شاخه‌وان عه‌لی حه‌مه‌د مامۆكى
له‌م ماوانه‌ى ڕابردوودا شاعیری لاو و هه‌ستناسکی دنیای شیعر كاك (محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د) ناسراو به (گدرون) یه‌كه‌م نۆبه‌ره شیعری خۆی له‌ژێر ناونیشانى (په‌روانه و ئاگر) له دووتوێی (160) لاپەڕەدا و به تیراژی (1000) دانه له چاپخانه‌ى ڕۆژهه‌ڵاتدا به‌چاپ گه‌یاند؛ كاك (دلزار حه‌سه‌ن) پێشه‌كىیەکی بۆ کتێبەکە نووسیوە و بە كتێبه‌كه‌یشدا چووەتەوە و سه‌رنج و تێبینی خۆی له‌باره‌وه خستوه‌ته ڕوو.
جا ئه‌وه‌ى هه‌ڵوێسته‌ى پێ كردم بۆ ئه‌وه‌ى لێره‌دا ئه‌گه‌ر به‌شێوه‌یه‌كى سه‌رپێییش بێ تاوه‌كو ڕانانێ بۆ هه‌ندێ له ده‌ق و تێسكه شیعریه‌كانى ئه‌و گه‌نجه بكه‌م، ئه‌ویش تامه‌زرۆ بوون و سه‌رسام بوون بوو به‌و زمان و خولیا و تابلۆ و دنیابینی و ژیانە جه‌نجاڵه‌ی له‌و كتێبه‌دا وه‌ك ئامراز و كه‌ره‌سته‌یه‌كی پڕ له داهێنان، توانیویه‌تى جیهانێكى ته‌ژی له جوانی پێشكه‌ش به خوێنه‌ران بكات و به تێڕامان لێی، خوێنه‌ر ئاوێته‌ى نێو دنیایه‌ك ده‌كات كه حه‌ز به گه‌ڕانه‌وه و ده‌رچوون له‌و خۆشیه نه‌كات و حه‌زى مانه‌وه‌ى له‌وه زیاتر بێ كه ئه‌وی نووسه‌ر له‌و گۆشه نیگایه‌دا وه‌ك یه‌كه‌م نۆبه‌ره نمایشی كردوون.
(په‌روانه و ئاگر) نۆزده شیعری دوورودرێژی له ئامێز گرتووه؛ له ده‌سپێكی شیعره‌كانیدا به ناوى (عاشقی عه‌وداڵ) دیمه‌نى ئه‌و دڵبه‌ره‌مان بۆ وێنا ده‌كات كه چۆن له یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتن و یه‌كه‌م نیگادا به غه‌مزه‌ى چاوه‌كانى مه‌ستی ده‌كات و كۆمه‌ڵێ یادگاری پڕ له خه‌م و خه‌فه‌تی له لا به‌جێ دێڵێ و تووشی گۆشه‌گیری و غوربه‌تی ده‌كات كه لەبەر دووركه‌وتنه‌وه و دابڕان نه‌توانێ بۆ ئه‌و رۆژانه بگه‌ڕێته‌وه.
تا به غه‌مزه‌ى چاوى ئه‌سته‌م، ئاشنام ده‌كه‌ى
به ئاوڕی فیراقی ناكاو، جودام ده‌كه‌ى
تا به‌نێو نیگای مه‌ستت، دێوانه‌م ده‌كه‌ى
دواییش وه‌ك عاشقی عه‌وداڵ، ته‌نیام ده‌كه‌ى
گه‌رچی دووری له‌به‌ر چاوم دیار نه‌ماوى
هێشتا به نیگای جارانت شه‌یدام ده‌كه‌ى
من كه داڵده‌به‌ری سێبه‌ری باڵای تۆم
بۆچی ئاواره و وێڵ و بێنه‌وام ده‌كه‌ى
كاك محه‌مه‌د ئه‌حمه‌د له شیعری (سیحری جوانى)ـدا هاتووه ده‌یه‌وێ خه‌سڵه‌ت و وه‌سفی ئه‌و ئه‌ڤینداره‌مان بۆ بكاته چوارچێوه‌ى تابلۆیه‌كى ڕه‌نگاوڕه‌نگى ئه‌رخه‌وانى و هه‌ر له‌و رێیه‌وه مه‌عشوقه‌كه‌ى ده‌شوبهێنێ به ڤینۆس و خۆیشی به فه‌رهادی عاشقی شیرین.
په‌چه‌ى زولفی به‌ری چاوى كێی ڕه‌ش نه‌كرد
مه‌گه‌ر كه‌سێ ئه‌و په‌رده‌ى ڤینۆش داده‌كا
عاشقێ ناڵه‌ى پێوه‌ری زامى نه‌بێ
وه‌كو فه‌رهاد هاواری به غاردا ده‌كا
كه ناڵه‌ى بیست برینى قووڵتر كردم
وتى (گدرون) چه‌شنى بولبول سه‌ما ده‌كا
شاعیر له‌و ڕێچكه شیعریه‌ى هانای بۆ بردووه و شیعری له‌سه‌ر هه‌ڵده‌چنێ، سه‌ره‌تاكانى گه‌مه‌كردن به وشه و هۆنینه‌وه‌ى ملوانكه‌ی شیعر له رێبازه كلاسیكیه‌كه‌ی ده‌ری ناكات كه به هه‌مان هه‌ناسه‌وه، زامى دووری وای لێ ده‌كات شینى په‌روانه بكات.
كه زولفی ڕه‌شی هه‌رده‌م به‌سه‌ر سیما چێ
تا عومری عاشق به‌م شه‌وى یه‌ڵدا چێ!
خۆ له‌به‌ر شه‌معت پتر په‌ى به فه‌نای به‌ی
ئیزنى په‌روانه‌ت ده‌ده‌ى به‌و شه‌وقه‌تا چێ
شاعیر له‌و ڕه‌چه رێیه‌دا هه‌ر به‌وه نه‌وه‌ستێ، ده‌یه‌ها ته‌ڕشیعری پوخت و جوان و پیرۆز ده‌خاته ملی عاشقان؛ ئه‌وه‌تا ده‌ڵێت:
دڵم له حه‌سره‌ت فیراقی به‌كه‌سه‌ر چوو
دیده‌م به هیوای دیداری به‌هه‌ده‌ر چوو
ڕۆحم له ڕێی سۆراخیدا بێخه‌به‌ر چوو
عومرم له ئینتیزاری ویساڵی به‌سه‌ر چوو
كه‌چی هێشته بۆ دیده‌نى تاسه‌بارم
شاعیر دوای خولانه‌وه له رێبازى كلاسیكى، په‌نا ده‌باته به‌ر شیعری ئازاد و له یه‌كه‌م كۆپله‌شیعریدا ده‌یه‌وێ ته‌مه‌نى خۆی ڕوون بكاته‌وه، ته‌مه‌نى خۆی به ده‌فتەرى یاده‌وه‌ری سه‌یر ده‌كا.
عومرم ـ په‌ڕاو
ڕۆژ و شه‌ویشم ـ لاپه‌ڕه
گه‌رچی نازانم چه‌ند په‌ڕم
به‌ڵام دڵنیام
دوا په‌یڤی ده‌قم باوه‌ڕه!
له شیعرێكى دیكه‌یدا، بۆ لاوانه‌وه‌ى كۆرپه‌كه‌ى په‌یامێكى هه‌ستناسكانەى به گوێ داده‌دا، پێی ڕاده‌گه‌یه‌نێ كه ده‌بێ به‌رگه‌ى ناخۆشیه‌كان بگرێ و سه‌ره‌ڕای نه‌هامه‌تى و چه‌رمه‌سه‌رێی ڕۆژگار، ئه‌وه نابێ له كاروانى ژیان داببڕێ.
كۆرپه‌له‌كه‌م…
له قه‌ده‌ری ڕه‌ش، په‌ست مه‌به
چه‌رخی زه‌مه‌ن به خولی چاوت ناگه‌ڕێ!
ده‌بێ چاوه گه‌ڕۆكه‌كه‌ت
به ڕێڕه‌وى ئه‌و بسووڕێ.
بۆ به‌ختى ونیش سست مه‌به
خۆ ئه‌وه‌نده‌ى چاوه‌ڕوانى هه‌وری هاتى
هه‌تا په‌ڵه‌یه‌كى سپیت بێته سه‌ری!
خۆت بۆی چووبای
ئێسته سه‌ری سه‌وداسه‌رت
ئه‌گه‌یشته به‌ر سێبه‌ری!
هه‌روه‌ها له شیعری (خۆڵه‌مێش)ـدا شیوه‌ن و گریه و زاری بۆ دایكه جه‌رگسووتاوه‌كانى شه‌ڕی دژ به داعش دنیا داده‌پۆشێ كه گوزه‌ر به‌نێو ئه‌و به‌سه‌رهاتە دژوارانه‌دا ده‌كات و دوای هۆنینه‌وه‌ى ئه‌و زامه قووڵ و پڕ ئێشه، دواجار ده‌پرسێ و پرسیارمان ئاراسته ده‌كات..
من ده‌پرسم:
ئاخۆ كام شین،
له شیوه‌نم درێژتر و،
كام زام له‌م زامه‌م قووڵتر و،
كام ژان له‌م ژانه‌م جیڕتره!
ئاخۆ كام غه‌م،
ئه‌چێته‌وه سه‌ر غه‌مى من،
كام گریه‌ش له گریه‌م ده‌چی!
ده پێم بڵێ
كام نیشتمان
هاوده‌ردى تۆ و
میراتگری غه‌مى تۆیه؟
شاعیر خۆی به خه‌مخۆری مرۆڤایه‌تى ده‌زانێ، هه‌میشه له خه‌مى ئه‌وه‌دایه مرۆڤه بێئاگاكان به‌ئاگا بێنێ، به‌تایبه‌ت ئه‌وانه‌ى به‌ئاگان به‌ڵام له ناخه‌وه خه‌وتوونە و خه‌وى مرۆڤه‌كان له ئازادىدا به‌رجه‌سته ده‌كات كه هیچ شتێک له ئازادى گه‌وره‌تر و به‌نرختر نیه بۆ ژیان.
لێم ده‌پرسن…
هێنده‌ى له ژیان ده‌خه‌وی
بۆ خه‌ونه‌كه‌ت هێنده ناژی!
چونكه خه‌ونم،
هه‌رده‌م ئازادیی ژیانه.
بۆیه له ژیان قه‌ت خه‌ونم نایه‌ته دی
به‌ڵكو له خه‌و
ژیانێكى ئازاد دێته دی!
له كۆتاییدا ده‌ڵێین ئه‌م هه‌نگاوه‌ى كاك (گدرون) سه‌ره‌تایه‌كى جوانە بۆ ناسین و ئاشنابوون به شیعره‌كانى كه ئه‌گه‌ر به‌هه‌مان هه‌ناسه‌وه درێژه به‌و ڕه‌وته شیعرییه‌ى خۆی بدات، دڵنیام ده‌بێته یه‌كێك له ئه‌ستێره دره‌وشاوه‌كانى دنیای شیعر. هیوای به‌رده‌وامى و به‌رهه‌مى جوانتری بۆ ده‌خوازم.