پێنجشەممە, كانونی یه‌كه‌م 5, 2024

ئێرەجی قادری

بەندە و برادەرێكی هاوكلاسیم بەناوی “سیاوەشی ساڵحی” لوڕی دەوروبەری شاری ئەسفەهان بوو، پێكەوە لە كۆلیژی هونەرە جوانەكاندا هاوكار و هاوكڵاس بووین. 

كاروكردەوەی ڕۆژانەی قوتابیی هونەر زۆر و پڕ خەرجن. ئیتر ئەوە ڕەنگی شێوەكارییە، ڕەنگ و پێداویستییەكانی نەخشەی تەلارسازییە، ئەوانە خەرج و پوول و پارەی زۆریان دەویست.

سیاوەش هەر چەند لە خێزانێكی هەژار و نەدار بوو، بەڵام زۆر زیرەك و لێزان و هونەرمەند بوو، بەندەیش لە دونیای پێشمەرگایەتییەوە ڕۆیشتبوومە ناو پۆرگی دونیای هونەرەوە… ڕاستی زمانیشم باش نەدەزانی دەبوا تەقەڵایەكی گەلێك زۆرم كردبا تا هەر نەبێ بكەومە ڕێی، سووربووم لەسەر فێربوون و سەركەوتن و هاوشانی.

من لە شەڕی بەرانبەركێی ژیان و نەمانەوە كەوتبوومە ناو شەڕێكی ترەوە، بەڵام زەوی تا ئاسمان جیاواز، بڕیاری خۆمم دابوو، ئەو برادەرەم دەیزانی لە گرفت و تەنگەبەریەك دام، ئیتر دوای دەوامی ڕۆژانەی كۆلیژ لەگەڵما هات و لە كڵاسی تایبەتی فێركردنی شێوەكاریدا ناوم نووسی، كابرایەكم دۆزییەوە مامۆستای زمانی فارسی بوو، شەوانە دوو كاتژمێر زمانی فارسی و ئەدەبیاتی فارسی لە ئەپارتمانەكەمدا فێر دەكردم. 

ماندوو و مردوو، لام وابوو لەشەڕ دام، لە ماندووییدا خەوم لێ دەكەوت.

دەی ساڵی یەكەمم بە تەقەتەق بڕی، ئەو هاوڕێ سیاوەشم لەبیر ناچێت. لە كۆلیژ هەر قوتابییەك دۆڵابێكی تایبەتی هەبوو، دۆڵابەكەی من و سیاوەش شانبەشان بوون، ئەوی پێداویستی هونەری و كاروكردەوەی كۆلیژ هەبوو بە زیادەوە خستبوومە ناو دۆڵابەكەوە، یەك دانە لە كلیلی دۆڵابەكەم دابووە دەستی سیاوەشەوە تا بە پێی نیاز سوود لە مەوجووداتی دۆڵابەكەم وەرگرێ، بەم شێوە كۆلیژمان تەواو كرد.

لە دواییدا پێكەوە ئۆفیسێكی كاری ئازادی تەلارسازیمان كردەوە، ئیدی كەوتبووینە تەقەلای كار بەدەستهێنان، ئۆفیسەكەمان لە ساختمانێكدا بوو، ئوفیسی هونەرمەندی گەورەی كارگێڕی سینەما ” عەلی حاتەمی” لە هەمان ساختماندا بوو، هەروەها هونەرمەندانی تر.

ڕۆژێك لە ئۆفیسدا بووم ” ئێرەجی قادری” هونەرپیشەی ناسراوی سینەمای ئێران هاتە ژوورەوە و دانیشت و مەغڕووڕانە وتی: حەتمەن من دەناسن؟

لە ناخەوە حەزم لە غڕووڕەكەی نەكرد وتم: بەڵێ دەتناسم!

وتی: هاتووم ئۆفیسەكەم بۆ بڕازێنێتەوە…دیكۆری بێهاوتام دەوێ.

بە سەبینێدا ڕۆشتمە سەر ساختمانەكە و ئەوی دەبوا بكرایە گفتوگۆمان لەسەر كرد، بەوە ڕانەوەستا، ژوورێكی لە پشتەوە هەبوو دەرگاكەی بەسەر هۆڵەوە بوو، وتی: دەمەوێ ئەو ژوورەم بۆ بڕازێنیتەوە، بە مەرجێك كەس هەست بە بوونی دەرگاكەی نەكات خۆم نەبێت، لەسەر ئەوەیش ڕێككەوتین. 

بە سبەینێدا پەیمانەكەمان ئیمزا كرد، نزیكەی پێنج مانگ بەو كارەوە خەریك بووین، ئۆفیسێكی گەلێك جوان و مۆدێرنمان دا بە دەستیەوە، ژوورە شاراوەكەی كە بۆ ڕابواردن دروستمان كردبوو بە درێژی و پانیی دەرگاكە ئاوێنەیەكی چوارچێوەدارمان بۆ دانابوو، شەیتان نەیدەدۆزییەوە.

ئێرەج لە خانمەكەی دەترسا و نەیدەویست كەس بە جێگە و شوێن و هەرزە هەوەسیەكانی بزانێت، بەپێی پەیمانی واژووكراو و بەپێی پێشكەوتنی كارەكە دەبوا بە چوار بەشی پارەكەمانی پێ بدابا، سێ بەشی پارەكە بێ هیچ گرفتێك پێی داین و مایەوە سەر دوا بەش، ڕۆیشتم بۆ لای بۆ دوابەشی پارەكە سەیرم كرد لووتی بە كەهكەشانی فەلەكەوەیە، وتی: هیچ پارەیەكتان بەلای منەوە نییە و نامەوێ جارێكی تر بتبینم!

ئەو جۆرە ڕەفتارە دووربوو لە هەڵوێستی مرۆڤی پیاوانە و شكاندنی پەیمانی نێوانمان.

وتم: بۆ لە كارەكەم ناڕازیت؟

وتی: نەخێر! بەپێچەوانەوە زۆریش ڕازیم.

وتم: ئەمە زۆرە و دەیكەیت!

وتی: چۆنی لە یەك دەدەیتەوە ئازادیت، ئیتر لەم ناوە نەتبینم!

وتم: ئەگەر پەیدا بووم چی؟

وتی: گاڵ دەدەم خەت خەتت بكەن.

تا ئەو حەلە نەمدەزانی خەت خەتكردن یانی چی، تا پرسیم ئەودەم زانیم هەڕەشەی ئەوەم لێ دەكات گاڵی چەقووكێش دەدا بە فەنەر بریندارم كەن. ئەم جۆرە برینداركردنە لەناو چەقۆكێشاندا ڕەواجی هەیە.

هەر لەو كاتەیدا باوەك نەمدەزانی خەت خەتكردن یانی چی، وتم گوێت لێ بێت، دیارە تۆ پیاوی خۆتت نەدیوە، ئەگەر وام لێ نەكردی بە پای خۆت ئەو پارەم بۆ بهێنی، پیاو نەبم، تۆ بم!

لەوێ هاتمە دەرەوە كەوتمە بیرەوە چۆن ژمارە تەلەفۆنی ماڵەوەیان بەدەست بهێنم، خانمێك هەبوو بە ناوی فریشتەی ئەردەلان، ئەو خانمە ماڵەكەی هەوارگەی هونەرمەندان و گۆرانبێژان و پایەبەرزانی تاران بوو، هەفتەی جارێك شەونشینیەكی ئەنجام دەدا هەریەكە لەو كەسانەی هاتوچۆكەری ئەو ماڵە بوون كە ناومان نابوو ” پاتۆق” مانگانەیەكی دەدایە فریشتە خانم. 

من هەر لەوێدا لەگەڵ زۆربەی هونەرپیشە و گۆرانبێژە بەناوبانگەكان ئاشنابووم، وەك: گوگوش، مەهەستی، نەسرین نوشی ئافەرین و فەڕووخزاد و زۆری تر.

تەلەفۆنم بۆ فریشتەكرد و وتم ژمارەی ماڵی ئیرەجی قادریم دەوێ.

وتی: بەسەرچاو” خوسرەوخان” بە كوردی سنەیی لەگەڵ مندا دەدوا، وتی: بەڵام بێژە پێم بۆ چەتە؟

وتم دەمەوێ لەگەڵ ژنەكەی ئێرەجدا قسە بكەم.

وتی: مەهۆشی ئێژی، حەزت لێ بێت سارە شەو دەهێنم بۆ پاتۆق…

وتم: جارێ ژمارەكەم بدەرێ، هێنانی بۆ پاتۆق دەخەینە دواوە. 

ژمارەكەی پێدام، جارێك و دوو جەڕەسم لێ دا، سێهەم وەڵامی دامەوە، خۆم ناساند و وتم، “موهەندیس خوسرەوجاف”م، زۆر خانمانە قسەی لەگەڵمدا كرد و منیش هەواڵی ژووری شاراوە و دوگمەی ئاوێنەم بۆ دەستنیشان كرد، لە وڵامدا وتی: من ناوی تۆم زۆر بیستووە لە نزیكەوە نەگەیشتوومەتە خزمەتت، بەڵام دەتوانم بڵێم بۆ ئەمە بە من دەڵێیت؟

منیش داستانەكەم بۆ گێڕایەوە و وتی: كە ئاوا؟

وەك لە دواییدا ژنە بۆخۆی بۆی گێڕامەوە وتی: ئێوارەیەك خۆم كرد بە ئۆفیسەكەیدا، بەلای ئاوێنەكەوە وەستام و دەستم بۆ ژێر ئاوێنەكە و دوگمەم دۆزییەوە و پەنجەم پیانا، ئاوێنە نەرمنەرم بەسەر سكەوە دەرگا كرایەوە و ئاوێنە ڕۆیشتە ناو دیوارەوە، ڕۆیشتمە ژوورەوە لە ژووری نوستنەكەی من گەلێك ڕازاوەتر بوو، هەر لەوێدا كراسەكەیم لەبەریدا شڕ و شیتاڵ كرد و وتم: ئەیرات بۆ “مەستانە” چوونت دروست كردووە؟

دەی شەوێ “ئێرەجی قادری ” تەلەفۆنی كرد و هەڕەشەی دەكرد.

وتم: گوێم لێ بگرە، تۆ دەمێكە هەڕەشە و گۆڕەشە دەكەیت، نۆرەی منە ئەدەبت كەم، چاوم لێكە… تەلیفۆنم داخست..

من دەمزانی شەوانە لە چ ڕستۆرانتێكدا دادەنیشێ… شەقاوەیەكی ملهووڕی بازووڵە ئەستووری خەڵكی كرماشانم دەناسی بەناوی ” داش ئەكبەر” ڕووداوەكەم بۆ باس كرد، ئەو جۆرە پیاوانە كاری نامەردانەیان لێ نەدەوەشایەوە، كە باسەكەی خۆمم بۆ گێڕایەوە، دەستی خستە سەر سمێڵی و وتی: ئاغای جاف ئەگەر بە گوێڕاكێشان نەمهێنا بۆ دەفتەرەكەت ئەم سمێڵە، سمێڵی داش ئەكبەر نەبێت!

ئەو وەك هونەرپیشەیەك لە سنەمادا ئێرەجی دەناسی، داش ئەكبەرم هەڵگرت و بردم بۆ بەردەم ئەو ڕستۆرانەی وا ئێرەجی قادری لێ دادەنیشێت.

هەموو چوار ڕۆژی نەخایان داش ئەكبەر هات بۆ ئۆفیسەكەم و دەستی ئێرەجی گرتبوو، وتی: ئاغای جاف ئیرەج خان هاتووە، داوای لێبووردنت لێ دەكات و هەق و حیسابی خۆیشی هێناوە.

ڕووم كردە ئێرەج و وتم: نەموت ناچارت دەكەم بە دەستی خۆت پارەكەم بۆ بێنی بۆ ئۆفیس. ئەمە جوانە وا زەلیلی هەی نامەرد.

وتی: بەهەرحاڵ، بمبەخشە! 

دەی ڕۆژ هاتوچوو فریشتەی ئەردەلانی لێزان و كارامە تەلیفۆنی كرد و وتی: سارە شەو “مەهۆشی” ژنی ئێرەجی قادری دیت بۆ پاتۆق بە تەورێك ئاگاداربم لە ئیرەج تۆراوە ولە ماڵی باوكی دایە.

بە سبەینێدا ڕۆیشتم بۆ پاتۆق نزیكەی دە كەس لە ژن و پیاوی لێ بوون، من مەهۆشم نە دەناسی فریشتە لەگەڵ مەهۆشی ئاشنای كردم، ڕۆژ بە ڕۆژ دۆستایەتیمان پتەووپتەوتر بوویەوە، گەڕابوویەوە بۆ لای “ئیرەج” بەڵام لەگەڵ منی بەندەی خودادا پەیوەندی بەردەوام بوو…

یادی بەخێر…