فەیلەسوفێک بۆ ستایشی ژیان

ئارام كۆشكی – سلێمانی

ئاشنابوون بە فەلسەفە کارێکی ئاسان نییە، بەڵام بۆ هەر خوێنەرێک دەروازەیەک، نیگایەک، یان وتەی بیرمەندێک دەبێتە دەروازە و لەوێوە ئیدی بەرەو ئەو دونیایە هەنگاو دەنێت. کاتێک لەسەرەتاکانی دەستپێکردنی خوێندنەوەدا بووم و تەنها خوێنەری ئەدەبیات و مێژووم دەخوێندەوە، هەرگیز بیرم لەوە نەکردبووەوە ڕۆژێک ببمە خوێنەری کتێبی فەلسەفی، ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕایەوە کە پێموابوو تێگەیشتن لە فەلسەفە کاری هەموو خوێنەرێک نییە، یان لانی کەم کاری خوێنەرێکی وەکو من نییە کە لەسەرەتای دونیای خوێندنەوەدا بووم.

ساڵانێک تێپەڕی و ڕۆژێک لەگەڵ سەیرکردنی کتێبدا لە یەکێک لە کتێبخانەکانی سلێمانی چاوم چووە سەر گۆڤارێک بەناوی “سەردەم” کە تایبەت بوو بە وەرگێڕانی کولتووری بیانی و بەتایبەت گرنگییەکی زۆری بە وەرگێڕانی بابەتی فەلسەفی دەدا. سەیری گۆڤارەکەم کرد بابەتی باشی تێدا بوو، بەر لەوەی بڕیاری کڕینی بدەم وێنەی پیاوێکی مۆنی سمێڵزل سەرنجی ڕاکێشام و لە ژێر وێنەکەدا نووسرا بوو “فردریش نیچە” ئەمە یەکەم نیگای من بوو بۆ ئەم بیرمەندە. دەستبەجێ کەڵکەڵەی ئەوە کەوتە سەرم کە گۆڤارەکە بکڕم و بەدوای ئەم پیاوە مۆنە سمێڵزلەدا بچم بزانم کێیە و ئیشی چییە و چی دەنووسێت و دەیەوێت بڵێت چی؟
هەر لەو ڕۆژەوە کە زیاتر لە 20 ساڵ بەسەر ئەو زەمەنەدا تێپەڕیوە تا هەنووکە من خوێنەری ئەو بیرمەندەم و هەر بەدوای کتێب و وتار و هەر لێکۆڵینەوەیەکیشدا دەگەڕێم کە لەسەر ئەم بیرمەندە نووسرا بێت. هەر لەو نیگایەوە بۆ وێنەکەی ئیدی من بوومە خوێنەری ئەم بیرمەندە تووڕە و مۆنە و لەوێوە سۆراغی ئەوەم کرد، کە ئەم فەیلەسووفە لە چ شتێک تووڕەیە؟ دوای ساڵانێک لە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی ئەم فەیلەسووفە لەوە تێگەیشتم کە ئەوەی نیچە لێی تووڕەیە مرۆڤی بچووکە و ئەو بڕوای بە “مرۆڤی باڵا”، یان سۆپەرمان هەیە بەو پێیەی کە دەخوازێت مرۆڤێک بێت کە پەرە بە تواناکانی بدات و خۆی بە زەلیلی پیشان نەدات.
ئەگەر بە سەرنجەوە سەیری دونیا فەلسەفییەکەی ئەم بیرمەندە بکەین دەبینین هەر ئەم چەمکی “مرۆڤی باڵا”یە دەبێتە یەکێک لە سەرەکیترین چەمکەکانی نێو فەلسەفەکەی. بۆ ڕوونکردنەوەی ئەم چەمکە “ئازاد بەرزنجی” وەرگێڕی کتێبی “زەردەشت ئاوها دوا” لەبارەی ئەم چەمکەوە لە پێشەکی ئەو کتێبەدا ئەوەی خستووەتەڕوو کە “مانا و ئامانج لە ژیان بەلای نیچەوە بریتییە لە باڵابوون. ژیانیش پرۆسەیەکە هەمیشە لە گۆڕاندایە ئەنجامەکەی دەبێت مرۆڤی باڵا بێت”. نیچە ئەوەشی خستووتە ڕوو، کە مرۆڤی باڵا تا ئێستا لە سەر ڕووی زەوی نەهاتۆتە دی. هاوکات سەبارەت بە مرۆڤی باڵاش ئەوەش خراوەتەڕوو کە “مرۆڤی باڵا داهێنەرێکی گەورەشە، داهێنەری گوتاری نوێ و بەهای نوێ و ئەخلاقیاتی نوێیە. ئەو تا سەر ئێسقان کەسێکی ژیاندۆست و هونەردۆست و جوانپەرستە.”
ئەم تایبەتمەندیانەی نیچە بوونە هۆی ئەوەی من بە فەلسەفە ئاشنا بم و ناوە ناوە کتێبی فەلسەفی بخوێنمەوە. ناتوانم بڵێم خوێنەرێکی بەردەوامی فەلسەفەم، بەڵام لەبەرنامەی خوێندنەوەی ساڵانەمدا چەند کتێبێکی تێدایە و هەوڵیش دەدەم زیاتریان بکەم. یەکێک لەو کتێبانەی نیچە کە دووجارم خوێندووەتەوە “زەردەشت وەها دوا”کەیەتی، کە بە یەکێک لە گرنگترین سەرچاوەکانی هزری ئەم بیرمەندە دادەنرێت. دەتوانم بڵێم بۆ ئاشنابوونم بە دونیای فەلسەفە قەرزاری دوو کەسم، یەکەمیان فریدریش نیچە و دووەمیان د. محەمەد کەمال، کە ئەویش ئەوەندەی تر فەلسەفەی لا خۆشەویست کردم. هیچ کتێبێکی نییە منی لەگەڵ فەلسەفە ئاشت نەکردبێتەوە و ئەو زیزبوونانەی بەهۆی قورسی دونیای فەلسەفەوە تووشم بووە. د. محەمەد دووبارە ئاشتیان کردوومەتەوە و نیچەش خۆراکی ڕۆحی منە.
ئێستا دوای ساڵانێک نزیکبوون لە نیچەوە ئەوەی لێوەی فێربووم بڕوابەخۆبوون و خۆڕزگارکردن و بەردەوامییە. ئەوەی لێیەوە فێربووم ئەوەیە کە ستایشی ژیان بکەم و دژی مەرگدۆستی بم، چونکە ئەم بیرمەندە زیاتر لە بیرمەندانی دیکە ژیانی لاخۆشەویست کردم.