چوارشەممە, تشرینی دووه‌م 27, 2024

نیولیبراڵیزم دەوڵەتی نەتەوەیی له‌ناو ده‌بات

دانا شوانی

لە ڕوانگەی کۆمەڵایەتی و کولتوورییەوە، پارە پۆلێنێکە کە جیا لە پێناسەی ئابوورییه‌كه‌ى، مانای دیکەشی هەیە. لە ڕاستیدا پرسیارە سه‌ره‌كییه‌كه‌ ئەوەیە کە مانای پارە چییە؟ کاتێک پارە له‌ئارادانه‌بوو، هێشتا مامەڵەی ئاڵوگۆڕکردن هه‌ر دەکرا و لە كاتێكدا پارە بۆ ئاسانکاری مامەڵه‌ و پەیوەندییە دراوییەکانی خەڵک هاته‌كایه‌وه‌. لەگەڵ فراوانبوونی کۆمەڵگاکان، پارە دەسەڵاتێكی زیاتر بەدەستهێناوە.

ئەمڕۆ ئەگەر پارەمان نەبێت، لە زۆر خزمەتگوزاری وەک پەروەردە و تەندروستی و کات بەسەربردن و ده‌سته‌به‌كردنی پێداویستییه‌كانمان بێبەش دەبین کە تا ڕادەیەکی زۆر وابەستەن به‌ پارەوه‌، بەڵام پێویستیمان بۆ پارە تەنها لە بوارێکی گشتی و لە پێداویستییە سەرەتاییەکاندا نییە، بەڵکو پارە کایەی دەروونی، ڕۆحی، سۆزداری وەک خۆشەویستی و سۆز دەگرێتەوە. ئەگەر بمەوێت پێناسەیەکی تر بۆ پارە بخه‌مه‌ڕوو، دەتوانم قسەکانی مارکیز دۆمیرابۆ (marquis de Mirabeau) بهێنمەوە کە دەڵێت: “دوای نووسین کە یەکەم داهێنانی گەورەی مرۆڤایەتییە، پارە دووەم داهێنانی گرنگە لەلایەن مرۆڤایەتییەوە”. لە تێڕوانینێکی گشتیدا دەمەوێت باس لەوە بکەم کە لە کۆمەڵناسیی پارەدا چۆن سەیری پارە دەکرێت و پارە چ مانا و مه‌غزایه‌كی هه‌یه‌، دواتر دەمەوێت باس لەوە بکەم کە مانای پارە لە شارستانیه‌تی ئه‌م سه‌رده‌مه‌دا چییە و لە چ بارودۆخێکدا ئەم مانایانەی وه‌رگرتوه‌.
ئێمە دوو ئاراسته‌مان لە کۆمەڵناسی پارەدا هەیە: یه‌كه‌م: ئاراسته‌ى بونیادی، دووه‌م: ئاراسته‌ى کولتووری. لە ئاراسته‌ى بونیادییدا، پارە وەک ئۆبژەیەک کە لە پەیوەندییەکاندا هەیە، لە ئاستی باڵای میکانیزم و سیاسەتە یاساییەکان کە بازرگانی بەڕێوە دەبەن، ده‌كۆڵێته‌وه‌. ئەو کۆمەڵناسانەی کە ئاراسته‌ى بونیادی دەگرنەبەر، زۆرجار پارە وەک ئامرازێک بۆ ڕوونكردنه‌وه‌ى شوێنەواری پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان بەکاردەهێنن؛ بۆ نموونە لە دیاردەیەکی وەک دیاری بەخشین، بوونی دەسەڵات و پەیوەندی کۆمەڵایەتی لە نێوان تاک و گروپەکاندا چۆنە؟ ئاراسته‌كه‌ى تر بریتییه‌ له‌ ئاراسته‌ى كولتووریی‌، کە تیایدا جەخت لەسەر پۆلێنکردنی مەعریفی و ماناکانی پارە دەکرێتەوە، لە ڕاستیدا لەسەر ئاستی خواره‌وه‌ى كۆمه‌ڵگه‌، واتە چۆن بەها و بیروباوەڕی مرۆڤەکان کاریگەرییان لەسەر تێڕوانین و هەڵسوکەوتەکانیان لەگەڵ پارەدا هەیە؟ لە ئاستی سیستەمی بیروباوەڕی وەک بەهاکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ئایین، چۆن پێناسەی پارە دەکەن و چ مانایەک لە پارە بینا دەکەن؛ لە ڕاستیدا ڕوانگەی كولتووری پێناسە و لێکدانەوەی کۆمەڵایەتی بۆ پارە لەبەرچاو دەگرێت. هەموو ئەم باسانە، نکۆڵی لە سیمای چەندایەتی و ئامرازیی پارە ناکەن، بەڵکو هەنگاوێک زیاتر دەڕۆن و دەڵێن پارە تەنیا باسی چەندایەتی و ئابووری ناگرێتەوە، به‌ڵكو مانای دیکەشی هەیە.
کۆمەڵناسە کلاسیکییەکان کە باسیان لە پارە دەکرد، وەک مارکس، ڤێبەر، و زیمێل، پارەیان بە یەکێک لەو هۆکارانە دەزانی کە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییە گەورەکانی بەدوای خۆیدا هێناوه‌. ڕوانگەی ئەم کۆمەڵناسانە ڕوانگەیەکی تاڕاده‌یه‌كی نەرێنییه‌ بۆ پارە و پێیانوایە پارە هەموو تایبه‌تمه‌ندییه‌ مرۆییه‌كانی کەم کردووەتەوە. بەڵام کۆمەڵناسانی هاوچەرخ وەک زێلیزەر ڕوانگەیەکی پێچەوانەی بۆ پارە هه‌یه‌، کە لە ڕاستیدا چۆن مرۆڤەکان کاریگەرییان لەسەر مانای پارە هەیە. ڕوانگەی کولتووری زۆر لەگەڵ ڕوانگەی ئابووریدا ناگونجێت و لەڕاستیدا ئابووریناسان هەمیشە بە گومانەوە سەیری ڕوانگەی کولتوورییان کردووە. بۆ نموونە زێلیزەر ئه‌وه‌ نیشان دەدات چۆن پارەی مۆدێرن کە ئامرازێکی ئابوورییە لە ماڵەوە دەبێتە پارەی تایبەت و پێی دەڵێ پارەی ماڵ؛ چونکە کاتێک پارە دەچێتە ناو ئابووری خێزان و دەبێتە پارەی ژن و منداڵ و خه‌سڵه‌تێكی تایبەت لەخۆدەگرێت، ئیتر لەژێر مەرجە ئابوورییەکانی بازاڕدا نییە. پەیوەندییەکانی دەسەڵات و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە مانایەکی جیاواز بە پارە دەبەخشن. پارە بۆ خاتوونه‌كان بۆ کڕینی هەندێک کەلوپەل تەرخان دەکرێت. یان بۆ نموونە ئەگەر دیاری بەخشین لەبەرچاو بگرین، گرنگە کێ دەیبەخشێت و چەند و بە کێ و ئەم پەیوەندییانە چۆن وەسف دەکرێن؟
ئەم نموونانە ئەوە دەردەخەن کە پارە نایەکسانییەکی تیا هەیە. لە کۆمەڵگای هاوچەرخدا، جۆری جیاوازی پارە هەیە. نزیکبوونەوەی مانادار لە پارە هەمان ڕوونکردنەوەی هەیە، کە پارە مانای جیاواز دەدۆزێتەوە. ئێمە لە ئەدەب و کولتووری خۆماندا دەیبینین، وەک پارەی پیس یان حەرام یان پارەی حەڵاڵ. لەوانەیە ئەمانە لایەنێکی دیاریکراو لەخۆ بگرن، بەڵام مانای جیاوازیان هەیە؛ بۆ نموونە لە هەندێک خەڵاتی وەک نۆبڵدا کە هەم خەڵاتەکە خۆی بەنرخە و هەم ئەو بڕە پارەیەی کە بۆی لەبەرچاو دەگیرێت بڕە پارەیەکی زۆرە، ئەمە ئامانجێکی هەیە، ئەویش ئەوەیە کە ئەم خەڵاتە لەڕووی بەهای کۆمەڵایەتییەوە گرنگە. لەڕاستیدا ئەگەر بڕە پارەیەکی دیاریکراو وەک دیاری بدرێت، گرنگ ئەوەیە کێ دیارییەکە دەدات و بە کێ ده‌درێ. ئەمانە هەمووی مانای جیاوازن کە پارە پەیدای دەکەن. لە ڕاستیدا بە گوتەی خاتوو زێلیزەر، مرۆڤەکان بەڕاستی وریان لە دۆزینەوەی ڕێگایەک بۆ ئەوەی مانا بە پارە بدەن و بیخەنە ناو کولتوورەکەیانەوە. ئەمەش تایبەتە بە هەموو کولتوورەکان و تەنانەت کولتوورە مۆدێرنەکانیش.
دەگەڕێمەوە سەر ئەو پرسیارەی کە پارە مانای چییە. لێره‌دا مانا جیاوازەکانی پارەم لە نێو مرۆڤەکانی کۆمەڵگادا شیکاری کردووە؛ بابەتی گرنگ لێره‌دا ئەوەیە کە پارە لە چ مەرجێکدا واتای هەیە. هەندێکجار پارە بە تەواوی یەکسانە بە مانای ژیان بۆ مرۆڤ، کاتێک مامەڵە لەگەڵ نەخۆشییەکی کوشندەدا دەکات، یان به‌رهه‌مهێنەری ژیانێکی ئاسوودە و چێژبەخشە، یان دەتوانێت مانای گەڕان بەدوای سۆز یان بەدەستهێنانی ڕەزامەندیی کەسانی دیکەی هەبێت. پارە دەتوانێت تەندروستی و جوانی و خۆشگوزەرانی و تەمەندرێژی بهێنێت، یان وا مرۆڤەکان بكات پێویستیان به کەسانی تر نه‌بێت، یان متمانەبەخۆبوونیان بۆ زیاد بكات. پارە مافی هەڵبژاردن ده‌به‌خشێت و تاکایەتی پتەو دەکات، یان دەتوانن بە پارە كاری خێرخوازی بکەن. لە هەندێک پێناسەی بەختەوەریدا، پارە یان ئاواتەخوازە یان بەپێچەوانەوە، وێرانکەر و تێکدەرە و هەموو پەیوەندییە مرۆییەکان تێکدەدات و بەکاربەری زیاتر دەکات. هەندێک جار پارە جیاوازی کۆمەڵایەتی ده‌خاته‌ڕوو، ناوبانگ و شکۆ دەپارێزێت، هەندێک جار وه‌ك ئه‌وه‌ى ئێمه‌ى كورد ده‌یڵێین بە چڵکی ده‌ست دادەنرێت. هەبوونی پارە لە بواری پەروەردە و ئیمکاناتی پەروەردەدا کاریگەرترە.
لە ئەنترۆپۆلۆژیادا لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە پرسی پارە و ئابووریی دراو وروژێنراوە. لەم بوارەدا کتێبی گرنگ هەیە؛ دەتوانین ئاماژە بە کتێبە بەناوبانگەکەی مارسێل ماوس بکەین بە ناوی “دیاری” و کتێبه‌كه‌ی مالینۆڤسکی بە ناوی “ئارگۆنۆتەکانی زەریای هێمن ڕۆژئاوا”. ئەم دوو کتێبە ئەوە دەردەخەن کە دیاردەی پارە، تایبەت نییە بە کۆمەڵگە مۆدێرنەکان و لە سەرەتاییترین کۆمەڵگاکاندا پرسی گۆڕینه‌وه‌ و ئاڵوگۆڕین لە شێوەی کاڵای دیکەدا بوونی هەبووە کە کاڵای ماددی بووه‌، بەڵام دواتر ڕەوتێک لە ئەنترۆپۆلۆژیدا لە ژێر ناوی ئەنترۆپۆلۆژیای ئابووریدا سەرهەڵدەدات، په‌یوه‌ندی نێوان پاره‌ و ده‌وڵه‌ت-نه‌ته‌وه‌ به‌یه‌كه‌وه‌ ده‌به‌ستێته‌وه‌. ئەنترۆپۆلۆژیای ئابووری کاری لەسەر ئه‌وه‌ پرسه‌ کردووە کە لە کۆمەڵگاکاندا چی ڕوودەدات کاتێک لە ئابوورییە تەقلیدییەکانەوە دەچینە ئابوورییە مۆدێرن و دواتر پۆست مۆدێرنەکان، چۆن سیستەمی بەهاکانی ئەو کۆمەڵگایانە لەناو دەچن. ئەم پرسە بە شێوەیەکی بەرفراوان لە کۆمەڵگای خۆماندا ڕوویداوە، بەڵام بێگومان هۆکاری خێراتر بوونی ئەمە لە كوردستاندا بوونی پارەی زیاترە، کە ئەمەش دوای هاتنی داهاتی نەوت ڕوویدا و تەنیا دەتوانین بڵێین ئەوە لە ماوەی دوو ده‌یه‌ی كۆتایی خێرایی پرۆسەی نیولیبرالیزەکردن لە کۆمەڵگادا کەمێک خاو دەبێتەوە و ڕاستەوخۆ دوای ئەوە بە خێراییەکی زۆر بەرزتر بەردەوام دەبێت.
ئەو قەیرانەی کە لە ئێستادا جیهان ڕووبەڕووی بووەتەوە و ئەوەی دەگوزەرێت نیولیبراڵیزم خەریکە ئەم شتانە لە سیستەمی جیهانیدا لەناو دەبات، کاتێک ئەمانە لەناوچوون، ئێمە دەچینە ناو ئەوەی کە زۆر جار باسمان کردووە و ئەویش سیستەمی “قەرزداربوون”ـە؛ واتە سیستەمێک کە مرۆڤەکان نەک لەسەر بنەمای سەروەت و سامانەکانیان، بەڵکو لەسەر بنەمای قەرزەکانیان بژین. ئەم سیستەمە تەواو لە جۆرێکی نوێی کۆیلایەتی دەچێت (چونکە کۆیلەکان لە یۆنانی کۆن بە درێژایی تەمەنیان قەرزاری و دەبوو هەموو تەمەنیان کار بکەن بۆ ئەوەی قەرزەکانیان بدەنەوە، کە هەرگیز کۆتایی نەده‌هات). ئەمڕۆ ئێمە لەم جۆرە کۆمەڵگایانە نزیک دەبینەوە کە نموونەیان ساڵانێکە لە ئەمریکا بنیات نراوە. ئەوروپای ڕۆژئاوا بەرەنگاری ئەمە بووەتەوە، بەتایبەت ئەڵمانیا و فەرەنسا، بەڵام به‌ریتانیا تاڕادەیەک زیانی بەرکەوتووە. ئەگەر ئەم حاڵەتە بگاتە کۆتایی، دەتوانێت وڵاتێکی پێشکەوتوو بە تەواوی لەناو ببات. نموونەیەک لەم کێشەیە لە ئاستی شارەکاندا دەبینین، ئەمڕۆ لە شاری دیترۆیت لە ئەمریکا. لەسەر ئاستی نیشتمانی وڵاتێکی وەک یۆنانمان هەیە کە مایەپووچ بووە. ئەم کێشەیە دیاردەی دیکەی لە کۆمەڵگای ئێمەدا دروست کردووە، کە دەرئەنجامه‌كه‌ى لەناوبردنی تەندروستی، پەروەردە، گواستنەوەی گشتی، سیستەمی دابینکردنی ئاو و سیستەمی خزمەتگوزاریی شارەکان و هتد.
ئێمە باوەڕمان بەوە نییە کە سیستەمی گەندەڵی لە سەرەوە بجوڵێنرێت، بەڵکو سیستەمی گەندەڵی لە خوارەوە پاڵدەنرێت، لە ڕاستیدا ئەوە سیستەمی کۆمەڵایەتییە کە سیستەمی سەرەوەی گەندەڵ دروست دەکات. هەر لەبەر ئەمەشە کە کۆمەڵگایەکی وەک سوید لە فەرەنسادا دروست نابێت؛ چونکە کۆمەڵگای فەرەنسی لە بنەڕەتدا جیاوازە لە کۆمەڵگای سویدی. پێموانییە ئێمە بتوانین بە شێوەیەکی فەرمی یان بە شێوەیەکی یاسایی کێشەکان چارەسەر بکەین، واتە بیرکردنەوەی یاسایی کە دەتوانرێت بە یاسا بکرێت. نیولیبراڵیزم سیستەمێکی جیهانی یەکپارچەیە نەک سیستەمێکی حکومەتی نیشتمانی، سیستەمی دابەشکردنی کارەکەی جیهانییە نەک ناوخۆیی. بە جۆرێک ڕەخنەی بنەڕەتی لە سیستەمی نیولیبراڵیزم لە جیهاندا ئەوەیە کە دەوڵەتی نەتەوەیی لەناو دەبات.