“وێنەی کورد لە سەرچاوەکانی کەلەپوری ئیسلامیدا” ناونیشانی توێژینەوەیەکی ئەکادیمی د. ئەحمەد مەحمود خەلیل، کە لە دوتوێی کتێبێکدا و بە وەرگێڕانی سەربەست قادر چاپ کراوە و کتێبخانەی هەژار موکریانی چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.
ئەم کتێبە هەوڵێکە بۆ پیشاندانی ئەو وێنەی کورد کە لە کەلەپوری ئیسلامیدا هاتووە و وەرگێڕ لەبارەی ئەم کتێبەوە دەڵێت: “وشیاریی تاک و ڕۆشنبیریی کۆمەڵگە تەنها تۆزێک بوێری و دانپێدانانی ڕاستییەکانی دەوێت، ئەو کاتەی مێژوو دەخوێنیتەوە، لە ڕووداوێک دەکۆڵیتەوە، یان خوێندنەوەیەکی ڕەخنەییانە بۆ بابەتێک دەکەیت، پێویستە ئاگات لە بابەتییانەبوونی دەرئەنجامەکان بێت.”
دواتریش ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە “ئەوەی پێی گەیشتی هەرچەندە لەگەڵ خواست و ئارەزووەکانی تۆیشدا نەیەتەوە دەستی بەسنگەوە بۆ بگری و سەری ڕەزامەندی بۆ دابنەوێنی، نەک وەکو زۆرینەی نەتەوەکانی ڕۆژهەڵات، هێندە هزریان بە ئەفسانە و بابەتە نادیارەکان ئاخنراوە، دەیان ساڵە ئەفسانەبوونی چەندین بابەتیان بۆ پشتڕاست بووەتەوە، کەچی ساڵانە و بەتامەزرۆییەوە مۆمی یاد و بخوڕی پیرۆزییان بۆ دادەگیرسێنن، هەر لەو ڕوانگەیەوە درۆیەک ختووکەی هەستەکانیان بدات دەیانجار پێیان خۆشترە لە ڕاستییەک بەرەو وشیاری ڕێنوێنییان بکات.”
کتێبەکە سەرچاوەیەکی دەگمەن و گرنگە بۆ تێگەیشتن لە پێگەی کورد لە نێو ئەو مێژووەدا کە تا هەنووکەش ئێمە بەشێکین لێی، کە ئەویش مێژووی ڕۆژهەڵاتی ئیسلامییە.