ و وردبوونەوە و ئارامییەکی زۆر هەیە. ڕاستە ئەوەی لە خوێندنەوەوە دەست مرۆڤ دەکەوێت لە هیچ جێگەیەکی دیکەدا دەستی ناکەوێت، بۆیە بەرهەمەکەشی بۆ هەمیشەیی دەمێنێتەوە. ئەو قسەیەشی دەڵێت پێم بڵێ چی دەخوێنیتەوە پێت دەڵێم تۆ کێی؟ قسەیەکە ڕاستییەکی زۆری تێدایە، لەبەر ئەوەی مرۆڤ لەو کتێبانە بەهرەمەند دەبێت، کە دەیانخوێنێتەوە، یان بە جۆرێک لە جۆرەکان لە ڕەنگڕێژکردنی کەسایەتیدا ڕەنگ دەدەنەوە، بێگومان لێرەدا قسەمان لەسەر خوێندنەوەیە بە بەرنامە و لە ئاستێکی وشیاریی بەرزدایە، کە مرۆڤ خۆی تەرخان دەکات بۆ خوێندنەوەی قوتابخانەیەکی فەلسەفی، یان ڕەخنەیی و دەیەوێت بەتەواوی لەو بابەتەدا قاڵبێتەوە.
خوێندنەوە؛ بەرهەمداربوونە لە بیروبۆچوونی ئەوانی دیکە. سەرسامبوون بە کەسانی بیرمەند و رۆشنگەر و خوێندنەوەی بەرهەمەکانیان ڕێگایەکە بۆ بەرهەمەداربوون لێیان. بەڵام سەرسامی بە یوتوبەرێکی بیرنەکەرەوە، نەک هیچ بەرهەمداربوونێکی لێ ناکەوێتەوە، ڕەنگە لە ڕووی ئەقڵییەوە پاشەکشە بکەین و نەتوانین سەردەمیانە و بە هەنگاوی پتەوەوە بەرەو ئایندە هەنگاو بنێین.