سێشەممە, تشرینی دووه‌م 26, 2024

چوار کتێبی د.شوکرییە ڕەسووڵ بڵاوکرایەوە

لە نوێترین کتێبە چاپکراوەکانیدا دەزگای رۆشنبیریی جەمال عیرفان چوار کتێبی نوێی د.شوکرییە ڕەسووڵ-ی بڵاوکردەوە، کە دوو کتێبیان لێکۆڵینەوە لە دۆخ و پێگەی ژنی کورد و ئەو ئاریشانەی دێنە ڕێگەی و دوو کتێبی دیکەیان لێکۆڵینەوەن لە شیعری کوردی، کە کاری لەسەر دوو شاعیری دیاری کورد کردووە.

کتێبی یەکەمی کتێبێکە سەبارەت بە رۆڵی ژنی کورد لەنێو بەشەکانی فۆلکلۆری کوردیدا. کتێبەکە تویژینەوەیەکە بۆ گەڕان بەدوای پێگەی ژنی کورددا لەنێو بەیت و چیرۆک و بەسەرهاتەکانی نێو ئەدەبی فۆلکلۆری کوردی. هەرچی کتێبی دووەمە تەرخانە “دیاردەی تاوانی کوشتنی ژنان بەناوی پاراستنی مافی شەرەف و سڕینەوە لەکە” ئەم کتێبەش لێکۆلینەوەیەکی شیکاری وەسفییە لەسەر ئەم دیاردەیە، کە کۆمەڵگەی کوردی تا هەنووکەش بەدەستییەوە دەناڵێنێت. 

کتێبی سێیەم تەرخانە بۆ شرۆڤەکردنی تێکستی “شێخی سەنعان” لە نووسینی فەقێ تەیران، کە م. ب. روودینکۆ نووسیویەتی و د. شوکرییە لە ڕووسییەوە کردوویەتی بە کوردی و پێشەکی بۆ نووسیوە. هەرچی کتێبی چوارەمیشە لێکۆڵینەوەیەکە لە چەمکی “نامۆ و نامۆبوون” لە بەشێک لە شیعرەکانی حاجی قادری کۆییدا. لێکۆڵینەوەکە هەوڵی ئەوە دەدات لە ڕیشەکانی نامۆبوونی ئەم شاعیرە بکۆڵێتەوە بەدوای هۆکار و پاڵنەرەکانیدا بگەڕێت.