سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

ڕانانێکی کورت بۆ کتێبی “دەروازەکانی مرۆڤناسی”

کاتێک بەشێک لە نووسەران و خوێنەران باس لە دەوڵەمەندی کتێبخانەی کوردی دەکەن، باس لەو دیوەی کتیبخانەی کوردی دەکەن کە هەر بەڕاستی دەوڵەمەندە، ئەو دیوەش وەرگێڕانی ئەدەبیاتە بە گشتی و ڕۆمان و چیرۆکە بەتایبەتی.

بەڵام کاتێک باس لە هەژاری کتێبخانەی کوردی دەکرێت مەبەستمان چییە؟ ئەوەی دەکرێت سەرنج بخەینە سەری ئەوەیە کە کتێبخانەی کوردی لە بواری وەرگێڕانی ڕۆمان و بابەتی ئەدەبیدا تاڕادەیەک هەژار نییە، بەڵام ئەمەش نیشانەی دەوڵەمەندی و کامڵبوون نییە، ئەم حاڵەتە نەک حاڵەتێکی نائاسایی نییە، بەڵکو زۆر زۆر ئاساییە لەبەر ئەوەش ئاساییە چونکە خوێنەری ئەدەبیان خوێنەرێکی تاڕادەیەک گشتیی ترە… بەڵام خوێنەری بوارەکانی دیکەی وەکو دەروونناسی، کۆمەڵناسی، مرۆڤناسی، زانستی، فەلسەفی…زۆربابەتی دیکە خوێنەرێکی دەستەبژێری دەوێت و هەموو کەسێک کە خوێنەر بێت مەرج نییە لەمجۆرە کتێبانە بخوێنێتەوە. 

دەوڵەمەندی کتێبخانەی هەر میللەتێک بە دەوڵەمەندی هەموو بوارە جۆراوجۆرەکانی زانست و ئەدەبیات دەپێورێت. نەک تەنها بە دەوڵەمەندی چەند بوارێکی دیاریکراو. بۆیە هێشتا کتێبخانەی کوردی لە زۆر بواری زانستی و کۆمەڵناسی و مرۆڤناسی و دەروونناسیدا پێویستی بە سەرچاوەی دیکە و دەستگیریی هەیە. یەکێک لەو بوارانەی کە زۆر زۆر هەژارە بواری مرۆڤناسی (ئەنسرۆپۆلۆژیا)یە. ئەم بوارە زیادەڕەوی نییە، بڵێم ژمارەی کتێبەکانی ئەم بوارە لە پەنجەکانی هەردوو دەست تێپەڕ ناکات. لە چەند ساڵی ڕابردوودا کۆمەڵەی کۆمەڵناسان و دەروونناسانی کوردستان چەند هەوڵێکی خاکەڕاییانەیاندا و توانیان چەند کتێبێک لەو بوارەدا چاپ بکەن، بەڵام ئەمە درێژەی نەبوو تا ئەم چەند رۆژەی ڕابردوو کە کتێبی “دەروازەکانی مرۆڤناسی؛ سەرچاوەکانی تێگەیشتن لە مرۆڤ” بڵاوکرایەوە کە پرۆژەیەکی هاوبەشی کۆمەڵەی ناوبراو و ناوەندی ئاوێرە. ئەم کتێبە لە نووسینی “سایمۆن کۆڵمەن و هێلین واتسۆن”ـە و “دانا شوانی” لە ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی و لە دوتوێی 178 لاپەڕەدا چاپ و بڵاوکراوەتەوە. 

ئەم کتێبە بەسەر چەند بەشێکدا دابەش کراوە بەشی یەکەم تەرخان بۆ قسەکردن لەسەر ماناکانی مرۆڤناسی، کە کۆمەڵێک بابەتی لە چەشنی تاوتوێکردنی جۆری مرۆڤ، مرۆڤناسیی فیزیکی، مرۆڤناسیی زمانەوانی، مرۆڤناسیی کۆمەڵایەتی و کولتووری، بایەخی مرۆڤناسیی.. لە خۆ گرتووە. 

بەشی دووەمی ئەم کتێبە تەرخانە بۆ چۆنێتی سەرهەڵدانی مرۆڤناسی. لەم بەشەدا لەسەر دوو تەوەری سەرەکی کار کراوە یەکەمیان مرۆڤناسی وەک بوار و دیسپینێکی زانستی. دووەم ئایدیای پەرەسەندن. هەرچی بەشی سێیەمە تایبەت بە میتۆدەکانی مرۆڤناسی، کە لەم بەشەدا باس لە گرفت و ئاستەنگەکانی بەردەم توێژینەوەی مەیدانی کراوە و هاوکات باس لە تایبەتمەندییە بەرچاوەکانی کاری مرۆڤناسی کراوە و میتۆدەکانی توێژینەوە لە مرۆڤناسیشدا باس کراوە. ئەمە بێجگە لە چەند بابەتێکی دیکەی پەیوەست بەم بەشانەی لەسەرەوە باسکران.

بەشی دواتر باس لە بابەتە سەرەکییەکانی مرۆڤناسی دەکات کە بۆ پێنج بەش دابەشکراوە و تێیدا ئەم بابەتانە خراونەتەڕوو: یەکەم مرۆڤناسی کۆمەڵایەتی، کە ئەمیش چەند لقێکی لێ دەبێتەوە. دووەم “فەرمان” و شیزارە: مرۆڤناسی سیاسیەت و یاسا. سێیەم مرۆڤناسی و چالاکییە ئابوورییەکان. چوارەم: کۆمەڵگە و پیرۆزی، مرۆڤناسی ئایینی. پێنجەم ڕێگاکانی بینینی جیهان: کەسایەتی، پەیبردن و کولتوور.

هەرچی بەشی پێنجەم و کۆتایی کتێبەکەیە تەرخان کراوە بۆ مرۆڤناسی لە جیهانێکی گۆڕاودا، کە تییدا باس لەم زانستە کراوە و پەیوەست بە پەرەسەندن و ژینگەوە. 

ئەوەی گرنگە لە دواجاردا بیخەینەڕوو ئەوەیە ئەم کتێبە نەک تەنها دەروازەیەکە بۆ ناسینی زانستی مرۆڤناسی، وەک لە ناونیشانی کتێبەکەوە بەدیار دەکەوێت. بەڵکو هەوڵێکی گرنگە بۆ کردنەوەی کۆمەڵێک پەنجەرەی نوێ بەڕووی ئەم زانستەدا کە زۆرجار بەم فراوانییە لەم زانستە نەڕوانراوە، بەو پێیەی ئەم بابەتە بۆ کتێبخانەی کوردی و تاکی کوردی گەلێک تازەیە. بەهیوام ئەم هەوڵانە بەردەوامییان هەبێت و دەستخۆشی بۆ مامۆستا دانا شوانی و ناوەندی ئاوێر و کۆمەڵەی کۆمەڵناسان و دەروونناسانی کوردستان.