ئارام كۆشكی – سلێمانی
ئەلیف شەفەقم لەڕێی ڕۆمانی “چل ڕێساکەی عەشق”ـەوە ناسی، بەڵام لاموایە ئەم ڕۆمانەی سادەترین ڕۆمانی ئەوە و یەکێکە لە ڕۆمانە عامەپەسەندەکانی، بەڵام کرۆکی فیکریی ئەم نووسەرە لەم کتێبەدا نییە، بەڵکو دەشێ لە کتێبی “سێ کچەکەی حەوا”، یان “دوورگەی درەختە ونبووەکان”دا بێت. بەڵام بۆچی “چل ڕێساکەی عەشق” دڵخوازترین ڕۆمانی خوێنەرانە. ئەمە ئەو پرسیارەیە کە پێویستە وەڵامی بدەینەوە.
لەنێو ئەو ڕۆمانانەی ئەم نووسەرەدا کە من خوێندوومنەتەوە “سێ کچەکەی حەوا”، دڵخوازترین ڕۆمانە لای من، ڕۆمانێک باس لە مرۆڤێکی کەرتبوو دەکات لەنێوان ئایین و بێئایینی. چیرۆکی ڕۆمانەکە باسکردنە لە ژیانی کچێک لە دایکێکی ئایندار و باوکێکی بێباوەڕی هەیە، ئەمە بە جۆرێک کاریگەریی لەم کچە دەکات کە بۆ هەمیشەیی بە هەڵواسراوی دەمێنێتەوە هەتا ئەوکاتەشی کە دەچێتە زانکۆی ئۆکسفۆرد و لەوێ بەر دوو هاوڕێی دیکەی هاوشێوەی دایک و باوکی دەکەوێت ئیدی خۆ یەکلاییکردنەوەکەی گەلێک سەخت دەبێت. بۆیە هەر توانای خۆ یەکلاییکردنەوە نابێت. ئەلیف لەو نووسەرانەیە کە بە وردەکارییەوە دەنووسێت و من سەرسامم بە بەشێک لە کارەکانی، بەڵام تۆکمەیی کارەکانی ناگاتە ئاست تۆکمەیی کارەکانی ئۆرهان پاموک-ی هاوزمانی.
کارێکی دیکەی ئەم نووسەرە کە بۆ من جێگەی سەرسامییە کتێبی “شیری ڕەش”ـە کە کتێبێکە زیاتر لەوەی ڕۆمان بێت لە یادداشتەوە نزیکە، بەڵام کتێبێکی سەرسامکەرە و باس لە پەیوەندی نێوانە مێینەبوون و نووسین دەکات. ئەلیف پێیوایە نووسەران ئەو بوونەوەرەن کە شیری ئەوان مەرەکەبە و بەوە دەنووسن. شەفەق ئەمەی بە وردی لەو کتێبەدا شیکردووتەوە.
ڕۆمانی چل ڕێساکەی عەشق، لە ناودارترین ڕۆمانەکانی ئەم نووسەرەیە و لە هەموو بەرهەمەکانیشی پڕفرۆشترین، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لەپشت نووسینی ڕۆمانەکەوە نووسەرێکی گەلێک ناوداری ڕۆژهەڵات ئامادەیی هەیە کە مەولانایە. دەشێ ئەوەی ئەم ڕۆمانە دەکاتە دڵخوازترینی خوێنەران بەتەنها سادەییەکەی نەبێت، بەڵکو کۆمەڵێک هۆکاری دیکەش هەبێت، کە ئەم ڕۆمانە لە ڕۆمانی ناباو جیا دەکاتەوە، ئەم ڕۆمانە لەگەڵ حەزی خوێنەری گشتیدا سەما دەکات و هیچ لادان، یان جۆرێک لە سەرکێشی و یاخیبوونی نووسەر لەم ڕۆمانەدا نابینینەوە و هیچ شۆکێک لەکاتی خوێندنەوەیدا بەدی ناکرێت. ئەوەی لەم ڕۆمانەدا جێگەی سەرنجە تەکنیکی نووسینەکەیەتی کە تاڕادەیەک نوێبوونێکی بە ڕۆمانەکە بەخشیوە. بەو پێیەی ڕۆمانەکە لە بنەڕەتدا دوو ڕۆمانە لە یەک ڕۆماندا، واتە ڕۆمانێک، کە چیرۆکەکەی باس لە کێشەکانی ژیانی نێوان دوو هاوسەر دەکات. ڕۆمانی دووەمیشی باس لە ئەو چل ڕێسایە دەکات کە مەولانا بۆ عەشق دایناوە و لە کۆتایی هەر بەشێکدا ڕێساکە نووسراوەتەوە.
ئەلیف شەفەق لەدایکبووی ٢٥ی تشرینی یەکەمی ١٩٧١ لە ستراسبورگ لە فەڕەنسا، کەسایەتی ئەکادیمی و نووسەر و ستوونووسی تورکە. ئەلیف تاکوو ئێستا ١٣ کتێبی لە چاپ داوە و بەرھەمەکانی لە نزیکەی ٤٠ وڵاتدا بەردەستە بە ٣٠ زمانی جیا بڵاوکراوەنەتەوە، ڕۆمانەکانی ئەلیف بە زمانی تورکی و ئینگلیزی و فەڕەنسییە. ئەلیف شەفەق پەیوەندییە نێونەتەوەییەکانی لە زانکۆی تەکنیکی ڕۆژھەڵاتی ناوین خوێندووە و ھەڵگری بڕواننامەی ماستەرە لەسەر جێندەر و ژنان. ھەروەھا ھەڵگری دوکتۆرایە لە زانستە سیاسییەکان. ڕۆمانی چل ڕێساکەی عەشق پڕفرۆشترین کارەکانی ئەم نووسەرەیە و زیاتر لە 700 هەزار دانەی لێ فرۆشراوە. چەند ساڵێک لەمەوبەر لەلایەن “جەلیل کاکە وەیس”ـەوە کراوە بە کوردی و دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاویکردووەتەوە و لە مانگی ڕابروودا چاپی چوارەمی بڵاوکرایەوە. وەرگێڕانە کوردییەکەی کاکە وەیس لەو وەرگێڕانانەیە کە توانیویەتی تایبەتمەندی تێکستەکە بپارێزێت و ئەو تایبەتمەندیەش لە تەکنیکی گێڕانەوە و هەڵبژاردنی وشەی سەرەتای بەشەکاندا ڕەنگدانەوەی هەیە کە کاکە وەیس توانیوەیەتی ئەو بۆ خوێنەری کورد بگوازێتەوە. دەستخۆشی بۆ کاکە وەیس و سەرجەم ماندووبوونەکانی.