وشەیەکی و لە سەر زاری من ناگەڕێی
ئاوازێکی و ناگەیە گوێم !
هەناسەیەکی و بەسینەمدا گوزەر ناکەی
کلوە بەفرێکی و لە هیچ هەورێ هەڵناوەری ..
تۆ ئەو شۆخەی : دەستی تۆقەت لێم حەرامە و
بە غەدرەوە ناویان ناوی (بەختەوەریی)
من نازانم
تۆ لەسەرووی چڕینەوە چ تۆنێکی ؟!
کە ئاوازی هەزار بولبولی شەیدام خوێند
بۆم نەگوترای …
تێناگەم کە
تۆ لەسەرووی نووسینەوە چ دێڕێکی ؟!
کە گوڵڕێژی خامەکەی من
قەت نەیپێکای !!
بیرمە کەوا شەوێکی شەکەتی دەیجوور
لەسەر پێخەفی بەختی من خەوی لێکەوت !
چی قافڵەی (بەختەوەریی) بوو :
بەو نێوەدا هات و ڕابرد …
بەختم کە هیچ ؛
شەوەکەشیان پێ هەڵنەستا !!
ئەو دەمانە تۆش ڕامابووی
نە شەوێکت بۆ سووتانم دادەگیرساند و
نە ڕۆژێکت لە توانەوەم دەکوژاندەوە
لەو ساوە من
وەکو کۆڵانە شەکەتەکانی شار
بەدیار پیاسەیەکی شیرینت
لەچاوەڕوانییەکی تاڵ . تاڵدا ؛
ڕاکشاوم و
بۆ یادگاریت وەک تەپ و تۆز ؛
نووساوم بە گەڵای زەردی،
پاییزێکی پەککەوتەوە !