سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

وەرزی ئەوین

    ته‌ها ده‌ریا

کەیلەماڵی ئەو دڵەی من؛ کەی لەماڵی دڵ دەدەی
تەفرەچووی بۆ؛ ناونیشانی کامەڕانی سڵ دەدەی؟
بۆ هرووژمی یادەکانت شەو قەڵای خۆڕاگریم
کۆڵنەدەر لەشکاننەهاتووم ڕەنجی بێ حاسڵ دەدەی
ساڵەهایە ڕادەژێنم خۆشەویستی تۆ لەدڵ
چوویە ڕۆحی ئەم لەرینە تا لەگەڵ دڵ چڵ دەدەی
تۆی کەپێت وابێ لەئەشقت تاوی دڵ تینی نیە
چەن بەناهەق حوکمی پووچ و تۆمەتی باتڵ دەدەی
پێکەنینی لێ دزیوم ژانی ژێردەستی و ژیان
نیشتمانم چاوی لێت بێ چۆن لەپای خافڵ دەدەی؟
دێم بەزامی خاکی دایک دەرد لەدامانت دەکەم
دێی بەلافی ئەقڵ و پڵتۆکێ لەگوێی ئاقڵ دەدەی
وایەکاکە خاکپەرەستی ژان و تێچووی زۆرە زۆر
سەرفیرازی ئاسمانی ئەی کەباجی گڵ دەدەی
سێوی میخەکڕێژ دەنێرم کاتی ئازادی وڵات
ساوەکوو جاران دەبینم تۆش پەنای ئاپڵ دەدەی
یەک مەسێج بۆمی دەنووسی گەرفریزی ڕێی وەفام
جادەزانی، دەس لەئەستۆی ئەشهەدوی عادڵ دەدەی

    ته‌ها ده‌ریا