ستار ئه‌حمه‌د، ساڵی 1962 له شاری كه‌ركوكدا هاتووه‌ته دنیاوه؛ ئاماده‌ییشی هه‌ر له‌و شاره ته‌واو كردووه؛ ساڵی 1980 چووه‌ته كولێژی ئه‌ندازیاریی به‌غدا و پاش دوو ساڵ خوێندن له‌به‌ر باری تایبه‌تی و رامیاری ده‌ستی له خوێندن هه‌ڵگرتووه؛ ساڵی 1987 یه‌كه‌م به‌رهه‌می له گۆڤاری به‌یاندا بڵاو كراوه‌ته‌وه. له‌و كاته‌وه به‌رده‌وامه و خاوه‌نی دە كتێبی چاپكراوه؛ له‌وانه: ئاسۆ برینی هه‌تاوه (شیعر)، كۆچباری گزنگ (رۆمانهشیعر)، نیشتمانێك له هاژه‌ی ئاو (شیعر)، زریوه‌ی ئه‌ستێره ده‌سرازه‌ی زامه (شیعر)، سۆزی شاعیر (شیعری گۆرانی)، ئاوابوونی جه‌سته له سه‌فه‌ری دڵدا (شیعر)، گۆرانییه‌ك بۆ چرۆكان (شیعری مناڵانه)؛ به‌رگی یه‌كه‌می دیوانه‌كه‌شی به‌چاپ گه‌یشتووه به ناونیشانی (دیوانی ستار ئه‌حمه‌د).
پاش ئه‌وه‌ی به‌ر شاڵاوی راگواستن ده‌كه‌وێ له شاری سلێمانیدا ده‌گیرسێته‌وه؛ له ساڵی دووهه‌زاره‌وه خه‌ریكی كاری رۆژنامه‌وانییه و له‌م شوێنانه‌ش كاری كردووه: رێبازی ئازادی، هاوڵاتی، كه‌ركوكی ئه‌مڕۆ، بانه‌ڕۆژ، هه‌واڵ، ئێستاش نیشته‌جێی كه‌ركوكه و ده‌سته‌ی كارگێڕی نووسه‌رانه و شیعره‌كانی بۆ زمانی دیكه‌ی وه‌كو عه‌ره‌بی و ئینگلیزی و فارسی و ئه‌مازیغی وهرگێڕدراونەتەوە؛ نزیكه‌ی چل شیعری لێ كراونەتەوە به عه‌ره‌بی؛ زیاتر له په‌نجا شیعری له‌لایه‌ن گۆرانیبێژانه‌وه كراون به سروود و گۆرانی. بە زمانی كوردی و عه‌ره‌بی ده‌نووسێت؛ په‌نجا شیعری زیاتری به زمانی عه‌ره‌بی لە رۆژنامه عه‌ره‌بیه‌كانی وه‌كو رۆژنامه‌ی (الزمان، النهار ..) بڵاو كردووه‌ته‌وه.
حەفت كتێبی ئاماده‌ن بۆ چاپ كه پێنجیان لێ به زمانی كوردین و دووانیشیان به زمانی عه‌ره‌بی؛ سكرتێری نووسینی رۆژنامه‌ی (سیروان)ـه كه له شاری كه‌ركوكدا ده‌رده‌چێت.
رۆژنامه‌ی هه‌ولێر به پێویستی زانی ئه‌و دیداره‌ی له‌گه‌ڵدا ساز بكات:
- شیعر لای تۆ چی ده‌گه‌یه‌نێت؟
شیعر خۆشه‌ویستییه؛ بۆیه پێناسه‌یه‌كی دیاریكراوی نییه؛ هه‌ركه‌سه‌و جۆره بۆچوونێكی هه‌یه؛ به بۆچوونی من، شیعر هه‌ڵوێسته. - ئێستای شیعری كوردی چۆن ده‌بینی؟
ئێستاکە، شیعری باش له قه‌یران و پاشه‌كشه‌دایه. - بۆ كێ ده‌نووسیت و ئامانجت چییه له نووسیندا؟
بۆ كورد و كوردستان ده‌نووسم؛ ئامانجم گه‌یاندنی په‌یامێكی ئینسانییه به هه‌موو جیهان. - به چه‌ند زمان ده‌نووسیت و ئاشنایه‌تیت چۆنه له‌گه‌ڵ كتێب و له‌گه‌ڵ خوێندنه‌وه‌دا؟
به دوو زمان، كوردی و عه‌ره‌بی ده‌نووسم و كتێب خۆشه‌ویستمه و هه‌تا ڕاده‌یه‌كی باشیش ده‌خوێنمه‌وه. - كێ هاوكار و هانده‌رت بووه له نووسیندا؟
وه‌كو هاوكار، كه‌س هاوكارم نه‌بووه، به‌ڵام شیعری شاعیرانی كۆن كاریگه‌رییان له‌سه‌رم بووه و هانیان داوم تێكه‌ڵ به دنیای نووسین بم. - پیرۆزیی خاكی نیشتمان و گه‌وره‌یی شه‌هیدان و كۆچی ئازیزان له كوێی شیعری تۆدان؟
پیرۆزیی خاكی نیشتمان و گه‌وره‌یی شه‌هیدان و كۆچی ئازیزان، پانتاییه‌كی مه‌زنی شیعره‌كانمی داگیر كردووه. - ڕات چییه له‌سەر ئه‌و زۆروبۆرییهی شیعر؟
ئه‌و زۆروبۆرییهی شیعر، كاره‌ساتێكی ترسناكه به‌رۆكی زمانهكهمانی گرتووه؛ ژانره‌كانی تری ئه‌ده‌بیشی له‌كه‌دار كردووه. - قه‌ڵه‌می ژن، له نووسین و شیعردا چۆن ده‌بینی و تاچه‌ند ئه‌و قه‌ڵه‌مه بۆته چه‌كێکی داكۆكیكار له ماف و چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان؟ تۆ وه‌ک شاعیرێک شیعرت بۆ نووسیون؟
تا ڕاده‌یه‌ك قه‌ڵه‌می باشی ژنمان هه‌یه كه داكۆكی له مافی ژنان ده‌كه‌ن و ئاریشهكانیان ده‌خه‌نه ڕوو، به‌ڵام نه‌بوونه‌ته چاره‌سه‌ری كێشه‌كانیان. منیش چه‌ندین شیعرم بۆیان نووسیوه و هاوبه‌شی ژانیان بوومه و داكۆكیم لێیان كردووه.
ـ ئەم فه‌یسبوك و ئهنتهرنێتە نه‌بۆته ڕێگر له به‌رده‌می خوێندنه‌وه و پیرۆزیی كتێبدا؟
به دڵنیاییه‌وه فه‌یسبووک و ئه‌نته‌رنێت؛ كاریگه‌ریی نه‌رێنیان له‌سه‌ر خوێندنه‌وه و كتێب هه‌یه، به‌ڵام هێشتا كتێب پیرۆزیەکەی خۆی هه‌ر هه‌یه و ماوه. - پرۆژه و به‌رنامه و كاری نوێتان؟
حه‌وت كتێبم ئاماده‌ن بۆ چاپ؛ پێنجیان كوردین و دووانیان عه‌ره‌بی؛ ئاواتمه به‌چاپیان بگه‌یێنم و ده‌زگایه‌ک ده‌ستی یارمه‌تیم بۆ درێژ بكات، چونكه به‌خۆم ناكرێت.