دووشەممە, تشرینی دووه‌م 25, 2024

خوسرەو جاف قەڵەمێكی حەوت ڕەنگ… من لادێیم!

تا لە ژیاندا كەوتمە سەر ڕێگا و ڕەوتی خۆی وەرگرت و بازووم گوڕ و هێزیان تێكەوت… پێم نەدەكرا هیچ یاسا و كردار و ڕەفتارێك بە هاوشانیی ڕەفتار و كرداری لادێی و خێڵان و كۆچەرییان دانیم.

لە سینەمدا بیر و ئەندێشەی جۆراوجۆر پەنگی خواردبوویەوە، تا ڕادەیەكیش لە چۆنیەتیی بیروڕای خەڵكانی ناو شارە بچكۆڵانەكانی دەوروبەرم سەرم سووڕ دەما، مناڵانە زەردەخەنەم دەگرتە چوارچێوەی ژیان، سكم بە بێدەرتانییان دەستووتا، خەیاڵ دەیبردمەوە، ئاوا بیرم لە شاران دەكردەوە.
لەگەڵ گوزەری ڕۆژگاردا ئەندێشەم بەربڵاوتر و هەنگاوەكانیشم پانوپۆڕتر دەنا.
تێدەفكرام، تێدەفكرام، تا گەیشتمە ئەوەی هێشتا هەرزەكارم و هیچ نەهاتووەتە رێم، جیهان زۆر لەوە پانوپۆڕترە، كە من وا تێ دەفكرام!
من گەنجم و مێردمنداڵم، گێتیش لەوە پیر و پڕ سەیر و سەمەرەترە، كە لێی دەزانم!
جیهان و یاساكانی تەنها بیروڕای هۆزایەتی و هەڵسان و تێفكرینی ڕەوەندی نییە.
بیروڕام گەلێك سەرەتاییە!
ڕاستە ئێمەی مرۆڤ بۆ هەر كوێ بڕۆیین ئاسمان یەك ڕەنگە، بەڵام توێژی ئاسمان جیاوازە، دڵ و قووڵایی ئاسمان ئاشكرا و لێڵ و پەنهانە، كەیلی ڕازە. پڕ لە ئەفسوونە نەزانراوەكانە.
جا بە دڵ و گیانەوە بە عیشقی هەڵهێنانی مەتەڵی ژیانەوە نە خەوتم. بەرەو دونیای پڕ لە ڕاز و مەجهوول وەڕێ كەوتم.
كۆڵی سەفەرم لە كۆڵ بەست و وەڕێ كەوتم، ئای پەنجەكەڵەم هەڵكەوت و نەسرەوتم، بێ بیركردنەوە لە چەرمەسەری، بەرەو دونیای نامۆی دەربەدەری. خۆم دەربەدەر كرد.
بیست و یەك ساڵ نامۆیی وڵاتانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوام پێوا.. نامۆیم چێژا، دەردی بێدەرمان و ئەشكم ڕێژا. وێڵ و سەرگەردان بە دوای خۆما.
وەك وتم: من لادێیم!
لە ئاسمانی گەرمی گەریماندا پەروەردەبووم و پەڕوپۆم دەرهێناوە، هەر لە مناڵییەوە بیرم بەلای هونەر و ڕشتەكانی هونەر و كەنین و گریانی هونەرەوە بووە.
دووور و نزیك لەسەرخۆ، بەهێمنی و ڕێچكەی ڕابردووی هونەری میللەتان و داهاتووەكانی هونەریم گرتە بەر.
لەناو نامۆییدا ئەوەی دەربارەی هونەر دەبوو دەمقۆزییەوە، دەمخوێندەوە! بەپێی توانا، یا بە ڕێكەوت لە سیمنار و كۆنفرانس و ڤیستیڤاڵ و جەژنەكان و سینەماكان و وەك گوێگرێك، یا تەماشاكەرێك بەشدار دەبووم.
پێشانگا و تەماشاخانە و مۆزەخانەكانیش دەگەڕام.
لە نیمچە ئاوڕێكدا شۆرەت و دەستەڵات و دەوڵەمەندی ئەفسانەیی ئەكتەرەكانم دەدی. ئاخم دەكردە داخ و ئەو هەموو دەستەڵات و ژیانەم سەیر دەهاتە پێش چاو.
جاروبار لە ئاسمانی خەیاڵدا كۆت و تەلبەندی نامۆیی و دەربەدەری و قوڕبەسەریم دەهاڕی بەسەر یەكدا. بیر و ئەندێشەم خۆی دەگەیاندە وڵات و چۆنیەتیی ژیانی پڕ كوێرەوەری و چەرمەسەریی هونەرمەندان. هەر دوو لام پێكەوە هەڵدەسەنگاندن، خەم دایدەگرتم، تاڵییم چێژ دەكرد و سینەسەخت بووم لە تاوا نەدەمردم.
گەرچی دەمزانی فەرهەنگی ئێمەی ڕۆژهەڵات لەگەڵ ئەواندا جیاوازە، جیاوازییەكەیش گەلێك بەربڵاو و فراوانە، بەدووریی نێوان زەوی و ئاسمانە…
ڕاستە لە وڵاتی ئێمەدا هونەر و بارودۆخی ڕشتەكانی هونەر بەو شێوەیی لە ڕۆژئاوادا هەیە وەدی ناكرێت، نابینرێت… بەڵام مانای ئەوە نییە لە هونەر بێگانە بین. ئەوە ناگەیەنێت نەتوانین زمانی هونەر و زاراوە هونەرییەكان نەكەین بە گۆرانییەكی شیرین! ئاواز و تێكڕایی هونەر، زمانێكی ویژدانی و ئاسمانی و جیهانییە!
هونەر هاواری بێدەنگی میللەتانی ئازادیخوازی جیهانە.
نەشیاوە لە دوا هەناسەی سەدەی بیستەمدا بە هەڵە زاراوە هونەرییەكان بەكار ببەین. یان لەو زمانە ئاسمانییە بێئاگا و بێ خەبەر بین، یان هەر نەبێت گڕوگاڵی پێوە نەكەین.
كەس ناتوانێ بڵێ ئێمە میللەتێكی بی زەوقین، بەڵكوو بە پێچەوانەوە خاوەنی گەنجینەیەكی بێوێنە و بێ بنین. لەم خاكەدا هێندە هونەری خۆماڵی كۆنەساڵمان بۆ ماوەتەوە ئەگەر تا دوا سڕناكەی ئیسرافیل كاری تێدا بكەین لەبن نایەن.
برا دەریایەكە بۆخۆی!
ئەم دەریایە مەلەوانی دەوێ، كار و ئەزموون و چاوساغی دەوێ… ئەوەیش لەبیر نەكەیت، زەمان، زەمانی تیژڕەوییە، زەمان، زەمانی كۆمپیوتەر و ژمارە و داتایە، ڕاپەڕینی تەكنۆلۆژی گەردوونییە.
تەكنۆلۆژیا زۆر شتی داهێناوە و كردوویەتی بە پێویستیی ژیان. ئێمە مرۆڤی ئەو سەردەمە هەروا بە ئاسانی ناتوانین دەستبەرداری بین.
بانگەوازی من، من و ئەوسا منی تەكنۆلۆژیا كونی گوێ و ئەندێشە و دەروونی هەر كەسێكی پێواوە.
لە ئاوا دەوروبەرێكدا پێم وایە زۆر دژوار نەبێت، هونەرە خۆماڵییەكان بە شێوەیەكی شایستە و نوێ بناسێنین بە میللەتانی جیهان.
چەند پەسندتر و باشتر دەبێت ئەگەر خوێنێكی گەرمتر بكەینەوە بەر كۆنەساڵە هەڵقرچاوەكان، ئەوسا ڕەنگە فێری ئەو زمانە بین كە وا پێی دەڵێن زمانی جیهانیی هونەر.
نەترساو لە چاوزەقكردنەوەی كۆنەپەرستان، چاولێكەران، كەمتەرخەم لە لێوهەڵقورچانی بێدەربەست، لە زەردەخەنەی دەم هەراشان، ڕووكەشان… دڵنیابە بەتەنها من و تۆ و ئەو دەتوانین كەژاوەی كۆنەساڵی هونەر دیسانەوە بخەینەوە گڕ. بەرەو مۆڵگە و مەڵبەندێكی پەسند هەنگاو بنێین، لە پاشەڕۆژێكی نزیكیشدا بگەینە هەوارگە، ئەم ئاواتە هەر بەدی دێت، كەی؟ نازانم…!
منداڵ بووم دەمبیست فڵان حەز لە فڵان دەكات، ئەو لەوی تر، هەر خەڵك بوو حەزیان لە یەكتر دەكرد.
لە خۆم دەپرسی: ئەرێ ئەو هەموو دڵدارە هیچ تیا بەسەر نەبووانە بۆ شاییەك ناگێڕن؟
بۆ زەماوەندێك ساز ناكەن؟
چ بێفەڕ و بێن درێژ و بە تامووڵن!
خۆ وەڵا جارجاریش زەماوەند ڕووی دەدا، تەنیا ساز و ئاوازی هەر چەپڵەی لەپ و بە جووتە گۆرانی وتنی نێو هەڵپەڕكێ…
حەزم دەكرد ناسراو و دەوڵەمەند شایی بگێڕن، ئاخر دەستڕۆیشتوو دەیتوانی چاوش بانگ بكات و چەند شەوێك بەزمی منداڵانەی خۆمان بگێڕین… گوێمان لە دهۆڵ و زوڕنا و چاومان لە هاتوچووكردنی دەهۆڵژەن و جۆشدانەكەی بێت!
جاروبار ئاواتەكانمان بەبێ شاییگێڕان دەهاتنە دی، لە كاتی سەر خەرماناندا هونەرمەندانی زوڕناژەن و دهۆڵ لێدەر گەڕەكە خەرمانەكان دەگەڕان، خەرمان لۆغەیان پێ دەدرا.
ئێمەی منداڵیش وەك لەشكرێكی شكاو، بە چەپڵەوە بەدوایانەوە بووین، جاروبار پێش ئەوەی چاوەشەكان بگەنە دامێنی خەرمانەكان… كابرایەك وەك تیر لە كەوان دەردەچوو و لە خەرمانەوە دەردەپەڕێ و پێشی بە چاوەشان دەگرت و نەیدەهێڵا بڕۆنە پێشەوە و لە خەرمان نزیك ببنەوە.
هەر لە دوورەوە برێك گەنمیان پێ دەدرا…
نەمدەزانی بۆ پێشیان پێ دەگرتن و لێیان نەدەگەڕان نزیكبنەوە، بۆم بوو بووە ڕازێكی هەڵنەهینراو، تا لە دایكم پرسی…
دەركەوت باوەڕ وایە دەنگی دهۆڵ و زوڕنا فریشتەی بەرەكەت لەسەر خەرمانان دەتارێنێ.
فریشتەكان بە بیستنی ئەو زوڕنا و دهۆڵە بەرەو ئاسمان دەدەن لە شەقەی باڵ و بەرەو ئاسمان دەگەڕێنەوە، تا دوا وەرزی ساڵ…
دیسان لە دایكم دەپرسی: ئەرێ دایە بۆچی فریشتە هێندە بێ زەوقن؟
دایكم وەڵامی دەدامەوە:
نا ڕۆڵە بێ زەوق نین، ئەوان فێری مۆسیقای گەلێك ناسك و خۆشنەواترن… دەمویست بیسەلمێنم، نەمدەتوانی!
فریشتە نابێت هێندە بێ زەوق بن، فریشتە نابێ هەر تەنها گوێی لە نەوای ئاسمان بگرێت، ئەگەر مۆسیقای ئێمەی مرۆڤی لا سەنگین و قوڕس بێتە گوێ، بە چەشنێك لە تاوا خۆی پێ ڕانگیرێت و خەرمان و بەرەكەتەكەی بەجێ بهێڵێت و بدا لە شەقەی باڵ… ئاخۆ دەتوانێ زیڕە و هاواری دەمێكی ژاناوی ببیستێ؟
چۆن پەیام و سكاڵای دڵێكی پڕ لە ژان و ناسۆر و عیشقێكی ویژدانی دەگەیەنێتە چاوگەی هەق؟
دایكم نەیدەتوانی وەڵام بداتەوە…
ئاڵۆز دەبوو، بە كورتی دەیوت:
ڕۆڵە ئەوانە لۆتین، لۆتی! لۆتیش نەگبەتە نەگبەت! تێگەیشتی؟
ئەگەر وردبینەوە دەنواڕێن هەندی بیروڕای هەڵەی چەسپاو، لەمێژەوە بەهۆی چەكی ئابوورییەوە چەسپێنراوە.
وەك خەرمان و فریشتەی بەرەكەت و لۆتی.
نازانم چۆن سەدان ساڵ تێپەڕیوە و بە ئاسانی توێژێكی عارەقڕێژی زوخاوچێژی، هەست برژاوی زوڕناژەنی ناو ئەم میللەتە بە نەگبەت دراون لە قەڵەم؟
ئایا نەگبەت زكماكە، یان بۆنەهاتی و هەڵكەوت و داكەوتی ژیانی مرۆڤ دەیی هێنێتە پێش چاو؟
بەپێی چاوگە زانستییەكان لە هەزاران كەسدا یەكێك زكماك تاوانبار دێتە جیهانەوە.
ئەویش ئەگەر بیهۆنینەوە ئەو تاوانبارە زكماكە بێتاوانە!
خۆشبەختانە ژمارەیان زۆر نییە، وەك نەبوو وایە، كەی ڕەوایە لەسەر بیروڕایەكی بێ بن و بنچینە بە نەگبەت بدەینە قەڵەم؟
ئایا ڕەوایە ئاوا بێ نرخ و بایی تێیان بنواڕین؟ ئێمە خەڵكی ئەو وڵاتە میللەتێكی بەزمدۆست و بەزمگێڕین.
لە هەر كوێیەك گرمەی دهۆڵ و سیرەی زوڕنا بەرزبێتەوە، پیر و لاو خۆیان پێ ناگیرێت، ژن و پیاو سەر مەستانە خۆیان دەهاوێژنە نێو كۆڕی بەزمەوە..
ئایا تا ئێستا لە خۆت نەپرسیوە هۆی ئەم بان و دوو هەوایە چییە و چۆنە؟
ئای چەندان هەزاران كەس لەسەرچۆپی كێشان شەڵاڵی خوێنكراوە!
ئای چەند بەزم و زەماوەند بە قوڕپێوان ڕێچكەیان بەستووە بەرەو گۆڕستان، هەر لەبەر خۆدەرخستنی نێو هەڵپەڕكێ و خۆبادان.
ئەو هونەرمەندە كڵۆڵانە عەیارانە، بە ئاسانی و بەجوانی بتوانن من وتۆ و ئێمە و ئەوان بێننە سەمای مەرگ!
لە خۆت ناپرسی بۆ لە پێش چاومان ئاوا بێجێ و بێ نرخن؟
وانازانی گرێیەكی ڕچاوی لە ڕۆژگار پیڕتر لەناو لق و چڵ و پۆی ناخماندا گیری كردووە و سست و خامۆش و بێدەربەست نووستووە!
تێنافكرین كاتی ئەوە هاتووە چاوساغان و دەروونناسان، ڕووناكبیران، ڕشتە جۆراوجۆرەكان لە بیروڕا سەرەتاییانە، لە ڕوویەكی زانستیانە لەمە بكۆڵنەوە؟
زوڕناژەنیش ستایشە، دەمی زوڕناكەی بەرەو ئاسمانی بێ بنوبێخ بەرزكردەوە، هێندە بە سۆزەوە پەنجە ڕەقەڵەكانی لەسەر ترپە و ڕیتم بەرز دەكردەوە، لە تاوا چاوە مۆنەكانی نووستبوون.
لە هەمانكاتدا ڕوانیم زوڕناژەن ڕوو و ڕوخساری شەڵاڵی خوێنە، دهۆڵیش لە زەویدا كەوتووە و خوێناوی دەمی وەك زامێكی كۆنەساڵ دەمی كردووەتەوە.
من دیبووم لە خەڵك دەدرا، لێدان ژانی هەیە، ژانیش هاوار و گریان، چەتوونیم دەكرد، لێیان دەدام لە تاوا بە دەنگ دەگریام.
مناڵانە وامدەزانی… دهۆڵ لە تاوی ژانی دار دەنگی دێت… ئەوەی لەناو دهۆڵەكە دایە ئێشی پێ دەگات و دەناڵێنیت…كاتێك لە دەهۆڵی دڕاو نزیك بوومەوە، سەرم بردە ناویەوە بۆم دەركەوت وەك زۆر بیروڕای هەڵەی چەسپاوی جۆراوجۆری ئەم زەوییە گردە خۆڵاوییە پڕە لە هیچ…!
وا بەرەو خەزان دەڕۆم، هێشتا خوێنی وشكبووەوەی، سەركەپوو، ڕوخساری ئەو سوڕناژەنەم لە یادناچێتەوە. .. گریانە بێدەنگەكەی… ڕوخسارە زەردە بێ ڕەنگەكەی.
شێوەنی زوڕنا و ئاهەنگەكەی… دڵۆپ… دڵۆپ فرمیسكی چاوە نەرمەكەی ئەوانە دەقن بۆ من.
كاتی سكاڵایەكی سەدان ساڵ بوو… لەدەست تێفكرینی گومڕایی و بێ ویژدانی.
بەو مناڵییەوە هەستم بە داخی دەكرد و پەیم بە ناخی دەبرد.
سڕناژەن لەوە دەچوو ئەوە یەكەمین لێدان، یەكەمین خوێن ئاوەڵكردنی نەبێت. لەوەدەچوو بێ خەبەری و نابەرانبەری لە سوڕناژەنی هۆكارەی ئاوا لێدانێك كردووبێت.
دیاربوو لە مێژبوو ئاكامی بێ ڕێزی و ناڕەوایی خۆی زانیوە… بەڵام چی بكا؟ ئەوە عیشقە، عیشق بە ئاهەنگ، عیشق بە هونەر، هونەرێكی پاك و خاوێن و خۆماڵی… ژەندن بۆ زانا و دانا و بێ كەڵك…. بۆ تۆ… بۆ من…. بۆ تێكڕای خەڵك… با لەسەر حسابی بێ ڕێزی و پێشێلكردنی كەسایەتیشی بێت.
ئا ئەمەیە تراژیدیای هونەری خۆماڵیمان…
منیش یەكێكم لە ئێوە ڕەنگە هەر بۆ وتن یا بۆ خۆدەرخستن ڕێز لەو چەوساوانە بگرم. ئەم كەم ڕێزییە تەنها بۆ سوڕناژەنان نییە. دەردەكە تا ئەمڕۆ بێ تەكبیرە، هەموو جێگیرە،.
هەر هەموو هونەر و ڕشتەكانی لەناو ئێمەدا بێ پایە و بێ نرخن.
ئێمە وەك میللەتێكی فەرهەنگدار لەم ڕووەوە بیرناكەینەوە، كەی ئەم دوژمنشێلی دوژمنان كۆتایی پێ دێت؟ كەی؟ نازانم!
كەی ئێمەیش وەك میللەتێكی وشیار و خاوەن فەرهەنگ مافی هونەرمەندان دەدەین، كەی؟
نازانم!
با ئەوەیش بڵێین تەنها ئێمەی كورد و تێكڕای خەڵكی عێراق نین دووچاری ئەو فكرە بووین و ئاوا تێدەفكرین، زۆر میللەت وا بیردەكەنەوە!
لە زۆربەی وڵاتانی ڕۆژهەڵات ڕەنگە هونەرمەندانی دۆخیان لەوان چاكتر بێت. … بەڵێ ڕەنگە…
جا برا لەم دوا هەناسەی سەدەی بیستەمەدا، لێت دەپرسم ئاوا تێفكرینێك دەبێتە دەوای كام دەرد؟
ناوی دەنێی كام دەرمان؟ جا كوا دەرمان؟

ئەو چەند ساڵەم لەبیر ناچێت
سەردەمی قوتابیبوونی زانكۆ خۆشترین و لەبیرنەچووترین ڕۆژگارێكە، قوتابی تیادایە دەوڵەمەند و هەژار هەریەكە بە جۆرێك ئەو قۆناغە لەبیرنەچووە دەگوزەرێنن، ژیانی ڕۆژانە پڕە لە تین و وزە. پڕە لە ئومێد پڕە لە ململانێی شاراوە و نهێنی.
ساڵ، ساڵی 1965ز چەند ساڵێكی پێشمەرگایەتی دوای خستبووم، ناوەندیم بە پلەیەكی بەرز تەواو كردبوو، باری دەروونم شێوابووە سەر یەكدا، تا دەبوو لە دەوروبەر و لە خەڵك و خۆمیش بێزار بووم. بڕیاری خۆم دابوو بە هەر فەلاكەتێك بووە دەبێ لە وەڵات وەدەرچم، خوا كردی لە یەكێك لە زانكۆكانی چیكۆسلۆڤاكیادا قبووڵم بۆ هات، لە كەینوبەینی سەفەردا بووم لە ئێرانەوە قبووڵی زانكۆی تارانیشم بۆ هات” كولیژی هونەرە جوانەكان، ڕشتەی تەلارسازی” دوودڵ بووم ڕوو لە ئەورووپای هەزار ڕەنگ بكەم یان ئێران بڕۆم، ئاوا بڕیاردانێك هۆكاری تریشی هەبوو.
حەزم لە كچە ئامۆزایەكی خۆم دەكرد نیشتەجێی تاران بوو، سەرەنجام كۆڵەباری سەفەری ئێرانم لە كۆڵكرد و ئێران بمگرە و هاتم. خۆم كرد بە شاری تارانا، شار ڕازابوویەوە بە ڕەنگ و دەنگ و هەزاران گڵۆپی زەرد و سوورەوە، هەرایەك بوو نەبێتەوە.
دونیا و ڕیكلامی جیهانی باسی جەژنی 2500ساڵەی ئێرانیان دەكرد. شاكان و سەرۆك وەزیرانی جیهان لەو جەژنەیدا بەشدار بوون، لە دەوروبەری ئاسەواری تەختی جەمشیددا سەدان جادری شاهانە هەڵدرابوو، مێوانەكان دەنگ و ڕەنگو ئاسەواری تەختی جەمشیدی شەمایل گۆڕأبوو، شارەكانیش شەقامەكانی هەر یەكە و بە جۆرێك چراخانیان ئەنجام دابوو، لە ئاوا ڕۆژگارێكدا گەیشتەمە تاران. نازانم دروست چ ڕۆژێك بوو، لەسەر تەختەی كڵاس دانیشتم.
كۆلیژی هونەرە جوانەكان لەو سەردەمەیدا زۆرتر منداڵی بنەماڵە دەوڵەمەندەكانی تیادا بوو، ئەو كۆلیژە جلوبەرگ و شێوەی كار و سیستەمیان لە كۆلیژەكانی دیكە جیاواز بوو، ڕەگوڕیشەی خێزانەكانیان سەرجەم لە كۆلیژەكانی تری زانكۆ دابڕابوو، قوتابیانی كۆلیژەكانی دیكە ئەگەر بۆ لای هاوڕێكیان نەبووبیت ڕێگەیان پێ نەدەدرا بێنە كافتریاكەمانەوە، تاك و تەراك قوتابییەكی شارستانی لە كۆلیژەكەماندا دەبینرا.
زۆربەی زۆری قوتابییان كوڕ و كچی شاری تاران بوون، شاری تاران لەگەڵ شارەكانی دیكەی ئێرانا لە زۆر لاوە جیاواز بوون، لەناو تارانیشدا منداڵانی هەزار فامیل لە خەڵكە زۆرەكە جیاوازتر بوون.
فارسی نازانم، بەڵام ئەوە تێدەگەم زۆربەی كار و وانەكانمان دەربارەی هونەر و دونیای هونەر بوون، وابڵاوبوویەوە كە من “كوردی عەرەبم” ئەو شێوە ناوبردنەم لاناخۆش بوو. بۆم دەركەوت بۆ جەفەنگ گاڵتەپێكردن نەبووە، بە كوردی توركایان دەوت كوردی تورك، منیش لە عێراقەوە هاتبووم، كوردی عەرەب بووم، كوردی ئێرانیش، كوردی ئێران بوو.
ساڵی یەكەمم بە سەختی بڕی، دوای دەوامی ڕۆژانە ڕۆیشتمە وانەی فێربوونی شێوەكاری و هەروەها فێربوونی زمانی فارسی، ڕۆژ كۆلیژ و شەو تا درەنگانێك كلاسی تایبەتم دەگوزەراند، باش بوو دوانەكەوتم، بەڵام هاوكڵاسەكانم لە منداڵییەوە هونەریان ناسی بوو. من لە پێشمەرگایەتییەوە هاتبوومە نێو دونیای هونەرەوە. بڕیاری خۆم دابوو، سەرێكە و هێناومە و دەبێ سەركەوم.
ساڵی دووهەم زمان فێربووم، كتاوی فارسیم زۆر دەخوێندەوە، پەنجەم لە هونەر گیربووبوو، فێری توانج و قسەی قۆڕ و گاڵتە بووبووم. مۆڵەتی ماشێن لێخوڕینم وەرگرتبوو، ئۆتۆمبێلێكی جوانی دووكەسەی “تەنتەم” كڕی بوو، هەمووی لە شاری تارانا چوار دانەی وای تیابووە. پێگەیەكی باشم وەدەستهێنابوو، كچە هاوكلاسیەكانم زۆریان سەر دەنایە سەرم.
كچێكی هاروهاجی ناو كلاسەكەمان سەری دەنایە سەرم، دەیزانی بە چی ئاڵۆز دەبم، دەیوت: خوسرەوخان كوردی عەرەبە! دەزانن عەرەب بەچی بەناوبانگە هاوكلاسییەكانم قاقا پێدەكەنین، زۆر لە كچەكان لەناو ئێرانا عەرەب بە گەورەیی زەكەری پیاوانە بەناوبانگن، منیش لە وەڵامیدا دەموت:
ناهید ڕاست دەكات و تاقی كردووەتەوە… ئەویش هێندە بێحەیا و ڕوو هەڵماڵیاو بوو لە وەڵامدا دەیوت:
جا كوا، خۆزیا وابایە!
لە كافتریادا جێگەیەكی تایبەتم هەبوو، من و دووسێ هاوڕێم هەر لەوێدا دادەنیشتین، مەگەر غەریبەیەك دەنا كەس لەو جێگەیەی ئێمەیەیدا دانەدەنیشت.
هاوكڵاسییەكم هەبوو ڕەفتار و كردار و جووڵانەوە و ڕێوە ڕۆیشتنی ژنانە بوو، كوڕی هونەرپیشەیەك بوو، بەناوی ” مەجید موحسینی”، لە دونیای سینەمای ئێرانا هەم هونەر پیشە بوو، هەم كارگێڕ. حەزم لە كردار و ڕەفتاری نەدەكرد، ڕۆژێك هاتمە ناو كافتریاوە سەیرم كرد، ئەو كابرایە لەسەر كورسییە هەمیشەییەكەی من دانیشتبوو، ڕووم تێكردوو و وتم: جێگەی خاڵی زۆرە بۆچی لەوێ دانیشتووی؟
وتی: هەوەسی خۆمە، لە هەر كوێدا هەوەسم بێت دادەنیشم.
وتم: نازانی ئەوە جێگەی هەمیشەی منە؟
وتی: مەگەر سەرقوفڵیت داوە، یان ئێرەت سەندووە؟
وتم: هیچ كامیان، بەڵام هەڵسی چاكترە!
وتی: ئاغای جاف من عەمدی لێرە دانیشتووم، وا هەڵدەستم بەڵام بۆت ڕوون دەكەمەوە من كوڕی باشم. كابرا هەڵسا و دوای مانگێك هاتە لام و وتی:
من پێنج شەمە داوەتێكم ڕێكخستووە لام خۆشە تۆیش بێیت، نەكا نەیەیت؟

  • ئەگەر نەیەم چیم لێ دەكەی؟
  • خۆم دەزانم جارێك پێت ناڵێم.
    بەهەرحاڵ ڕۆیشتم زۆر لە هاوكلاسیەكانیشم لەوێ بوون… بە قەولی خۆمان مەی خواردنەوە و مۆزیك و مەلەی ناو مەلەوانگەی ناو ماڵیان بۆ شەوێكی تەماشای بوو.
    بۆم دەركەوت ئەو ژنانییە گەلێك خوێندەوارە، زۆربەی شیعری شوعەرای كلاسیكی ئێرانی لەبەرە، بەڕاستی بیروڕام دەربارەی گۆڕا.
    شەش ساڵی لەبیرنەچووم لە چوارتەنیشتێكی كراوەی بێسنووردا بردە سەر، ئیتر گەشتی شارە ئاسەواردارەكانمان زۆر كرد، زۆر بۆنە و بێ بۆنەیش بەزمی شەوانەمان دەسازان، خوا هەقە ئەو ڕۆژگارانەم هەرگیز لەبیر ناچێتەوە.

كۆڕی زانیاریی بەغدا
1985
نە ئاگاداربووم، نەبۆیشی كۆشابووم كرابوومە ئەندامی كۆڕی زانیاری لە بەغدا. بەشی كوردی… لە ڕاستیدا زۆر لە نووسەرانی كورد ئاواتەخوازی ئەو جێگەیە بوون. ڕۆژی یەكەمی كۆبوونەوەیان دیاری كردبوو، هیچ جۆرە زانیارییەكم دەربارەی تازە هاوەڵەكانم نەبوو، كەوا كێی تری هەڵبژێردراون… هیچ بەرهەمێكیانم نەخوێندبوویەوە، پێشم وا نییە ئەوانیش هیچ بەرهەمێكی منیان خوێندبێتەوە، بەهەرحاڵ، كە رۆیشتم بۆ كۆڕ ئەمانەی خوارەوەم بینی، ئەوانیش وەك من هەڵبژێردرابوون:
1- دكتۆر جوامێر – سەرۆكی كۆڕ.
2- دكتۆر فواد حەمە خوڕشید- ئەندام.
3- خوسرەوجاف- ئەندام.
4- دكتۆر وریا- ئەندام.
5- جەمال بابان ئەندام.
6- د. زەنوون پیریادی
7- د. عەلی تۆفیق
من و جەمال بابان نەبێت ئەوانی دیكە نركەیان دەهات لەژێر قوڕسایی دكتۆراكەیاندا.
ڕاستت بوێت هەر لە یەكەم ڕۆژەوە بۆم دەركەوت زەحمەتە لەگەڵ ئەو كۆمەڵەیدا بەردەوام بم.
یەكەمین كۆبوونەوەمان بە سەرۆكایەتیی سەرۆكی كۆڕی زانیاریی عێراق “دكتۆر ناجح ڕاوی” ئەنجام دا.
كابرا پیرۆزبایی لێ كردین كەوا لە جێگەیەكی وا پیرۆزدا بووین بە ئەندام، ئیتر هاتە شان و باهۆی پێگەی كۆڕی زانیاریی عێراقدا. لەو كۆبوونەوە بۆم دەركەوت ئێمەی ئەندامانی “كۆڕی زانیاریی كورد” جگە لە دكتۆر جوامێر كە ئەندامی كۆڕی زانیاریی عێراق و سەرۆكی زانیاریی كۆڕی كورد بوو، ئەندامی كارا نین، یانی ئێمە لە ئەندامە عەرەبەكان پێگەمان پاین تربووین…
ڕاستی لە كۆبوونەوەی دووهەمدا ئەوەم بۆ دەركەوت، زۆری پێ ناڕەحەت بووم، بە دوای بەهانەیەكدا دەگەڕام تا واز لەو كۆڕەی بهێنم. ڕۆژ هات و چوو، دكتۆر جوامێر وتی: كۆبوونەوەی داهاتوو دكتۆر “ناجح ڕاوی”مان لەگەڵ دەبێت، بكۆشن ئامادەبن.
ئیدی دكتۆر هات و وەك ڕابردوو كەوتە تاریفكردنی پێگەی ئێمەی ئەندامان، نەمهێڵا وتەكانی تەواوكات و قسەكەیم بڕی و دكتۆر جوامێر هاتە نێوانەوە، بە حاڵەتێكی نەختێك تووڕەبوونەوە وتی: فڵانی قسەكەی پێ مەبڕە!
وتم: دكتۆر جوامێر خۆ من قوتابیی تۆ نیم تا ڕووخسەتت لێ وەربگرم تا بڕۆم بۆ تەوالیت! ئینجا ڕووم كردە دكتۆر ناجیح و وتم: دكتۆر ئێمەی كوردی ئەندامانی كۆڕ بۆ وەك ئێوەی عەرەب ئەندامی كارا نین؟
كەوتە مینجەمینج و نەیدەویست بڵێیت ئەوە بەدەستی دیوانی سەرۆكایەتییە و ئێمە دەستەڵاتی ئەوەمان نییە، من ئەوەم دەزانی بەڵام لەوێڕا دیوانی سەرۆكایەتی و دەوڵەت و دەستەڵات بەلای منەوە ” دكتۆر ناجح” ڕاوی بوو. بۆیە وتم: دكتۆر باش گوێم لێ بگرە:
من بایەلۆژیەن لە تۆ جوانترم، لە ڕووی ڕۆشنبیریشەوە ئەگەر لە تۆ باڵاتر نەبم نزمتر نیم، جا هیچ مایەی شانازیم نییە لەژێر ئەم بنمیچی كۆڕی زانیاریەیدا بەردەوام بم. لە پێشدا نامەی دەستلەكاركێشانەوەم نووسی بوو، هەستام نامەكەم دایێ و بێ خواحافیزی لە هۆڵەكە وەدەرچووم.
ئەمەی كە خوێنتەوە لەو ڕۆژەیدا – سەردەمی سەدام- هەر بە زمان ئاسانە.
زۆر كەس لەسەر زۆر لەوە كەمتریش بیست ساڵ زیندان و ئیعدامیش كرابوون. سوپاس بۆ خوا ئەو برادەرانە وا وەك من ئەندام بوون یەشتا ماون و ئەمەی قسەی دوای مردن نییە. لەبەر ئەوەی لە مێژووی كۆڕی زانیاریدا كەس دەستی لە كار نەكێشاوەتەوە. ڕۆژنامەی ” الجمهوریە” كە زمانحاڵی دەوڵەت بوو، هات لەگەڵما دوا، منیش هەمان وتوویژم دووبارە كردەوە و بڵاویش بوویەوە بە مانشێتی:” یەكەمین كەس لە مێژووی كۆڕی زانیاریی عێراق دەست لە ئەندامبوونی ئەو كۆڕە دەكێشێتەوە”.
من ئەو كارەم كرد بۆ پاراستنی مافی ڕەوای خۆم و ئەندامانی كۆڕ و پێگەی میللەتەكەم، كەچی یەكدوانێك كە بۆخۆیان خەت مایل بوون، لە بڕێك جێگەیدا وتبوویان كاك خوسرەوجاف تیژپەڕی كردووە و ئێمەیشی خستە مەترسییەكی گەورەوە. بێ ئەوەی لە خۆیان پرسی بێـت كام مەترسی؟
تۆ وەك (بت) ورتەت لە دەمەوە بەدەر نەهات، ئیدی ترس و تۆقیانت لە چی بووە؟
لەوە گوزەشتە، تۆ سەرشۆڕیت لا عەیب نییە و پێت دەكرێت، من سەرشۆڕی بۆخۆم و میللەتەكەم قەبووڵ ناكەم. وەك ئەوەی وا كردم و ڕۆژنامەكانیش نووسیان و تۆیش بتئاسا مایتەوە، پێم ناڵێی كام تیژڕەوی؟

داستانی “دائیرەتولمەعاریف”
دكتۆر كەمال مەزهەر تەلیفۆنی بۆ كردم و وتی: ئەگەر لە ماڵ بیت دێم بۆ لات، ماڵیان لە ماڵی منەوە زۆر دوور نەبوو، زۆری نەكێشا تەشریفی هێنا لەگەڵ دكتۆر كەمالدا تۆزەكێك تێكەڵین، ئاگاداری ڕۆژی لە دایكبوونی یەكتر بووین، با ڕاستگۆ بم هەمیشە ئەو پێشدەستی دەكرد، یا بە دەستەیەك گوڵەوە دەهات یان كێكی بۆ دەهێنام.
وتی كاتم زۆر بە دەستەوە نییە دەبێ بڕۆم بۆ كۆلیژ و پێم خۆشە نییە قوتابییەكانم چاوەڕوانم بن، هاتووم حیكایەتێكت بۆ بگێڕمەوە، تا ڕادەیەك پێوەندی بە تۆوە هەیە، جا خوا هەڵناگرێ دكتۆر كەمال لەوانە بوو گوێگری ماندوو نەدەكرد، گوێگر حەزی نەدەكرد قسەكانی تەواو كا جا وتی: ماوەیەكە چەندان مامۆستای كۆلیژی ئێمە و كۆلیژەكانی تر سەرگەرمی كۆبوونەوەن، ڕۆژێك هەروا ڕۆیشتمە ژووری كۆبوونەكەیانەوە نزیكەی دوانزە مامۆستا دەبوون، هەر هەموویانم دەناسی.
وتم: دیارە زۆر سەرقاڵی باسەكەتانن، سەرۆكی كۆبوونەكە دۆستێكی نزیكم بوو، باسەكەی ڕاگرت و وتی: ڕاست دەكەیت سەرقاڵی باسێكین دەربارەی پێكهێنانی دائیرەتولمەعاریف.
وتیان بە پێی فەرمانی “دیوانی سەرۆكایەتی” دەبێت بكۆشین بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی “دائیرەتولمعاریف” وتم: كارێكی پیرۆزە، بەڵام خوێندەوارێكی كورد بەرگی یەكەمی دائیرەتولمعاریفی داناوە، ڕوانیم زەردەخەنەیەك كەوتە سەر لێویان، زانیم زەردەخەنەكە گاڵتەكردن بوو بە قسەكەم… دەنگم نەكرد، بە سبەینێدا دائیرەتولمعاریفەكەتم دا بە بندەستم و ڕۆیشتمە ژوورەكەیانەوە…
وتم: دوێنێ من وتم كوڕێكی كورد دائیرەتولمعاریفێكی داناوە، زەردەخەنەیەكی ناجۆر كەوتە سەر لێوانتان، ئەوەم وت و دائیرەتولمەعاریفەكەتم خستە سەر مێزەكەیان، یەكێكیان دەستی بۆ برد و كەوتە هەڵدانەوەی پەڕەكانی و تا دەهات سەرسامی بە ڕوخساریەوە هەست پێ دەكرا، ئیتر دەست بەدەستیان دەكرد، یەكێكان وتی: باشە ئەم برادەرە چەند كەسی لەگەڵدا بووە؟ ئەمە كاری یەكدوو كەس نییە!
وتم: برادەرینە، ئێوە هەرچی هی ئێمەی كورد بێت كەم باییانە و بێ نرخانە تێی دەڕوانن، ئەم برادەرە بە تەنهایی ئەو كارەی ئەنجام داوە… باوەڕیان نەدەكرد، باشە بۆخۆی دێنم بۆ لێژنەكەتان…
هەڵبەتە هەڵوێستی جوامێرانە و دڵسۆزانە هەر لە كەسێكی وەك دكتۆر كەمال مەزهەر دێت، ئەگینا نەدەبووە ئەو كەمال مەزهەرە!
بەدیهێنانی دائیرەتولمەعاریف لەو ساڵانەیدا هەر بەدەم ئاسان بوو، كارێكی پڕ لە كێشە و بێ سەرچاوەیی یەخەی گرتبووم، یان لە ڕاستیدا من یەخەی ئەوم گرتبوو، لام چاكە بڕێك لەو گرفتاری و كێشانەی دووچاری بووم بیخەمە بەر چاوی ڕۆشنبیران.
ڕوونە نووسینی دائیرەتولمەعاریف ڕۆمان نەبوو بەپێی هەوا و هەوەسی خۆم دایڕێژم، گرفتی گەورە و سەرەكیم نەبوونی سەرچاوە بوو.
كەوتبوومە تەقەلاوە جگە لە كتاو و كتاوخانە سەرچاوەیەكی دی بەدی نەدەكرا، كتاوخانەكەی باوكم بڕێك كتاو و گۆڤاری كۆنی تیادابوو، كتاوخانە گشتییەكان یەك یەك گەڕام كۆمەڵێك سەرچاوەم بەدەست هێنا، لە كتاوخانەكانی شەقامی موتەنەبیدا كەوتمە پشكنین، زۆرجار پێش هاتووە كتاوێكم سەندووە تەنها لەبەر یەك وێنە. وەك زانراوە وێنە بۆ دائیرەتومەعاریف گەلێك گرنگە، ئەگەر لەبەرگی یەكەم وردبیتەوە، پرە لە وێنەی دەستخەتی، بە ناچار بۆخۆم ئەوانەم ڕەسم كردوون.
وەك زانراوە نووسەران تەنها فكریان لە كارێك كردووەتەوە كە بیكەن، دواتر دەكەونە پیاهەڵدانی كارەكانیان، ئیتر فووی پیا دەكەن و چەند كۆلكە نووسەری تریش دەكەونە سڕناژەنی پێداهەڵدان بە تەقەلاكەیان. بە پێچەوانەی ئەو نووسەرانەوە من بێدەنگ بە كاری خۆمەوە خەریك بووم و ئەوەیشم دەزانی برادەرانی نووسەری ئەو حەلە لە پارێزدان بۆمن و بە چاوی واقیعیانە تێم نانواڕن، جا لە هەر ڕوویەكەوە بێت، ئەوەم دەزانی هیچ دهۆڵژەنێكم بۆ هیچ كارێكم نەدەكرد، بەتایبەت كاری دائیرەتولمەعاریف كارێكی دەستەجەمعی و گرووپییە و ڕەنگە بۆ تاكە كەسێك نەك دژوار، نەكراوە.
من شانم پێوە نابوو لای چەند نووسەرێكی وەك مەلاجەمیل و مەلاشوكر نەبێت، لای كەسانی دیكە نەمدركاندبوو، ڕۆژێك مەلا شوكر پێی وتم: كوڕە كاك خوسرەو ئەو كارە ئەوڕۆكە بەدەوڵەت ناكرێت تۆ بە تەنهای ی ئەو كارەكردنی هەر یەك جار دژوار و زەحمەتە، بە گوێی من دەكەیت بەردەوامبە لە هیچ باشترە، سەرەنجام دەبێتە شتێك ئەو كاتە ناوی لێ بنە، گوێ بە قسەی مەدە و كاری خۆت بكە.
بە هەر جۆرێك و دژواریی فرەزۆرەوە بەرگی یەكەمم لە نزیكەی حەوت سەد پەڕەیدا تەواو كرد، مایەوە سەرچاپكردنی بیرم كردەوە دەوڵەت و دەستەڵات گەلێك كتاوی پڕوپووچیان بە چاپ گەیاندووە، زۆربەیان بۆ ئەوە ناشێن لوولەی ناوكە گوڵەپەڕۆژە و شایانی خوێندنەوە نین.
لە جێگەیەكدا بە هەڵكەوت چاوم بە ئەمینداری گشتی ڕۆشنبیری و لاوانی حوكمی زاتی ” محەمەد ئەمین شەمێ كەوت و باسم لە كتاوەكەم كرد، بە وردی و بە چاكی گوێڕایەڵی باسەكەم بوو و وتی: وەرە بۆ هەولێر، هەر وام كرد.
دەستنووسەكەم خستە بەردەستی مەلا شوكر، كە بە وردی سەیری كرد وتی: ” ئەشهەدو ئەوە دائیرەتولمەعاریفە، هەر بە دەستی خۆی ” دائرة المعارف”ی عەرەبی كردە ( دائیرەتولمەعاریف)ی كوردی.
دائیرەتولمەعاریف كەوتە ژێر چاپەوە، یەك بەشی مابوو چاپەكەی تەواو كرێت محەمەد ئەمین گوێزرایەوە و كابرایەك جێگەی گرتەوە بەناوی “حیكمەت حاجی سەلیم” چەند كەسێكی ناو ئەمینداریەتی ڕۆشنبیری بەو ئەمیندارە تازەیان وت: لە ڕووی واسیتەوە لە ئەمینداریەتیدا كتاوێكی پڕوپووچ بێ بایی لەژێر چاپدایە، بەشی دە كتاو كاغەزی ئەمینداریەتی قووت داوە، چاكترین كار ئەوەیە ئەو كتاوە پڕوپووچە ڕاگیرێت، ئەو كابرایە كە تازە كرابوویە ئەمیندار و نەخوێندەواریش بوو، دائیرەتولمعاریفی ڕاگرت، كە تەنها فەسڵێكی مابوو تەواو كرێت.
لە بەغداوە دیسان بەرەو هەولێر بەڕێكەوتم ئەو دوور لە (حیكمەتە) دەی، هەرچی تەقەلام كرد لە ڕاگرتنیدا بەردەوام بوو، من ناوی ئەو چەند پیاوە خراوەی ناو ئەمینداریەتەم بەلاوەیە، كە لەسەر دزی و دەخەڵی دوان سیانیەكیان خرانە زیندانەوە، لێرە ناویان نابەم…
بەهەر حاڵ، داوام كرد كتاوەكەم بدەنەوە، بۆخۆم تەواوی دەكەم حیكمەتەفەندی لەسەر ئەوەیش ڕەزامەندی نەدا، نائومێد گەڕامەوە بۆ بەغدا زۆری نەكێشا دوو هەفتەیەكی پێچوو ” محەمەد ئەمین شەمی” گەڕایەوە بۆ ئەمینداریەتیی گشتی ڕۆشنبیری و دائیرەتومەعاریف تەواو كرا، لەبەر ئەوەی ئەستوور بوو ئەمینداریەتی نەیتوانی بەرگی تێ بگرێت، هەروا بەبێ بەرگ وەرم گرتەوە، لەگەڵ كەسێك بەناوی عەبدوڕەحمان زەنگەنە ڕێككەوتم بەرگی تێبگرێت و بۆخۆی بیفرۆشێت، هەروای كرد.
ئیدی دائیرەتولمەعاریف هەر وەك دێوەكەی ناو فانۆسەكەی عەلائودین هاتە دەرێ و هەموو خوێندەوارێك ئاواتەخوازی دانەیەكی بوو.
لێرە دەمەوێ تۆزێك دەربارەی مێژووی دائیرەتولمەعاریف و ناوەكەی بدوم، لە ناوەڕاستی سەدەی هەژدەهەمدا كاتێك زانست كەوتە تەقەلای دروستكردن كە بۆخۆی بە بەر و ئاكامی ڕاپەڕینەكانی سەدەی ناوەڕاست دەژمێردرێت، بەتایبەت بەرهەمی نووسەرانی وڵاتی فەڕەنسا پەرچەمداری ئەو ڕاپەڕینە بوون، وەك: ڤۆڵتێر، ژان ژاك ڕۆسۆ، دیدرەو، مۆنتسكۆ …تاد” ئەو زانایانە پەرچەمداری فەلسەفە و لێدوانی جۆراوجۆر توانییان جەبەڕووتی زۆرداران كەم بكەنەوە هەستێكی بەربڵاوی ڕۆشنبیری و ململان لەناو خەڵكە زۆرە ڕەش و ڕووتەكەیدا بنەما و بنەڕەت دادەنێن، دەوڵەت و دەستەڵات بێدەنگ نەبوون، ڤۆڵتێر دوورخرایەوە، دیدرەو خرایە زیندانەوە، ژان ژاك ڕۆسۆ خۆی شاردەوە، بەسەر ئەوەیشدا زاناكان بێكار نەبوون، دەستیان كرد بە وەرگێڕانی دائیرەتولمەعاریفی ئینگلیزی بۆ سەر زمانی فەڕەنسی.
ژان ژاك ڕۆسۆ پێشەكی بۆ نووسی، دیدرەو تیایدا دەربارەی ئازادی نووسی، ڤۆڵتێر نامە فەلسەفییەكانی خۆی دەربارەی ئایین و سیاسەت بڵاوكردنەوە، دیدرەو لەبەر ئەوەی كوڕی كابرایەكی چەقوساز بوو، دەربارەی كرێكار و گیروگرفتی كرێكاران لە دائیرەتومەعاریف نووسی.
دیلامبەر توانای ململانێی تیادا نەما و دیدرەو جێگەی گرتەوە و بە توانایەكی سەرسام ئاوەرەوە لە كاردا بەردەوام بوو، هەرچی ڕۆشنبیر هەیە لە دەوری كۆبوونەوە، بۆ چاوترساندن دووبارە دیدرەو خرایەوە زیندان و لە ساڵی 1751ز ئازاد كرایەوە، بە یارمەتی “مادام دومپادور، ریشیلو، شوارول، مارلی توگو” كەوتنە كارەوە، توانییان لە ساڵی 1772ز یەكەمین بەرگی دائیرەتولمەعاریف چاپ بكەن، سەرەنجام گەیشتە 28 بەرگ.
لێرەدا دەمەوێ سەرچاوەی ناوی دائیرەتولمەعاریف ڕۆشن بكەمەوە، زاراوەیەكە ئینسكلۆپیدیایە، لە بنەمادا یۆنانییە “ئان” واتە ” دائیرە”، “پیدی”واتا مەعاریف.
بەو شێوەیە دائیرەتولمەعاریف شێوەیەكی بەخۆەوە گرد و بوو بە جێگەی تەماحی زۆر لە میللەتان و لاسكاییان كردەوە.
بۆ ئاگاداریش دوای هەوڵ و ماندووبونێكی زۆر و زیاتر لە چڵ ساڵ كاركردن لەسەری ئێستا بە 25 بەرگ لەژێر چاپە و چاوەڕێی لەو دووسێ مانگە دیدەمان پێی ڕوون بێتەوە.