شارێکی بێدەنگکراو

بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا دووەم رۆمانی نووسەر و وەرگێڕ ئارام قەفتان بەناونیشانی “شاری بێدەنکگراو” چاپ و بڵاو بکرێتەوە. 

ئەم رۆمانە چیرۆکی کۆمەڵێک گەنج دەگێڕێتەوە کە خەونی نوێ بۆ وڵاتێکی کپ و بێدەنگ دەبینن. نووسەر سەبارەت بەم رۆمانە دەڵێت: “رۆمانەکە چیرۆکی کەسێک بەناوی دیانا دەگێڕێتەوە، کە دوای ئەوەی بۆ خوێندن دەڕواتە ئەڵمانیا و لەوێ ژیان بەسەر دەبات، بڕیاری گەڕانەوە بۆ شارەکەی دەدات، کە پێیوایە خەڵکی شارەکەی گیرۆدەی کولتوورێکی نادروستن، دەیەوێت بە تێڕوانینە ڕۆژئاواییەکەی ئەو کولتوورە بگۆڕێت. پاش گەڕانەوە دەبێتە مامۆستا لە خوێندنگایەک، دواتر بۆی ئاشکرا دەبێت، شارەکە تەنیا گیرۆدەی کولتوورێکی نادروست نییە، بەڵکو سیاسەتیش بەشێکی گەورەیە لە بێدەنگکردنی شارەکە.” هاوکات نووسەر ئەوەشی خستەڕوو کە “رۆمانەکە چیرۆکی هەریەک لە هەور و فیدا و شامیلیش، دەگێڕێڕێتەوە کە سێ هاوڕێی یاخین لە کۆڵانە هەژارنشینەکان دەژین و کە سەرسامی شیعر پێکیانەوە دەبەستێتەوە. ڕۆژگارێک لێکتر دادەبڕێن، بەڵام خولیای ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی پیاوانی ئایینی و دەسەڵات، دواجار پێکیا ئاشنا دەکاتەوە، لەگەڵ دیانا و مرۆڤەکانی دیکە خەونی ئازادی شارەکە دەبینن، ئەم ڕۆمانە چیرۆکی ئەم مرۆڤانە و شارە بێدەنگکراوەکەیە…”

ئەم ڕۆمانە دووەم ڕۆمانی ئەم نووسەرەیە و ساڵی 2018 یەکەم رۆمانی بەناونیشانی “وەهمی دنیایەکی تر” بڵاوکردەوە.

ھەواڵی زیاتر