ئارام کۆشکی
پرۆژەی چەمکە دەروونشیکارییەکان؛ یەکێکە لەو پرۆژانەی بۆ تێگەیشتن و نزیکبوونەوە لە ئاشنابوون بە چەمکە دەروونشیکارییەکان و ناوەندی ڕەهەند لە وەرزی یەکەمی ئەم زنجیرە کتێبەدا هەشت کتێبی لێ چاپ و بڵاوکردووەتەوە. یەکێک لەو کتیبانە تەرخانە بۆ چەمکی “لیبیدۆ”، کە یەکێکە لە چەمکە سەرەکییەکانی دەروونشیکاریی فرۆید. ئەم کتێبە لە نووسینی ڕۆجێر کەنەدی-یە و لە وەرگێڕانی ڕاڤین کامەران-ـە.
لە پێشەکی کتیبەکەدا هاتووە کە “لیبیدۆ چەمکێکی زیگمۆند فرۆیدە دەربارەی لایەنی دەروونیی وزە سێکسییەکان، کە شێوازی جۆراوجۆری گۆڕانەکانی پاڵنەری سێکسی لەخۆ دەگرێت.” وەک دواتر دەیبینین لیبیدۆ چەمکێکی تیۆرییە و لە بنەڕەتدا بۆ دۆزینەوەی پاتۆلۆژیی کلینیکیی نەخۆشە نیرۆسییەکان بەکاردەهێندرا؛ واتا ئەو جێیەی گرژیی سێکسی لەگەڵ ئایدیاکانی سێکسی ڕۆڵێکی سەرەکییان لە دروستکردنی دڵەڕاوکێ و سەمپتۆمەکانی دیکەدا هەیە.
لیبیدۆ لە تیۆریی زەینی فرۆید و گەشەکردنی زەیندا پێگەیەکی هێجگار گرنگی هەیە. فرۆید وردە وردە، بەکۆکردنەوەی دۆزینەوەکانی لەسەر بنەمای ئەو نەخۆشانەی دوچاری دەروونپەشێوی بووبوونەوە، نەخۆشیی وەک: خەمۆکیی-شێتی، خۆبەنەخۆشزانین و پارانۆیا، دەستی بە لێکۆڵینەوە کرد. کاتێک فرۆید تیۆری سێکسواڵیتەی ناساند، چەمکی ئیرۆسی بەکار دەهێنا، کە پانتاییەکی فراوانی هەبوو و پەیوەندیشی بە فەلسەفەی کۆنەوە هەیە، ئیدی بەرە بەرە لە نووسینەکانی فرۆیددا چەمکی لیبیدۆ جێگەی چەمکی ئیرۆسی دەگرتەوە. دەشێت ئەم گۆڕانە لە تیۆریی فرۆیددا وەک گەشتێک ببیندرێت کە لە لێکۆڵینەوەی خەسڵەتی ژیانی سێکسیی نەخۆشەکانییەوە گۆڕابێت بۆ شوێنێکی بنەڕەتیی ژیان و مەرگ
لە تیۆریی سێکسواڵیتەی فرۆیددا لیبیدۆ هەم چەمکێکی ‘چەندێتی’ یە، کە پەیوەندیی بە پاڵنەرەکانی سێکسی و بزووێنەری پاڵنەرەکانی سێکسییەوە هەیە، هەم چەمکێکی “چۆنێتی”ـیە، بەو واتایەی لیبیدۆ بەتایبەتی دەربارەی پاڵنەری سێکسییە و نابێت لەگەڵ وزەی دەروونی بە مانا گشتییەکەی تێکەڵ بکرێت.
کەواتە لیبیدۆ جۆرێکە لە گریمانە و ڕێگەیەکی بیردۆزییانەی پێوانەکردنی پڕۆسە سێکسییەکان و یەکەی خەیاڵیی پێوانەی چەندێتییە: هەر بۆیە لیبیدۆ چەمکە. کتومت هەمان ئەو شتەیە کە دەروونشیکاری فەڕەنسی، ژاک لاکان، وەسفی دەکات:
چەندێتییەک کە نازانیت چۆن بیپێویت و سرووشتەکەشی ناناسیت، بەڵام هەمیشە بڕوات بە بوونی هەیە. ئەم ڕوانگەی چەندێتییە وات لێ دەکات یەکێتییەک بە جۆراوجۆریی کاریگەرییەکانی چەندێتی ببەخشیت… وەک ئەوەی لیبیدۆ فۆرمێکی یەکێتیسازیی کاریگەرییەکانی پانتایی دەروونشیکاریی بێت… لیبیدۆ لەناو نەریتی هەموو تیۆرییەکدا بەکاردەهێنرێت، لە خاڵی کۆتایی فیزیای کلاسیک، یاخود فیزیای ئەنیشتاینی بێت. ئێمە لە پێگەیەکدا نین کە پانتاییە بچووک و هەژارەکەمان لەناو پانتایی جیهانی فیزیادا هاوتەریب بکەین، بەڵام لیبیدۆ بەشێک لە هەمان ئایدیاڵ وەردەگرێت.
ئەوەی لێرەدا خرایە ڕوو تەنها ناساندێکی کورتی ئەم چەمکەیە و لە کتێبەکەدا بە وردی سەرجەم لایەن و لیکەوتەکانی ئەم چەمکە بە چەمکەکانی دیکەوە شی کراوەتەوە، کە دەتوانم بڵێم خوێنەر بە خوێندنەوەی ئەم کتێبە دەتوانێت تێگەیشتنێکی تەواوەتی بۆ چەمکەکە دەست بکەوێت.
سەبارەت بە زنجیرەکانی دیکەی چەمکە دەروونشیارییەکان، هەر لە چوارچێوەی ئەم زنجیرەیەدا هەریەک لە چەمکەکانی “نەست-نائاگایی، ئیرەیی، سوپەرئیگۆ، دڵەڕواکێ، ئیرۆس، هەستکردن بە گوناهـ، فەنتازیا” چاپ و بڵاوکراوەتەوە.