سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ده‌رگا

ستار ئه‌حمه‌د

چرای ژووره‌كه‌ت كز كز ده‌سووتێ
بۆچی حه‌زناكه‌ی بێمه‌ ماڵه‌كه‌ت
ده‌زانی تینووی جوانی رومه‌تتم
كوێر بووم بۆ جوانی لێوه‌ ئاڵه‌كه‌ت


حه‌یفه‌ وامنت پشت گوێ خستووه‌
ده‌رگای ده‌روونت بۆم ناكه‌یته‌وه‌
له‌م عومری سۆز و ئه‌وینداریا
كۆرپه‌ی ئه‌وینم زوو ده‌به‌یته‌وه‌


گیانه‌ شه‌وانه‌ ژوانگه‌ی عه‌شقه‌
كۆری عاشقان ئاوێزان ده‌بن
هه‌رچی هۆنراوه‌و وشه‌ی نازدارمه‌
هه‌ر له‌ناسكی دڵی تۆ ده‌چن
***
نه‌كه‌ی شیعرێكم بێناز سه‌ربڕی
پێ بنێی به‌سه‌ر هه‌ناوو جه‌رگا
وێنه‌ی نازدارت له‌رۆح جێگیره‌و
بۆ قومێك جوانیت هاتوومه‌ ده‌رگا