خوێندنەوەی مێژوو تەنها بۆ ئەوە نییە ئاگاداری مێژوو بین، بەڵکو بۆ ئەوەیە لەو مێژووەوە کۆمەڵێک وانە فێر بین. هەرکاتێک نەماتوانی وانەی نوێ لە مێژوو فێر بین ئەوە وەکو ئەوەیە مێژوومان نەخوێندبێتەوە. ئەگەر سەیری مێژووی هەزار ساڵەی کورد بکەین دەیان و سەدان شکست و هەستانەوەی تێدایە. ناڵێم هیچ گەلێک نییە هێندەی کورد تووشی شکست بووبێت، بەڵام کورد لەوەدا تۆمەتبارە کە نەیتوانیوە مێژوو بخوێنێتەوە و ئەگەر خوێندبێتیشیەوە نەیتوانیوە وانەی نوێی لێوە فێر ببێت تا مێژوو لەسەر هەمان ڕێچکە بەڵام بە فۆرمی دیکە دووبارە نەبێتەوە.
یەکەم جار لە قۆناغی ناوەندی لە وانەی مێژوو بە جەنگی چاڵدێران ئاشنا بووم، ئەو جەنگە ماڵوێرانکەرەی نێوان عوسمانییەکان و سەفەوییەکان کە یەکەم دابەشکردنی کوردستانی لێ کەوتەوە. لەوکاتەوە من هەر کتێبێک لەسەر ئەو مێژووە هەبووبێت خوێندوومەتەوە بزانم ئێمە بۆ هەر لەوێداین؟ بۆ ناتوانین ئەو مێژووە سەپێنراوە زیاتر ٥٠٠ ساڵ لەمەوبەر بۆ ناتوانین تێپەڕێنین؟ ئایا توانای ئەوەمان نییە؟ بێگومان دەتوانین ئەو مێژووە تێپەڕێنین، بەڵام دۆخی کورد لە دۆخی هیچ نەتەوەیەکی دیکە ناچێت بۆیە پێویستمان بە خوێندنەوەی وردی مێژوو و وانەوەرگرتنی وردی ئەو مێژووە هەیە.
لە چەند رۆژی ڕابردوودا کتێبێکم سەبارەت بە “جەنگی چاڵدێران- نەفرەتە مێژووییەکە” خوێندنەوە. کتێبەکە لە نووسینی ئومێد ناسیح جیهانییە و لە چاپکراوەکانی خانەی چاپ و پەخشی ڕێنمایە. کتێبەکە لێکۆڵینەوەیەکە سەبارەت بە جەنگی چاڵدێران و ئەو کاریگەریانە لەسەر ئێمەی کورد هەیبووە و تا هەنووکەش ناتوانین بڵێین نییەتی.
نووسەر سەبارەت بەوەی ناونیشانی کتێبەکەی لە پێشەکی کتێبەکەیدا ئەوە ڕوون دەکاتەوە کە “کاتێک دەڵێن جەنگی چاڵدێران نەفرەتێکی مێژووییە، ئەمە بەو مانایە نایەت کە ئیتر جەنگی چاڵدێران بڕیاری لە قەدەری کورد دابێت کە ئاوا دابەشکرا و داگیرکرا و ساویلکە بێت. یان بە مانایەکی دیکە قەدەری کورد بەو ڕەنگ و جۆرە بێت، کە جەنگی چاڵدێران چوارچێوەی بۆ دیاریکرد بێت و هەر لەو چێوارچێوەیە دا خول بخوات. بەڵکو مەبەستمان لەوەیە کە تاکو ئێستا هێزی جووڵانەوەی کوردی، ئەقڵیەتی کوردی، وزەی نەتەوەیی کوردی نەیتوانیوە ئەو وەهمە، ئەو دابەشبوونە، ئەو نەفرەتە تێک بشکێنێت کە لە ئەنجامی ناهۆشیاری و گرێدراوی و بەشداری کورد بە قازانجی عوسمانییەکان لە جەنگەکەدا بە سەر کورد و کوردستاندا هات.”
نووسەر لە بەشێکی دیکەی پیشەکییەکەیدا ئەوەش دەخاتە ڕوو کە “جەنگی چاڵدێران ئەگەر بۆ تورک سەرکەوتن و فراوانخوازی بێت، بۆ فارس کەوتن و لە قاڵبدان بێت. ئەوە بۆ کورد نەفرەتە، بەو مانایەی بۆ هەمیشە هێڵی گرێدراویی و ژێردەستەیی و کورد بەکەمزانی لە نێو کورد دا پێشخست. ئەو هێڵەی ڕەگ داکوتا و تۆخ کردەوە، ئەو هێڵە بوو بە هێڵی درێژەدان بە دابەشکاری و داگیرکردنی کوردستان.”
ئەم کتێبە لە چەندین بەش و تەوەری دیکە پێک هاتووە کە سەرجەمیان بەدەوری ئەو پرسیارەدا دەخولێنەوە کە ئێمە چی لە مێژوو فێر بووین؟ ئایا توانای ئەوەمان هەیە مێژوو دووبارە نەکەینەوە تاکەی نەفرەتی چاڵدێران بەسەر سەرمانەوە بێت. خوێندنەوەی ئەم کتێبە دیدگایەکی دیکەم پێ دەبەخشێت تا وردتر لە خۆمان و مێژوومان و ئێستامان تێبگەین. وانەیەک کە لەم کتێبەوە فێری دەبین ئەوەیە کە مێژوو بە گرنگ بزانین و ئێمە ڕیشەمان لەو مێژووەوە هاتووە و دەبێت ئێستامان هەمان دووبارەبوونەوەی ئەو مێژووە نەبێت.