ئارام کۆشکی
زۆرجار لە گۆرانییە فۆلکۆرییەکاندا، یان لە شیعر و بەیت و چیرۆکە فۆلکۆرییەکاندا بەر کۆمەڵێک شتی تایبەت دەکەوین کە هەست بە درکاندنی ڕاز، یان ئاشکرابوونی نهێنی و زۆر شتی دیکەی سەیر و پەنهان دەبینین. زۆرجار بیرم لەمانە کردووەتەوە و پێم سەیر بووە لەنێو ئەم شیعر و بەیت و چیرۆک و گۆرانیانەدا ئەم گوزارشتە سەیروسەمەرانە چین؟ چۆن لەوێدا جێگەیان بووەتەوە؟ یان بە چ هۆکارێک ئەمانە لە دەروونی ئاخێوەرەوە هاتوونەتە دەرەوە و بۆ ئێمە ئاشکرا بوونە؟
کۆی ئەم پرسیارانەم بێ وەڵام بوو تا ئەوکاتەی کتێبی “دەروونشیکاری و فۆلکلۆر”م بینی لە نووسینی زیگمۆند فرۆید، کە نامیلکەیەکی بچووکە و هەڵبژاردەیەکە لە کۆمەڵێک وتاری فرۆید، کە دیدی دەروونشیکاری بۆ فۆلکلۆر دەردەخات. فۆلکلۆر؛ دەشێت پانتایی ئارەزووە چەپێنراوەکان و شوێنی هاتنەدیشیان بێت. گێڕانەوەی دەماودەم، بیرخەرەوەی قۆناغی دەمە لە گەشەی سێکسی و دەروونیی مرۆڤدا. ئەم کتێبە لە نووسینی زیگمۆند فرۆیدە و لە وەرگێڕانی “ڕاڤین کامەران”ـە و یەکێکە لە چاپکراوە نوێکانی ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند، کە لە چوارچێوەی زنجیرەی دەروونشیکاریی فرۆید بە چاپیان گەیاندووە.
لەم کتێبەدا فرۆید دەیەوێت لە هەقایەتە سادەکانەوە وانەی تیۆریی قووڵ دەربهێنێت و بەشێک لەو پرسیارانەی بەدرێژایی چەندین ساڵ لای من بێوەڵام بوون لەم کتیبە بچووکەدا وەڵام دراونەتەوە، یان هەوڵی وەڵامدانەوەیان دراوە، چونکە بەشێک لەم پرسانە ناکرێت بە وەڵامێکی دڵنیا کەرەوە ئیدی بڵێین وەڵاممان دەست کەوتووە، بەڵکو دەشێت هەرگیز نەگەین بە دوا وەڵام بێگومان نەگەیشتن بە دوا وەڵام نیشانەی وەستان، یان دەستەوسانی بیرمەند/دەروونشیکار نییە، بەڵکو نیشانەی ئاڵۆزی ئەو پرسەیە کە بیرمەند/دەروونشیکار لێی دەکۆڵێتەوە.
لەم کتێبەدا وەرگێڕ بۆ زیاتر ئاشناکردنی خوێنەر بەم کتێبەکە و گەیاندنی مەبەستی نووسەر پاش وتاری نووسەر کە خەونەکان دەبەتستێتەوە بەو ڕەنگدانەوانەی کە لە ژیان و نووسین و کردەکانی دیکەی مرۆڤدا ڕەنگدەدەنەوە و لەوێوە خەون دەبێتە سەرچاوەیەکی سەرەکی ئەو نووسین و بەیتە فیلکلۆرییانە کە دێنە بەرهەم. وەرگێڕ بۆ ڕوونکردنەوەی زیاتر سەبارەت بە دیدی فرۆیدا سەبارەت بە فۆلکلۆر و پەیوەستی کردووتەوە بە کولتووری کوردییەوە و نموونەی حیکایەت و بەیتی لە کتێبی “ڕشتەی مرواری”ـەکەی عەلادین سەجادی هێناوەتەوە کە ئەمەش لە پێناو شیکردنەوە و دروستکردنی تێگەیشتی زیاتری بابەتەکەی زیگمۆند فرۆیددایە.
ئەم کتێبە بەدەر لەو چەند وتارەی فرۆید و شیکردنەوەکەی وەرگێڕ هاوکات چەند نامەیەکی فرۆیدی سەبارەت بە هەمان بابەت لەخۆ گرتووە؛ ئەمە بێجگە لە شیکردنەوە و چەند وتارێکی کورتی دیکەی نووسەرانی دی، کە سەرجەمیان لە چوارچێوەی هەمان بابەتدا دەخولێنەوە. گرنگی ئەم کتێبە لەوەدا نییە تەنها دەروازەیەک بەڕووی ئەم بابەتەدا دەکاتەوە، بەڵکو لەوەدایە کە یەکەمجارە لەسەر ئەم بابەتە و بەو شێوەیە شیکردنەوە بۆ دەقە فۆلکلۆرییەکان دەکرێت و دەستخۆشی بۆ وەرگێڕ بۆ ئەم بەرهەمە گرنگە.