یادێک بۆ پیاوە سپییەکە

ئارام كۆشكی – سلێمانی

ماوەی چەند ڕۆژێکە بە قووڵی لە بیری هونەرمەندی شێوەکار “سەروەت سەوز”دا بووم، نازانم پەیوەندی بە چ شتێکەوە هەبوو، بەڵام هێزێک لە ناوەوەم هەمیشە ئەوی دەهێنایەوە بیرم. نازانم چەندجار ئەم پیاوەم لە نزیکەوە بینیوە، بەڵام جارێک زۆر دڵنیام کە گفتوگۆیەکی کورت کەوتە نێوانمانەوە ئەوجارە لە گەلەری مۆزەخانەی سلێمانی پێشانگەیەکی شێوەکاری هەبوو من وەکو ڕۆژنامەنووس لەوێ بووم.

یەکێک لەو شێوەکارانەی پرسیارم سەبارەت بە پیشانگەکە لێکرد “سەروەت سەوز” بوو، دوای وەڵامدانەوەی پرسیارەکان و لەسەر دەفتەچەیەکی بچووک ناوەکەیم نووسی، بە زەردەخەنەیەکەوە گوتی: ئارام نەنووسی “سەروەت سەوزە” من “سەروەت سەوز”م، چونکە ئەوەی یەکەم واتاکەی جیاوازە. ئەوە ناوە دروستەکەمە. منیش بە خەندەیەک بەرسڤم دایەوە و وتم خەمت نەبێ مامۆستا. ئەم یادگارییە لەگەڵ سەروەت سەوز؛ ناسراوە بە پیاوە سپییەکە هەرگیز بیرمناچێتەوە. ئەمە وانەیەک بوو لەو دەستپێکەی کاری رۆژنامەوانیمدا کە ناوی کەسەکان بە وردبینییەوە تۆمار بکەم، بۆیە لەوکاتەوە هەمیشە ئەم ڕستەییم لە یاددا زیندوو ماوەتەوە. بەدەر لەوە ئەوەی ئەم پیاوە لای من جێگەیەکی گرنگی هەیە پەیوەندی بەو ڕۆحە سپی و هێمنی و کپیەیەوە هەیە، کە ساڵانێک بەر لە وەفاتی هەستم پێ کردووە و هەر ئەمەش بووەتە ناسنامەی نیگارەکانی.
سەروەت سەوز ساڵی 1954 لە شاری سلێمانی لەدایک بووە و هەر لە منداڵییەوە کەسێکی بەهرەمەند بووە. لەماوەی خوێندنی ناوەندیدا بەشداری چەندین پێشانگەی چالاکی قوتابخانەی کردووە. ساڵی 1970 لە پەیمانگەی هونەرەجوانەکانی بەغدا وەرگیراوە. لەوێ بەشی گرافیکی بەپلەی بەرز تەواو کردووە. پاشان بۆ ماوەی دوو ساڵ دەچێتە ئەوروپا و دیسان دەگەڕێتەوە کوردستان. یەکەمین پێشانگەی لە زانکۆی سلێمانی بەهاوبەشی ساڵی 1976 کردووەتەوە. دوای ئەوە چەندین پێشانگەی لەشارەکانی سلێمانی، هەولێر، دهۆک، بەغدا و شارەکانی دیکەی عیراق کردووەتەوە.
ساڵی 1992 لەگەڵ هونەرمەند نامیق عەلی قادر پێشانگەیەکیان لە شاری پاریس کردەوە. ساڵی 1993 لەسەر بانگهێشتنی فرانسوا میتەران پیشانگەیەکی هاوبەشی لەگەڵ چەند هونەرمەندێکی کورد لە پاریس کردووەتەوە. هەروەها لە وڵاتانی دیکەی وەک بریتانیا، ئەڵمانیا و ئیتالیا پێشانگەی بووە. چەندین پێشانگەی هاوبەشی لەگەڵ هونەرمەند سامان کەریم دارتاش کردووتەوە. لە نەوەدەکاندا بۆ ماوەی چەند ساڵێک لەڕێکخراوی ماگ MAG دا کاری مین هەڵگرتنەوەی کردووه. دوایەمین پێشانگەی هاوبەشی 10-03-2004 بوو بۆ یادی ساڵڕۆژی شازدەی مانگی مارت. هەر لەو رۆژەشدا ئۆتۆمۆبیلێک لێی دەدات و بەسەختی بریندار دەبێت. لە 28-03-2004 لە نەخۆشخانەی الجادریەی شاری بەغدا، سەعات پێنجی ئێوارەگیانی لەدەستدا.
سەروەت سەوز، بەدەر لەوەی نیگارکێش بوو ئەو لەپێناو بژێوی ژیانیدا، لە ڕێکخراوێکی هەڵگرتنەوەی مین کاری دەکرد. یەکێک بوو لەو مرۆڤانەی دەستی لە سڕینەوەی دەیان و سەدان میندا هەبووە کە ئەگەری ئەوەی هەبووە ژیان لە مرۆڤێک بسەننەوە. ئەو دەجەنگا لەپێناو هیشتنەوەی ژیان و زیندووێتی مرۆڤدا. بەڵام بەداخەوەی خۆی لە ئێوارەیەکدا بۆ یەکجاریی چاوەکانی لێکنا.
یادکردنەوەی ئەم نیگارکێشە ڕۆح سپییە و ئەم پیاوەی کە نیشتیمانی لە شەڕ و مەرگ پاک دەکردەوە ئەرکێکی کولتوورییە. ئێستاش دوای نزیکەی 20 ساڵ لەو یەکتربینینەمان ناتوانم یادی نەکەمەوە و هەرجارێک بچمە گەلەری مۆزەخانە شێوەی ئەم پیاوە سپییە دێتەوە بەرچاوم کە بە حوزنێکەوە لە سووچێکدا هەڵکوڕمابوو.
یادت بەخێر مرۆڤە رۆح سپییەکەی سەردەمی ئاشووب و جەنگ، یاددت بەخێر نیگارکێشە هێمنەکەی سەردەمی هاتوهاوار و قیژە و ناڵە، یادت بەخێر.

ھەواڵی زیاتر