ڤیان عه‌باس: نۆستالۆژیا یان گەڕانەوە بۆ ڕابردوو وەڵامێکی ئەرێنیی ئێستاییە بۆ ئەزموونێکی لەدەستچووی نەرێنی

هێمن خەلیل- هه‌ولێر

مامۆستا ڤیان عه‌باس مامۆستایه‌ له‌ كۆلێژی په‌روه‌رده‌ی زانكۆی سه‌لاحه‌دیندا؛ ماسته‌رنامه‌كه‌ی بە ناونیشانی (نۆستالۆژیا لە شیعری کلاسیک بە نموونەی شیعری نالی و سالم و کوردی) هەوڵێکە بۆ ناساندن و خستنەڕووی چەمک و زاراوەی نۆستالۆژیا بە گشتی و دیاریکردنی دەقە نۆستالۆژیەکان لە شیعری کلاسیک و شاعیرانی قوتابخانەی کرمانجیی خواروو (نالی – سالم – کوردی) بە تایبەتی، کە لەو ڕێگایەوە لە ڕووی تیۆریەوە ئاماژە بە جۆرەکانی نۆستالۆژیا (نۆستالۆژیای تاکەکەسی/ نۆستالۆژیای گشتی) کراوە، لە ڕووی پڕاکتیکەوە هەموو جۆرەکانی نۆستالۆژیا لەسەر شیعری شاعیرانی ناوبراو پراکتیزە کراوە. بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ دیدارێكی ڕۆژنامه‌وانیمان له‌گه‌ڵیدا كرد:

سه‌ره‌تا خاتوو ڤیان له‌باره‌ی نۆستالۆژیاوه‌ گوتی: “نۆستالۆژیا بە واتای غەمی دووری و دابڕان، پەشیمانی و دڵتەنگی بۆ لەدەستدانی ڕابردوو، حەسرەت و شەوق و دیدار، تاسە و ئارەزووی گەڕانەوە بۆ ڕابردوو دێت، کە لە نێو چەمک و زاراوە دەروونیەکانەوە بەرەو دەروازە ئەدەبیەکانەوە دزەی کرد و لە دەق و بەرهەمە ئەدەبیەکاندا ڕەگی داکوتا و بوو بە زاراوەیەکی ئەدەبی؛ ئەگەرچی وەکو زاراوە نۆستالۆژیا لە بواری ئەدەبدا نوێیە، بەڵام وەکو مەبەست و ناوەرۆک بابەتێکی کۆنی نێو دەقە ئەدەبیە زۆر کۆنەکانە، کە بەبێ درککردنی، شاعیر بە شێوەیەکی ئاشکرا ئازار و حەسرەت و تاسەی گەڕانەوە بۆ ڕابردووی وێنا کردووە و وەکو تەکنیکێکی شاراوەی هونەری لە شیعرەکانیدا بەکاری هێناوە؛ نۆستالۆژیا چەمکێکی دەروونی و ئینجا ئەدەبییە، کە بە واتای گەڕانەوە بۆ ڕابردوو و حەسرەتهەڵکێشان بۆ لەدەستدانی شکۆمەندییەکانی ڕابردوو دێت، کە وەکو حاڵەتێکی دەروونی غەریزەیی و هەستێکی ناهۆشیاری لەلای هەموو مرۆڤێکدا هەیە، وەکو هەستێکی نامۆیی و غەریبی و تەنیایی لە دڵ و دەروونیدا هەڵدەقوڵێت و لە ئەنجامی کارتێکراوێکی تایبەتەوە کاردانەوەی دەبێت، بەڵام لە هەموو حاڵەتەکاندا لەلای مرۆڤدا بە شێوەیەکی ڕێژەییە و ڕەهایەتی تێدا بەدی ناکرێت.”

مامۆستا ڤیان له‌باره‌ی زاراوه‌ی نۆستالۆژیاوه‌ ڕای وایه‌: “هەر زاراوەیەکی ئەدەبی لە ڕووی شێوە و پێکهاتنەوە لە فەرهەنگی زمانێکدا جیاوازن لە زمانێکی تر، لەگەڵ ئەوەی لە ناوەرۆکدا هەمان واتا و دەلالەت دەبەخشن، ئەگەرچی نۆستالۆژیا بە چەمکە فراوانەکەی ئاماژە (دەلالەت)ـە بۆ ماناکانی(گەڕانەوە بۆ ڕابردوو، غەریبی، حەسرەت، غوربەت، سۆزی گەڕانەوە و، هتد)، بەڵام لە بنەڕەتدا نۆستالۆژیا ڕەگ و ڕیشەی بۆ ئەدەبیاتی یۆنانی کۆن دەگەڕێتەوە؛ ئاماژەیەکە بەو ئازارەی کە نەخۆش لە ئەنجامی حەزی گەڕانەوەی بۆ ڕابردوو دەیچێژێت، یاخود ترسی لەوەی کە هەرگیز جارێکی تر بۆی نەگەڕێتەوە، ئەگەر بگەڕێینەوە سەر بنەڕەتی زاراوەکە، ئەوا لە بنەڕەتدا بۆ زاراوەی (alienation)ی لاتینی دەگەڕێتەوە، کە بە واتای حەواڵەکردنی ماڵی کەسێك بۆ کەسێکی تر بەزۆرەملێ..
نۆستالۆژیا لەگەڵ ئەوەی جۆرێکە لە هەڵچوونی سۆزداری بۆ ڕابردوو، لە هەمان کاتدا ئەزموونێکی دەروونی و کۆمەڵایەتییە، لەبەر ئەوەی دەرئەنجامی ئەو هەستە نۆستالۆژیە تێپەڕبوونە بە ماوەیەکی بەسەرچووی ڕابردوو ئەگەر تاڵ ئەگەر شیرین، بەڵام گرنگ ئەوەیە بووە بە ئەزموونێک بۆ خاوەنەکەی، واتە گەڕانەوە بۆ ڕابردوو دووبارە ئەزموونکردن و تێپەڕبوونێکی ترە بە ئەزموونی ڕابردوو لە مێژوویەکی تردا، کە لەوێوە نۆستالۆژیا لەدایك دەبێت، لەبەر ئەوە هەردوو نووسەر و مامۆستای زانکۆ، “ROUHEDGE – FIORITO” دەڵێن نۆستالۆژیا لە کۆتاییدا ئەزموونێکی هەستبزوێنە کە بەرەو داهاتوو هەنگاو دەنێت، نۆستالۆژیا چەقی بیرکردنەوەیە لە ئەزموونەکانی ڕابردوو، بەڵام حاڵەت و ڕەفتار و ئامانجە سۆزداریەکان دەورووژێنێ لە پێناو چاککردنی ژیان و گوزەرانی خەڵکی لە داهاتوودا، نۆستالۆیا ئەنجامی ئەزموونە سۆزداریەکەیە و سۆزداریەکانیش بەرهەم هێنن، بیر و هۆش بە کارلێك لەگەڵ زەنگە لێنەدراوەکانی نۆستالۆژیا کارلێک دەکەن و هەستەوەرەکان بەئاگا دێنن، ئەنجامی ئەو کارلێکردنە بنیاتنانی ئەزموونێکە کە هەندێك جار دەبێتە هۆکاری پەرچەکردارێک یان داهێنانێک، گومانی تێدا نیە هەر دەقێکی ئەدەبی بەرهەمی سۆز و عاتیفەی خاوەنەکەیەتی، کە داهێنەرە و ڕەنگدانەوەی واقعی سەردەمێکی دیاریکراوە، ئینجا ڕابردووبێت یان ئێستا لە هەندێ کاتدا داهاتووش دێنێتە کاتی ئێستا و بەشداری پێ دەکات دواجار ئەم غوربەت و نامۆیی و نەهامەتی و دوورییە دەبێتە هۆکارێک بۆ داهێنان، چارەسەرکردنی حاڵەتی دەروونی داهێنەرەکەیەتی و نیشاندانی کێشەو ئاریشەکانی کۆمەڵگەیە لە ڕێگەی زمانەوە.”

ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی نۆستالۆژیا و ئه‌فسانه‌ ده‌ڵێ: “ئەفسانە بەرهەمی بیری مرۆڤایەتییە، سەرچاوەی بەهێز و یەكەمی بیر و خەیاڵ و ئەندێشەی مرۆڤەكانە، ئەفسانە کە میتۆلۆژیاشی پێ دەگوترێت، دەرئەنجامی تێفكرین و تێڕامان بووە لە كۆندا، مرۆڤ بەهۆیەوە چەندین پرسیاری وروژاندووە تا گەیشتۆتە ئەو ئاستەی خۆی لە ئەفسانەكاندا وەڵامەكان دابهێنێت و بخولقێنێت، لەبەرئەوە بەپێی پێویستی ژینگە و ژیانیان ئەفسانەكانیان داهێناوە، بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەك دیاردەكانی ژیانیان لێكداوەتەوە،كەواتە بۆچوونی جیاواز دەربارەی سەرچاوەی دروستبوون و گەشەكردنی ئەفسانە لەئارادا هەیە، زۆربەی بۆچوونەكانیش بەبێ بوونی هیچ بەڵگەیەك دەگەڕێنەوە بۆ ئەوەی كە مرۆڤە سەرەتاییەكان لەئەنجامی ترس و نەزانین و نزمی ئاستی بیروهۆشیان بە شێوازێكی هونەری و وردەكاری جوان ئەم چیرۆكانەیان داهێناوە، ئەمەش بە شێوەیەک لە شێوەکان لەگەڵ ئەو دەقە قورئانیەدا یەک دەگرێتەوە کە لە سوورەتی ئەنعامدا خوای گەورە دەفەرمێت:

فَلَمَّا جَنَّ عَلَيْهِ اللَّيْلُ رَأَى كَوْكَبًا قَالَ هَذَا رَبِّي فَلَمَّا أَفَلَ قَالَ لا أُحِبُّ الآفِلِينَ * فَلَمَّا رَأَى الْقَمَرَ بَازِغًا قَالَ هَذَا رَبِّي فَلَمَّا أَفَلَ قَالَ لَئِن لَّمْ يَهْدِنِي رَبِّي لأكُونَنَّ مِنَ الْقَوْمِ الضَّالِّينَ * فَلَمَّا رَأَى الشَّمْسَ بَازِغَةً قَالَ هَذَا رَبِّي هَذَا أَكْبَرُ فَلَمَّا أَفَلَتْ قَالَ يَا قَوْمِ إِنِّي بَرِيءٌ مِّمَّا تُشْرِكُونَ
واتە: كە شەوی بە سەردا هات ئەستێرەیەكی بینی، وتی ئەمە پەروەردگاری منە، كە ئاوا بوو گوتی ئەوەی ئاوا بێ خۆشم ناوێ * کە مانگ ئەنگووت، گوتی ئەمەیە پەروەردگار، كە ئاوا بوو گوتی خوایە گیان ئەگەر نەمخەیتە سەر رێی راست، سەرم لێ دەشێوێ و دەبمە یەکێک لەو خێڵە وێڵە * کە خۆر دەركەوت گوتی: سەیر کە چەن گەورەیە! خوا ئەوەیە، كە خۆر نیشت، گوتی: قەومینە! لەو کفرەی ئێوە، بەریمە.
ئەفسانە بەرهەمی لەمێژینەی هەموو مرۆڤایەتییە و بەرهەمێكی هەمەلایەنەیە و لە ئەنجامی پێویستییەكانی ژیان و ئارەزووە لەبننەهاتووەكانی مرۆڤ كەڵەكەی كردووە و كۆ بووەتەوە و گەیشتووەتە ئەمڕۆ، لەو ڕۆژەوە مرۆڤ چاوی كراوەتەوە و بیری كردۆتەوە و زمانی پژاوە، ئینجا بەكارهێنانی هەموو هێما و رەمز و نیشانە ئەفسانەیییەكان لەشیعری كلاسیكدا بەشێوەیەكی ڕوون و ئاشكرا بەرچاو دەكەوێت و شاعیرانی كلاسیك پەییان بەم شێوانە بردووە؛ ئەگەر تەماشا بكەین نەك تەنها لە شیعر بەڵكو لە پەخشانیش هەندێ ڕەمز و وێنەی ئەفسانەیی هەن لە دوورەوە ئاماژەن بۆ چیرۆك و حەكایەتی ئەفسانەیی كە خۆیان بە وێناكردنی خەیاڵ و چڕی ئەندێشە و بڕینی سنورەكانی خەیاڵ و فەنتازیا و سیحر و جادووەوە خەریك دەكەن، بۆ نموونە هەندێک وێنەی ئەندێشەیی هەن لە كۆنەوە لەگەڵ مرۆڤدان. بۆ نموونە، وێنەی پەریزادەی دەریا یاخود وێنەی ئەژدیها هەموو ئەوانە بوونە هێما و نیشانەی زەق بۆ ناسینەوەی دەقێكی ئەفسانەیی یاخود بوونی ڕەمز و نیشانەی ئەفسانەیی لەنێو دەقێكی شیعریدا، كە بەجۆرێك دەتوانرێت ئەو دەقانەی بەم بابەتانەوە پەیوەندیدارن بخرێتە ناو چوارچێوەی دەقێكی نۆستالۆژییەوە.”

هه‌روه‌ها له‌باره‌ی په‌یوه‌ندی نۆستالۆژیا و ئه‌ده‌بی فۆلكلۆر ئه‌و مامۆستایه‌ی زانكۆ گوتی: “لە ئەدەبی نووسراودا شاعیر و نووسەران وەكو چینێكی رۆشنبیری كۆمەڵگا هەوڵیان داوە ئەدەبی فۆلكلۆری بەشێوەیەكی تازە و لەگەڵ سەردەمی تازەی خۆیاندا زیندوو بكەنەوە لە توێژاڵ و قالبێكی جیاواز لەوەی پێشتر، ئینجا بە هەموو بەشەكانیەوە لەدەقەكانی خۆیاندا وەكو كەڵكوەرگرتن لە رواڵەت و روخسار و ناوەرۆكەوە، ئەویش بە بەكارهێنانی پەندێكی پێشینان بۆ پتەوكردنی ناوەڕۆكی دەقەكەیان یان وەرگرتنی ناوەڕۆكی قسەیەكی نەستەق و بەكارهێنانی بەیت و بەند و بالۆرە و هونەرەكانی لێكچواندن لەنێو دەقەكاندا؛ لە ئەدەبی كوردی و شاعیرانی كلاسیك بەتایبەتی پاشخانێكی مەعریفی گەورەیان هەبووە بۆ بەرهەمە فۆلكلۆریەكان و دەستڕۆشتووییەکەی خۆیانیان نیشان داوە، ئەویش بە بەڵگەی شیعر و چامەیان، بەردەوام لە هەوڵی تازەكردنەوەی ئەدەبەكەدا بوونە؛ ئینجا شاعیر بە گەڕانەوە و سوودوەرگرتن لە ئەدەبی فۆلكلۆری گەڕانەوەیەكی تەواو تۆكمە دروست دەكات، هەم بۆ ڕابردوو هەمیش بۆ شارستانیەت و رۆشنبیریی نەتەوەكەی خۆی بەگشتی، چونكە نەتەوەكەی لە قۆناغە جیاوازەكانی ڕابردوو بە چەندین شارستانیەت و ئەدەب و رۆشنبیریدا تێپەڕیوە لە هەموو بارودۆخە جیاوازەكانی ژیان، بۆ ئەمەش شاعیرانی كلاسیك لەم لایەنەوە و لەڕووی سود وەرگرتن لەئەدەبی فۆلكلۆری بە هەموو بەشەكانیەوە دەستەوەستان نەبوون و هەر یەكێكیان بەشێوازێك و جۆرێك جێپەنجەیان دیارە، لەبەر ئەوەی ئەم ئەدەبە ئەدەبێكی دەوڵەمەندی خاوەن سامانێكی گەورەی هونەری و رۆشنبیرییە وادەخوازێت بكرێتە سەرچاوەی گەشەسەندن و بەرەو پێشەوە چوونی ئەدەبی سەردەم. واتە گەڕانەوە بۆ جۆر و ژانرە جیاوازەكانی ئەدەبی فۆلكلۆری لە بەشێکی زۆری شیعردا بوونی ھەیە، هەندێك جار بەكارهێنانی چەند وشە و دەستەواژەیەكی فۆلكلۆری لە نێو دێڕە شیعریەكاندا وەكو ئاماژەیەكی زەقن بۆ ئەم ئەدەبە كۆنە، هەروەها بەكارهێنانی چەندین پەند و ئیدیۆم و قسەی نەستەق.. هتد، ئەمە جگە لە داستان و ئەفسانەی كۆن.”

ھەواڵی زیاتر