شیعر و بیرکردنەوە

نوێترین کتێبی ڕەخنەیی سەبارەت بە شیعری کوردی

“شیعر و بیرکردنەوە” ناونیشانی نوێترین کتێبی نووسەر و مامۆستای زانکۆ هەرێم عوسمان، کۆمەڵێک لێکۆڵینەوەی تیۆری و پراکتیکە سەبارەت بە شیعری کوردی و دەشتوانین بڵێین نوێترین کتێبی ئەم نووسەرەیە کە تێیدا باسی ڕەخنە لەسەر شیعری کوردی دەکات. 

کتێبەکە پێک هاتووە لە چەند توێژینەوە لەبارەی شیعر و شیعری شاعیرانی کورد، هەندێک باسی ڕەخنەیی بە تایبەت ڕەخنەی کوردی و ڕەخنەی ڕەخنە. بەشێک لە بابەتەکانی ئەم کتێبە پێک هاتووە لەم بابەت و تەوەرانەی خوارەوە: 

“پرسی شیعر لای ئەفلاتون، ڕەخنە بۆ ئەوە لێرەیە تا ڕەخنە بشارێتەوە، داهێنانی تێکست لە پانتایی ڕۆشنبیریی کوردیدا، دزینی ئەدەبی و پرسێک لە ئەدەب و نامە ئەکادیمییەکان، کێشەی هونەر لە شیعری (بۆ بولبول)ی گۆراندا، خوێندنەوەیەک بۆ شێواز و ناوەرۆکی شیعری نیازی گۆران، مانا و رەمزی شاخ لە شیعری شێرکۆ بێکەسدا، شـــیعرەکـانی مــوفــتی پـێنجـوێـنی، لـە خــودهـۆشـــــیارییـەوە بــۆ هـۆشــــیاری نــەتــەوەیی، کاریگەری فەلسەفەی بوونگەرایی لەسەر شیعرەکانی ڕامیار مەحمود، پرسی سۆفیگەرێتیی لە شیعری کوردیدا، شیعر‌ و فەلسەفە لەدوو دیدی جوداوە، گەشەی ئەدەب و رۆڵی لەهۆشیاریی کۆمەڵدا، واتا جیاوازەکانی ماڵ و خانوو لە زمانی کوردیدا.” 

نووسەر لە پێشەکیەکەی کتێبەکەدا ئەوە دەخاتە ڕوو کە “نیشتمانی شیعر جێگەی هەموو شاعیرێکی تێدا دەبێتەوە تا ماڵی خۆی تێدا ساز بکات، لەم نیشتمانەدا نیشتەجێن و نیشتمانی شیعریش بەهۆی شاعیرانەوە جوان و ئاوەدان دەبێت و دەدرەوشێتەوە.” دواتریش ئاماژە بەوە دەکات کە خوێنەر پێویستە وەکو بوونێکی ئاگامەند و بە ئاگامەندییەوە تێکستی شیعری بخوێنێتەوە و لەنێو تێکستدا بژی، نەک تێکست ببێتە خزمەتکار و کۆیلەی ئەو، هاوکات خوێنەریش نابێتە خزمەتکاری ئەو، بەڵکو لەگەڵیدا بیر دەکاتەوە و گەشتی مەعریفیی خۆی دەکات.

بە گشتی کتێبەکە هەوڵێکە بۆ پیشاندان و مامەڵەکردنێکی دیکە لەگەڵ تێکستدا بە گشتی و تێکستی شیعریش بەتایبەتی. 

ئەم کتێبە لە بڵاوکراوەکانی زنجیرە کتێبی ناوەند کولتووریەکەی ‘کۆچ’ـە.