بڕیارە لە ڕۆژانی 17 بۆ 26ی ئەم مانگە چوارەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب لە پایتەختی ڕۆشنبیری بە بەشداری زیاتر لە 200 ناوەندی چاپی ناوخۆیی و بیانی بکرێتەوە. پیشانگەکە بە چاودێری وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوانی هەرێمی کوردستان و بە بەشداری وەزارەتی ڕۆشنبیریی عێراق دەبێت و کۆمپانیای ئەتڵەس ئەسیل چوارەمین خولی پێشانگەی نێودەوڵەتی سلێمانی بۆ کتێب ڕێک دەخات.
دەزگای رۆشنبیریی جەمال عیرفان یەکێکە لەو دەزگایانەی کە بە زیاتر لە 500 ناونیشان کتێب بەشدارە لە بوارەکانی “مێژوو، فەلسەفە، ئەدەبیات، زانستی و منداڵان”. هاوکات بۆ خولی چوارەمی پێشانگەی ئەمساڵیش کۆمەڵێک بەرهەمی نوێیان بەڕێوەیە.
سیروان حەمە سەعید بەڕێوەبەری دەزگای رۆشنبیریی جەمال عیرفان ئەوەی خستەڕوو کە بۆ ئەمساڵیش ئامادەکارییمان بۆ پیشانگەکە کردووە و بە شەش کتێبی نوێ و زیاتر لە 500 ناونیشانی دیکە بەشداری دەکەین. گوتیشی یەکێک لەو کتێبانەی بۆ پێشانگە ئەمساڵ ئامادەمان کردووە سەرجەم بەرهەمەکانی نووسەر و لێکۆڵەری ناودار “تۆفیق وەهبی”یە، کە پرۆژەی هاوبەشی نێوان ئێمە و بنکەی ژینە. هاوکات گوتیشی: کۆمەڵێکی زۆر پرۆژەی نوێمان هەیە، کە بەداخەوە نەمانتوانی فریای پێشانگەی ئەمساڵی بخەین، بەڵام دوای پێشانگە بڵاویان دەکەینەوە.
بەڕێوەبەری دەزگای جەمال عیرفان لەبارەی ئاستەنگەکانیشەوە بۆ پێشانگەی ئەمساڵ، کە بەرهەمی کەمیان چاپ کردووە ئەوەی خستەڕوو، کە چەند هۆکارێک هەیە دۆخێکی نائارام دروست بووە، کە خوێنەر لە کتێب تۆراوە و ئەمەش بازاڕی کتێبی زۆر لاواز کردووە بۆیە نەمتوانی هەموو ئەو بەرنامانەی دامانناوە جێبەجێی بکەین دەنا دەزگاکەمان نزیکەی 150 کتێبی ئامادەی هەیە بۆ چاپ. بەڵام بەپێی دۆخی خوێنەر بەردەوامین لە چاپکردن. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، کە گرانبوونی نرخی چاپیش یەکێکی دیکەیە لە هۆکارەکان و بووەتە ئاستەنگ لەبەردەم چاپکردنی زۆرێک لە بەرهەمەکانیدا.
سەبارەت بە ئۆفەرەکانیشیان بۆ پێشانگەی ئەمساڵ سیروان حەمە سەعید ئەوەی خستەڕوو کە بە دوو جۆر داشکاندن پێشوازی لە خوێنەران دەکەن کە ئەوانیش داشکاندنی 30% و 40% ـە و ئەمەش لە پێناو ئاشتکردنەوەی خوێنەرە بە کتێب و هەوڵدانە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی خوێندەوار.
دەزگای رۆشنبیریی جەمال عیرفان، دەزگایەکی کولتووریی رۆشنبیرییە و بنکەی سەرەکی لە شاری سلێمانیدایە و، دکتۆر تەها ڕەسووڵ، پاڵپشتیی ماددیی دەکات؛ جگە لە چاپکردنی کتێب، مانگانە کۆڕ و سیمیناری ئەدەبی و مێژوویی ڕێک دەخەن.