پەرچەمی تۆ ئیلهامبەخشی کۆپلەی شیعرە
یان پەرچەمی هەڵکراوی بەرخودانە
بەژن و باڵات هێڵی جوانی تابلۆیە، یان
هەڵکشانی یاخیبوونی جەوانانە
چاوەکانت تیلی نازی ژنیان پێیە
یان بروسکەی ئازادیخوای نیشتمانە
تۆ بنچینەیت. تۆ سەرەتای گشت هەبوونی
تۆ یەكەمین دەركەوتنی ناو گەردوونی
یەكەم پرشنگ، یەكەم وشە، تۆ بووی ئەی ژن
یەكەم عاشق، وەلێ یەكەم یاخیبوونی
لەیەك كاتدا چەند بەخشندەی هێندە توڕەیت
ئەی ژن بۆ ژین هەم ئارامییت هەم هەڵچوونی
با پەرچەمت پەخشان بێ ژن، ژیان ئەتۆی
با پەرچەمی یاخیبوونت شەکاوە بێ
لەناو تەڵی قژی تۆدا دوێنێی نوتەک
ئەمڕۆی گڕ و سبەی دیارە هەتاوەبێ
مێژووی ستەم ڕادەماڵی کە تۆ ڕا بێی
ئەم سەردەمی جەهالەتەش تەواوەبێ
ـــــــــ
* کۆپلەی دووەمی ئەم شیعرە، لە شیعرێکی ترمەوە تێهەڵکێش کردووە کە ساڵی 2٠1٦ نووسیومە