کتێبێک بۆ ئاشنابوون بە “زیگمۆند فرۆید” بڵاوکرایەوە

“زیگمۆند فرۆید”؛ دەروونشیکاری بەناوبانگی نەمساوی کە ساڵانێکە بەرهەمەکانی بۆ زمانی کوردی وەردەگێڕدرێت، بەڵام تا هەنووکە کتێبێکی ورد و بەناوەرۆک لەسەر ژیان و بەرهەمەکانی بە زمانی کوردی بەردەست نەبووە، ئەگەرچی هەوڵی بچووک هەبوون، بەڵام کتێبێک کە تەواوی ژیانی بەسەر بکاتەوە و هاوکات جیاوازی بکات لەنێوان قۆناغەکانی ژیانیدا بە کوردی بەردەست نەبووە. 

لەم ماوەیەی ڕابردوودا نووسەر و وەرگێڕ “وەلید عومەر” کتێبێکی “ژان میشیل کینۆدۆز” بەناونیشانی “دەروازەیەک بۆ زیگمۆند فرۆید” وەرگێڕاوە و ناوەندی ڕۆشنبیریی ڕەهەند لە دوتوێی 178 لاپەڕەدا چاپ و بڵاویان کردووەتەوە. 

ئەم کتێبە وەکو لە ناونیشانەکەیەوە دەردەکەوێت، دەروازەیەک بەڕووی خوێنەردا دەکاتەوە بۆ ئاشنابوون بە فرۆید و ئەو چەمکە سەرەکی و زۆر بەکارهاتوانەی دەروونشیکارییەکەی. کتێبەکە وەستان و ئیستێکە سەبارەت بە دوو قۆناغی گرنگی ژیانی ئەم دەروونشیکارە، کە قۆناغێکیان لە ساڵەکانی (1856-1900) دەکۆڵێتەوە و قۆناغی دووەمیش لە ساڵەکانی (1900- 1939) دەکۆڵێتەوە کە تا کۆچی دوایی و فرۆید لە خۆ دەگرێت. ئەمە بێجگە لەوەی کتێبەکە سەرنجدانە لە بەشێک لەو کارانەی کردوویەتی. وەکو لێدانەوەی خەون، نەخۆشی هێستریا، کارکردن لە “نەست”دا، سێکستواڵێتە لە ژیانی منداڵدا. چوار پشکنیکی کلینکی فرۆید، کە بە کەیسەکان ناسراون. کۆڵینەوە لە سێ چەمکە بنەڕەتییەکەی فرۆید کە ئەوانیش “ئیگۆ و ئید و سوپەرئیگۆ”ن. هاوکات پەیوەندی گرێی ئۆدیب و نەست و کۆمەڵێک بابەتی دیکە.. بۆیە ئەم کتێبە نەک دەروازەیەکە، بەڵکو دەتوانین بڵێن ئەو دەلاقەیەیە کە بەبێ خوێندنەوەی ناتوانرێت فرۆید باش ناسین..

وەرگێڕ لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا زیاتر لە 10 کتێبی فرۆید و چەند لێدانەوە و شرۆڤەیەکی بۆ کوردی وەرگێڕاوە.