دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر د. هیوا نووره‌دین: شیعر بەبێ ڕیتم وەک گوڵێکە بەبێ بۆن

هێمن خەلیل- هه‌ولێر

پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر د. هیوا نووره‌دین عه‌زیز، ماستەرەکەی بە ناونیشانی ((بنیادی ڕیتم لە شیعرە کوردییەکانی عبداللە به‌گی میسباح الدیوان (ئەدەب)دا ))یە، هه‌روه‌ها تێزی دكتۆراكه‌ی بە ناونیشانی (عەرووز لەنێوان کات و یاسا و مۆسیقادا – شیعری کلاسیکی کوردی بەنموونە)، ئێستا مامۆستایه‌ له‌ پبه‌شی زمانی كوردی كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی مه‌خموری زانكۆی سه‌لاحه‌دین، بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ دیدارێكمان له‌گه‌ڵیدا كرد.

سه‌ره‌تا لێمان پرسی چه‌مكی ڕیتم چییه‌؟ له‌ وه‌ڵامدا گوتی: “ریتم ڕەگەزی سەرەکی شیعر و ناوکی مۆسیقای شیعرە، بنەمایێکی سەرەکی شیعرییەتی دەقە و چەشەی دەق بەهێز دەکات، ناتوانرێت شیعر و ڕیتم لە یەکتر دابڕ بکرێن، چونکە شیعر بەبێ ریتم وەک گوڵێکە بەبێ بۆن، ئەسڵی وشەی(ریتم) لە بنەڕەتدا (ڕیسمۆس)ی گریکییەوە وەرگیراوە، ریتم بە زۆر شێوە پێناسە کراوە و سەرجەمی پێناسەکانیش تەرکیز لەوە دەکەنەوە کە ریتم گرژبوون و خاوبوونەوەی نێوان دوو حاڵەتی دەنگدار و بێدەنگ یا ڕووناکی و تاریکی یا جووڵە و وەستان یا درێژی و کورتیە.”
هه‌روه‌ها له‌باره‌ی جۆره‌كانی ڕێتمی شیعر دكتۆر ده‌ڵێ: “بەشێوەیەکی گشتی شیعر دوو جۆر ڕیتمی هەیە (ڕیتمی دەرەوە و ریتمی ناوەوە)، ڕیتمی دەرەوە زیاتر پەیوەستە بە جووڵەی کێشەکان و دووبارە بوونەوەی ستوونی دەنگەکانی سەواوە، هەرچی ڕیتمی ناوەوەیە پشت بە دووبارەبوونەوە دەبەستێت ئینجا دەنگ بێت یا ڕستە یاخود دەستەواژە یا هەر شێوەیەکی دووبارەبوونەوە بێت.”
له‌پرسیارێكی تر له‌و مامۆستایه‌ی زانكۆمان پرسی به‌دیدی ئێوه‌ ڕیتم له‌نێوان شیعر و مۆسیقادا چۆنه‌؟ ئه‌ویش له‌وه‌ڵامدا ئاماژه‌ی دا: “ڕیتم هاوبەشە لەنێوان شیعر و مۆسیقادا، هەم شیعر و هەم مۆسیقا هەردووکیان پشت بەدووبارە بوونەوە دەبەستن، چونکە ڕیتم لەدووبارە بوونەوە دروست دەبێت، ئەوەی هاوبەشە لەنێوان هەردووکیاندا (شیعر و مۆسیقا) بریتییە لە دووبارە بوونەوەی زەمەن کە کڕۆکی دروست بوونی ڕیتمە، بەم شێوەیە ڕیتم دەبێتە هاوبەشی نەوەک تەنیا لەنێوان شیعر و مۆسیقادا بەڵکو لەنێوان شیعر و هەموو ئەو هونەرانەی پشت بە دووبارە بوونەوە دەبەستن.”
پاشان باسی له‌ ڕێتمی شیعرو ڕێتمی به‌خشان كرد و گوتی:” هیچ جیاوازییەک لەنێوان ڕیتمی شیعر و ڕیتمی پەخشاندا نییە، ئەوەندە هەیە کە ڕیتمی شیعر لە ڕیتمی پەخشان مونەزەمتر و خۆشتر دێتە بەر گوێی خوێنەر، چونکە لەگەوهەردا هەردووکیان یەک شتن و پشت بە دووبارەبوونەوە دەبەستن.”
هه‌روه‌ها له‌باره‌ی ڕێتمی بێده‌نگ د. هیوا ده‌ڵێ: “ڕیتمی بێدەنگیش بەهەمان شێوەی ڕیتمی دەنگدار پشت بە دووبارە بووونەوە دەبەستێت، بەڵام ئەم دووبارە بوونەوە لەبیردا دەبێت نەوەک لەگوێچکەدا، چونکە ئەم ڕیتمە نابیسترێت و تەنها لە دووبارەبوونەوەی جووڵە هاوشێوەکان یا نزیک لە یەکترەکان دروست دەبێت.”