سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

سلێمانی

لێرەم ..

لێرەش لە دایكبووم 

لە نیشتیمانی ئەوینتا

فرچكم گرت و ..

گەورەبووم 

گەورە بەقەت باڵای ئەزمڕ

بڵند وەك شیعر

سلێمانی 

تۆ سۆمای چاوی گۆران و

خامەی بڕشتی مەولەوی

تۆ چلچرای،..

دیوانە شیعری (سالم )و (بێسارانی)

تۆ نەعرەتەی،..

هێزی هەڵمەت و قوربانی

سلێمانی

لەگەڵ زیكرو نزای نوێژا

پەنا بۆ ڕۆشنایی خەندەو

سیمای چاوانی تۆ ئەبەم 

سلێمانی

ئەی ئامێزی میهرەبانی

تۆ دارولموڵكی بابان و

سیمای سەوزی ئاوەدانی

٭٭٭

سلێمانی

پرچی ڕەشی،..

ڕەشماڵی ڕەشەبای شارو

گەردنی زەردی (گڵەزەردە)

لە باوەشی نەرمی گۆیژەو

لەبێشكەی سۆزوگریانی سەیوانەوە 

خەونێكی ڕەنگئەرخەوانی

بەتەوێڵی نوورانی حەزرەتی نالی و 

ئاسكەكانی كانێسكانەوە ئەبینێ !

٭٭٭

لێرەم 

دێم و بە ئەسپایی 

بەئاسمانی نیشتیمانی دڵی شێخ دا

ڕائەبرم و..

ئەبمە كۆتری سپی ئاشتی

لەبەر سەرا

دێم و لەوێ پەنجەرەیەك

لەكوختی ڕووخاوی (كوردی) و 

لە ئاسیاوەكەی (قانع) و 

كەشتی نووحی (نەجمەدین) و 

چاپخانەكەی پیرەمێرد و

لەدیواری داڕووخاوی

سیتەكی فایەق بێكەسدا ئەكەمەوە

 دێم و 

خۆر دائەگرمەسەر

ئاسمانی تەڵخی سلێمانی

دێم، مانگ ئەكەم بەچلچرای

ڕووناكی شەوانی تاری 

(خانووە قوڕەكان) 

دێم لەگەڵ ئازارەكانتا ئێشك ئەگرم 

دێم بۆ تفەنگی سلێمان پاشا

لە سیمای سپی بابان و قەڵاچوالان

ئەبمە ناونیشان و سێرە!

دێم، چاوم 

ئەبڕمە چاوی ڕەنگاڵەیی

شاخی ڕەنگاوڕەنگی گۆیژەو

نیشتیمانی سەوزی جریوەی ئەستێرە!

٭٭٭

ئێستا لێرە

قەڵەمی شار

تاریخی عیشقی من و تۆ 

لەسەرلەپی،..

دەستی سەوزی سەرچنارو

فەقیانەی سپی بەفرینی،..

دەستی شێخ ئەنووسێتەوە !

ئەو تاریخەی 

مناڵیم لەسەر هەلۆركەی

پشتی بێشكەی بەرزنجەوە 

ئەهێنێتەوە ناودڵی

شاری سپی سلێمانی

دڵی حەپسەخانی نەقیب 

شاری ئەختەری ڕەشۆل و

 شیعری ئاگرینی شێركۆ !

خەڵوەتی نیگای نوورانی برایم پاشاو

زەماوەندی خوێنی بەفرو 

پڕیشكی پشكۆ !

بانگەوازی گەڕانەوەی

شەوی یەڵداو

بەهاری نێرگزو ئاگر 

دێم و لەگەڵ

بەهاری گوڵ و نێرگزدا

بە بابەگوڕگوڕی گڕدا

بەچنگێ گڕ

دێمەوە ناو سیمای سەوزی،..

 بەرانان و مامەیارە!

لەوێ لەگەڵ پیرەمێردا

نەورۆز ئەكەمەوە ئاشنای

 كارێزی وەستا شەریف و 

ڕەمزی ڕابوونی ئەوشارە !

ئەوسا سلێمانی و نەورۆز

ئەبنە نەزری عیشقی پیرۆز

سلێمانی

ئەی وەتەنی پڕ لەخۆزگەو

ئاواتی دڵ و دەروونم

سلێمانی

(مەفتوونی تۆم) 

خۆشمدەوێی پڕ بە بوونم 

٭٭٭