چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

وەڵامەکان لە پەراوێزی پرسیاردا نین!بە بۆنەی بڵاوکرانەوەی “کتێبی پرسیارەکان”ـەکەی نێرۆداوە بە کوردی

کاتێک نووسەرێک بڕیار دەدات بە هەڵە تێبگات، ئیدی هیچ هێزێک نییە ئەو هەڵەتێگەیشتنەی بۆ ڕاست بکاتەوە، چونکە ئەو سیستمی بیرکردنەوەی خۆی بە هەڵە بەرنامەڕێژ کردووە. کاتێک چوار ساڵ لەمەوبەر هەر لەم رۆژنامەیەدا وتارێکم سەبارەت بە بایەخی وەڵام نووسی، مەبەستی سەرەکی ئەوە بوو ئەگەرچی پرسیار هەمیشە بایەخی خۆی هەیە، بەڵام ئەوە وەڵامە تەواوکەری پرسیارە و هێز دەداتە پرسیارەکە. بەدەر لەمەش گرنگ ئەوە نییە پرسیارەکە چییە؟ گرنگ ئەوەیە کێ دەیپرسێ و بە چ مەبەستێک دەپرسێ؟ بیرمە هەر لەوێدا نموونەی منداڵی هاوڕێیەکمم هێنایەوە، کە پرسیاری زۆر گرنگی دەکرد وەکو ئەوەی خودا لە کوێیە؟ دوای ئەوانەی دەمرن دەچن بۆ کوێ؟ ژیان کەی پەیدا بوو؟ (لەوێدا نموونەی ئەم پرسیارانەم نەنووسیوە)، هەر بۆیە هاوڕێیەکەم لای وابوو منداڵەکەی دەبێتە فەیلەسوف، ئیدی ئەو بێئاگا بوو لەوەی ئەو پرسیارانە دەبێت لە وشیارییەکی قووڵەوە بکرێن نەک لە نەزانییەکی ڕەهاوە. پرسیار ئەوکاتە بەهای هەیە کە لە وشیارییەکی قووڵ و بە مەعریفەیەکی قووڵەوە بکرێن نەک لە نەزانینەوە.
ئەو نووسەرەی لای وایە پرسیار گرنگترە لە وەڵام بۆ هەمیشەیی لە هەڵەدایە. پرسیار و وەڵام وەکو یەک گرنگن، بەڵام کاتێک پرسیارێک دەکەین دەبێت هێزی ئەوەمان هەبێت وەڵامی بدەینەوە. دەنا نەک پرسیار ڕیز بکەین و خۆمان لە وەڵامەکەی بدزینەوە. نووسەری ساختە و وەهماوی، نووسەری خۆبەداهێنەرزان، هەمیشە لەژێر سێبەری پرسیار ڕیزکردن و بەناوی “میتۆدی پرسیار”ەوە خۆی لە وەڵام دەدزێتەوە هەر بۆیە بەردەوام دەکەوێتەوە هەڵەوە. پرسیار تا ئەو جێگەیە گرنگە، کە توانای وەڵامدانەوەیمان هەبێت، نەک پرسیار لە نەزانییەوە بکەین و دەرچەیەکیش نەبینینەوە بۆ زانین. پرسیار دەبێت ئەوەمان تێدا بوروژێنێت، کە هەوڵی فێربوون و تێگەیشتن بدەین، نەک هەستی ئەوەمان بداتێ کە هەمووشتزانین، لەبەر ئەوەی پرسیاری گەورە دەکەین، چونکە هەر کاتێک هەستی ئەوە لە کەسێکدا بوو کە هەمووشتزانە، ئەوە لە نەزانییەکی ڕەهادا نوقم بووە.
لە ئەزموونی خۆمەوە لەگەڵ خوێندنەوە و نووسیندا ئەوە فێربووم پرسیارگەلێک بکەم، کە توانای وەڵامدانەوە، یان گەڕانم هەبێت بۆ وەڵامەکانی. مرۆڤ توانای سنووردارە چ لە ڕووی دەروونی و عەقڵییەوە بێت، یان لە ڕووی جەستەییەوە بێت. بۆیە خستنەڕووی پرسیاری گەورە بە عەقڵێکی لاوازەوە وەکو هەڵگرتنی کێشی 200 کیلۆ وەهایە بۆ کەسێک، کە تەنها توانای ئەوەی هەیە 40 کیلۆ هەڵبگرێت. بۆیە دواجار بە پشتشکان لێی دەردەچێت.
وەڵامەکان لە پەراوێزی پرسیاردانین، بەڵکو لە هەناوی پرسیاردان. کاتێک کانت دەپرسێت ڕۆشنگەریی چییە؟ هەر خودی خۆی ڕیزێک وەڵامیش دەداتەوە؟ کاتێک هایدیگەر دەپرسێت میتافیزیک چییە؟ ئەویش چەندین وەڵام دەنووسێت؟ کاتێکیش فۆکۆ لە وانەوتارێکی گرنگدا دەپرسێت ڕەخنە چییە؟ چەندین وەڵام بۆ ئامادەبوانی وانەوتارەکەی دەخاتەڕوو. پرسیار بەبێ وەڵام بوونێکی لاوازی هەیە، بۆیە ئەگەر پرسیار دال بێت. وەڵام مەدلولە.
ئەگەر بچینە سەر کتێبەکەی نێروودا لە کتێبی پرسیارەکاندا، تەنها پرسیار ڕیز دەکات و وەڵام ناداتەوە. بەڵام کە خوێنەر کتێبەکە دەخوێنێتەوە و دەکەوێتە تێڕامان ئیدی تێدەگات تەنها بەر پرسیار نەکەوتووە. نێروودا زۆر بە زیرەکانە لە هەناوی هەر پرسیارێکدا وەڵامێکی داناوە، یان وەڵامەکەی بۆ خوێنەر بەجێهێشتووە و بە کراوەیی وەڵامەکەی بۆ خوێنەر بەجێ هێشتووە. ئەوەی لەم کتێبەدا سەرسامی کردم ئەوەیە نێرۆدا بە وردەکارییەکی زۆرەوە پرسیارەکانی نووسیوە، وەکو پرسیاری شاعیرە کوردەکان نییە، کە خۆشیان نازانن چی دەپرسن، بەڵکو ئەو پرسیاری نێرۆدا لەبارەی بوون و هەقیقەتەوە دەکات، یان پرسیار دەربارەی کات و بێکاتییەوە دەکات. پرسیار لە ئەشق و ڕق دەکات. پرسیار لەبارەی نیشتمان و ئاوارەییەوە دەکات. کاتێکیش دەیەوێت لەبارەی چاوەڕوانییەوە بدوێت دەڵێت “هەرگیز نەهاتن، باشتر نییە لە درەنگهاتن؟”
ئەوەی نێروودا لەم کتێبەدا فێرمان دەکات ئەوەیە، کە فێری پرسیارکردن بین، پێویستە شاعیرە کوردەکە و نووسەرە ساختە وەهماوییە پرسیارسازەکە ئەم کتێبە بخوێننەوە و وەکو ڕەچەتەیەک لێوەی فێر بن پرسیار بکەن. کاتێکیش پرسیار دەکەن لانی کەم وەڵامێکی بچووکیان لا بێت و خۆیان لە بەر سێبەری پرسیاردا نەشارنەوە.
ئەم کتێبەی نێرۆدا هەڵۆ فەریق کردوویەتی بە کوردی وەشانی باڵندە لە زنجیرە کتێبە نوێکانیاندا چاپ و بڵاویان کردووەتەوە.